زووم، ئاژانسەکان:
کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە لە 193 ئەندام پێکهاتووە، رۆژی هەینی داوای لە دادگای نێودەوڵەتی لاهای کرد روونکردنەوە بدات سەبارەت بە دەرئەنجامە یاساییەکانی “داگیرکردنی” خاکی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە.
ئیسرائیل لە شەڕێکی ساڵی 1967دا کەرتی رۆژئاوا و غەززە و قودسی رۆژهەڵاتی داگیرکرد، کە ئەو ناوچانەن فەلەستینییەکان دەیانەوێت دەوڵەتی تێدا دابمەزرێنن.
لە ساڵی 2005 ئیسرائیل لە غەززە کشایەوە
لە ساڵی 2005 ئیسرائیل لە غەززە کشایەوە، بەڵام لەگەڵ میسری دراوسێ سنورەکانی ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ دەکات.
دادگای لاهای، کە بە دادگای نێودەوڵەتیش ناسراوە، باڵاترین دادگای نەتەوەیەکگرتووەکانە، کە لەسەر ناکۆکییەکانی نێوانیان مامەڵە لەگەڵ هەدوولایەنی دۆسیەکەدا دەکات، بەڵام دەسەڵاتەکانی ئەم دادگایە سەبارەت بە دۆسیەکە سنوردارە و ناتوانێت لایەنەکان ناچار بکات بگەنە رێککەوتن.
داواکاری بۆ بۆچوونى دادگا سەبارەت بە داگیرکردنی خاکی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە لە بڕیارنامەیەکدا هات، کە لەلایەن ئەنجومەنى گشتییەوە بە 87 دەنگی بەڵێ پەسەندکرا. هەریەکە لە ئیسرائیل و ئەمریکا و 24 ئەندامی دیکە دەنگیان بە نەخێر دا و 53 ئەندامی دیکەش دەنگیان نەدا.
باڵیۆزی ئیسرائیل: هیچ دەزگایەکی نێودەوڵەتی ناتوانێت بڕیار بدات، کە گەلی جولەکە لە زێدی خۆیدا داگیرکەرە
گیلاد ئەردان، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا پێش دەنگدانەکە گوتى “هیچ دەزگایەکی نێودەوڵەتی ناتوانێت بڕیار بدات، کە گەلی جولەکە لە زێدی خۆیدا داگیرکەرە. هەر بڕیارێک لەلایەن دەزگایەکی دادوەرییەوە، کە ئەرکی خۆی لە نەتەوەیەکگرتووەکان وەربگرێت، بە تەواوی ناشەرعییە، چونکە نەتەوەیەکگرتووەکان ئیفلاسی ئەخلاقی هێناوە و بە سیاسی کراوە.”
یایر لاپید، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، کە رۆژی پێنجشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، جێگەی گرتەوە، مانگی رابردوو داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد دژایەتی ئەو هەنگاوە بکەن و وتی هێنانی ئەو بابەتە بۆ دادگا “تەنها دەبێتە یاری بە دەستی توندڕەوەکان.”
گروپی ئیسلامی حەماس لە ساڵی 2007 غەززەی گرتەدەست
گروپی ئیسلامی حەماس لە ساڵی 2007 دوای شەڕێکی ناوخۆیی کورت لەگەڵ رکابەرە میانڕەوەکانی فەلەستین غەززەی گرتەدەست. لەو کاتەوە حەماس و ئیسرائیل لە سێ شەڕدا لە غەززە روبەڕوی یەکتری بوونەتەوە.
ریاز مەنسور، نوێنەری فەلەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، کە دەنگدانەکە رۆژێک دوای سوێندخواردنی حکومەتێکی نوێی راستڕەوی توندڕەوی ئیسرائیل دێت، کە بەڵێنی فراوانکردنی خاکی جولەکەکان و پەیڕەوکردنی سیاسەتەکانی دیکە دەدات، کە لە ناوخۆ و دەرەوە رەخنەیان لێدەگیرێت.
مەنسور لە دانیشتنەکەدا رایگەیاند “متمانەمان هەیە، ئەمڕۆ بەبێ گوێدانە دەنگدانتان، ئەگەر باوەڕتان بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئاشتی هەبێت، ئەوا بۆچوونى دادگای نێودەوڵەتی لە کاتی پێشکەشکردنیدا بەرز دەنرخێنن و بەرامبەر ئەم حکومەتە ئیسرائیلییە دەوەستنەوە.”
کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە دادگای نێودەوڵەتی لاهای کرد بۆچوونێکی راوێژکاری سەبارەت بە دەرئەنجامە یاساییەکانی “داگیرکردن، نیشتەجێبوون و لکاندنی خاکی فەلەستین بە ئیسرائیل” بدات. داواشیکرد لەبارەی رێوشوێنی گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافی، سیما، پێگەی پیرۆزی قودس و پەسەندکردنی یاسا و جیاکارییەکان لەنێوان هاوڵاتیانی هەدوو نەتەوە روونکردنەوە بدات.”
بڕیارنامەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە دادگای نێودەوڵەتی دەکات، کە روونکردنەوە بدات، کە چۆن ئەو سیاسەت و جێبەجێکردنی یاسایانە “کاریگەرییان لەسەر باری یاسایی داگیرکارییەکە هەیە” و چ دەرئەنجامێکی یاسایی بۆ هەموو وڵاتان و نەتەوەیەکگرتووەکان لەم پێگەیەوە سەرهەڵدەدات.
دوایین جار دادگای نێودەوڵەتیی لاهای لە ساڵی 2004دا لەسەر ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان بۆچوونى خۆی دەربڕی، کاتێک بڕیاریدا ئەو بەربەستانەی، کە ئیسرائیل بۆ جیابوونەوەی فەلەستین دایناوە، نایاسایین.
ئیسرائیل ئەوکات بڕیارەی رەتکردەوە و دادگای تۆمەتبار کرد بەوەی پاڵنەرێکی سیاسی هەیە.
سەرۆکایەتی فەڵەستین رایگەیاند، دەنگدانى نەتەوەیەکگرتووەکان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەموو جیهان لە پاڵ گەلی فەلأەستین و مافە مێژووییەکانیدا وەستاوە، کاتی ئەوە هاتووە لێپرسینەوە لە تاوانەکانی ئيسرائيل بەرامبەر گەلەکەمان بکرێت و جیهان بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت.