زووم، ئاژانسەکان:
بەهۆی بڕیارەکانی ئەم چەند مانگەی رابردووی حکومەتەکەی تاڵیبانەوە، یەک لەسەر چواری زانکۆکانی ئەفغانستان هەڕەشەی داخستنیان لەسەرە، 25 هەزار فەرمانبەریش مەترسییان لەسەرە کارەکانیان لەدەستبدەن.
کۆمەڵەی زانکۆ تایبەتەکانی ئەفغانستان، هۆشداریی دەدات لەوەی بەهۆی بڕیارەکانی حکومەتەوە یەک لەسەر چواری زانکۆکانی ئەو وڵاتە دابخرێن.
بە گوێرەی زانیارییە رۆژنامەنووسییەکانیش، 25 هەزار فەرمانبەری زانکۆکانی ئەفغانستان مەترسییان لەسەر کارەکانیان لەدەستبدەن.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەدەن، بڕیاری قەدەغەکردنی خوێندنی زانکۆیی بۆ کچان، 35%ی خوێندکارانی زانکۆ تایبەتەکان دەگرێتەوە، هەربۆیە پێشبینی دەکرێت سەرجەم زانکۆ تایبەتەکان مایەپووچبوونی خۆیان رابگەیەنن.
لە چەند رۆژی رابردوودا، وەزارەتی خوێندنی باڵای ئەفغانستان بە بڕیارێک خوێندنی زانکۆیی لە ژنان قەدەغەکرد، ئەگەرچی کاردانەوەی نێودەوڵەتیی فراوانی لێکەوتەوە، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکەیان.
مهمه خبرتيا!! pic.twitter.com/9EwiUOkipN
— حافظ ضياءالله هاشمي (Ziaullah) (@HafizZeiya) December 20, 2022
وەزیری خوێندنی باڵای ئەفغانستان، لە وەڵامی کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا، گوتبووی، ئەگەر بۆمبی ئەتۆمیشمان بەسەردا ببارێنن، لە بڕیارەکانمان پەشیمان نابینەوە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان، رەشبینن بەرامبەر ئەم بڕیارانە و پێیانوانییە هیچ هۆکارێک هەبێت بۆ پەشیمانبوونەوەی تاڵیبان لە بڕیارەکانی.
نیدا محەمەد نەدیم، وەزیری خوێندنی باڵای ئەفغانستان، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندبوو، “پێویستە وڵاتانی بیانی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەماندا رابگرن”.
هەر پاش بڕیارەکەی حکومەت بۆ قەدەغەکردنی خوێندنی زانکۆ لە ژنان، خوێندکارانی زانکۆکانی وڵاتەکە دەستیان بە ناڕەزایی و خۆپیشاندەران کرد، بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکانیش هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک خوێندکاری کچیان دەستگیرکردووە.
لەوکاتەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە دەسەڵاتیان گرتووەتەوە دەست، چەند جارێک بڕیاری تایبەتیان بۆ زانکۆکان دەرکردووە. لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ سەر دەسەڵات، زانکۆکان ناچاربوون کچان و کوڕان جیابکەنەوە و جگەلەوەش تەنها مامۆستایانی ژن و مامۆستا پیاوە بەتەمەنەکان بۆیان هەبووە وانە بە خوێندکارانی ژن بڵێنەوە.
لە مانگی ئازاری رابردووشدا، حکومەتەکەی تاڵیبان خوێندنی قۆناغی ئامادەیی لە کچان و ژنان قەدەغەکردبوو.