هەواڵی مردنی یەکلەدوای یەکی خوشک و برایەک لە سلێمانی، سۆشیالمیدیا پڕدەکات و کاردانەوەی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
دلێر جەلال (47 ساڵ) لەنێو یاریگەی یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبووندا. بەشێوەیەکی کتوپڕ جەڵتە لێیدەدات و دەمرێت، ناسکەی خوشکی (50 ساڵ) بەرگەی ئەم هەواڵە “جەرگبڕە” ناگرێت، پاش نیو کاتژمێر لە مەرگی براکەی، ئەویش جەڵتە لێیدەدات و دەمرێت.
بە گوێرەی زانستی پزیشکیی ئەم حاڵەتە دەگمەن روودەدات، لەنێو یەک ملیۆن کەسدا ئەگەری مردنی یەک کەس هەیە، واتە لەنێو یەک ملیۆن کەسدا کە هەواڵی مردنی ئازیزێکیان پێدەگات، ئەگەر هەیە تەنها یەک کەسیان بەو هۆیەوە بمرێت.
توێژینەوە پزیشکییەکان دەریانخستووە، لەحاڵەتی ئاساییدا ئەوانەی کەسێکی ئازیزیان لەدەست داوە، ئەگەری توشبوونیان بە جەڵتەی دڵ دوو هێندە زیاترە، بەڵام هەندێک حاڵەتی دیکە هەن دەگمەنن، ئەوانەی هەواڵە ناخۆشەکەیان پێدەگات، فشاری زیاتریان لەسەر دروستدەبێت و کاریگەریی گەورەتریان دەکەوێتە سەر، هەندێکجار دەگاتە ئاستی مردن.
بۆ ئەوەی دۆخەکە روونتر بێت، هەواڵی مردن بەراورد دەکەین بە روودانی بومەلەرزە، توێژەرانی دەروونی دەڵێن، ئەو شۆکەی لە ئەنجامی هەواڵێکی ناخۆشەوە دروستدەبێت، تاوەکو رادەیەک نزیکە لەو شۆکەی لە ئەنجامی روودانی بومەلەرزەوە دروستدەبێت.
ئەگەر تەماشای ئەو شوێنانە بکەیت کە بومەلەرزەی کاولکەر تیایاندا روویداوە، دەبینیت رێژەی مردن تیایاندا پێنج هێندە بەرزبوەتەوە، کەواتە ئەو شۆکە دەروونییەی لە ئەنجامی بومەلەرزەکەوە دروستبووە، کاریگەریی لەسەر مرۆڤ داناوە و تاوەکو ئاستی مردن لەگەڵیاندا رۆیشتووە بۆ هەواڵی مردنیش دۆخەکە بەهەمانشێوەیە.
ئەو فشارانەی دەکەونە سەر مرۆڤ، بۆنمونە بومەلەرزە یاخود هەواڵی مردنی کەسانی ئازیز، وادەکات جەستەی مرۆڤ هۆرمۆنی ئەدرناڵین دەربدات، چونکە جەستە دەیەوێت خۆی لەو تێکچوونە بپارێزێت و خۆی رێکبخاتەوە، ئەو ماددە کیمیاییە لێدانی دڵ و پەستانی خوێن زیاد دەکات
بیلبیلەی چاو فراوان دەکات، لە کۆتاییشدا لە نێو یەک ملیۆن کەسدا یەکێکیان دەمرێت، ناسکەی برای دلێر یەکێک بووە لەو کەسانە.