زووم، ئاژانسەکان:
میدیاکانی بەرازیل سەروەت و سامانی پێلێ بە 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنن و دەشڵێن، بە گوێرەی یاسای شارستانی وڵاتەکەیان ئەو پارەیە بەسەر هاوسەری سێیەمی پێلێ و حەوت منداڵەکەیدا دابەشدەکرێت.
پێلێ ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل، دوێنێ پێنجشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2022 لە تەمەنی 82 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، پاشئەوەی چەند مانگێک بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجەی کۆڵۆن لە ژێر چاودێریی پزیشکیدا بوو.
پزیشکەکان، دەڵێن، جەستەی پێلێ نەیتوانیوە وەڵامی چارەسەرە پزیشکییەکان بداتەوە، ئەمەش دۆخەکەی سەختتر کردبوو، هەر بەوهۆیەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
میدیای بەرازیلی لەبارەی باری خێزانیی پێلێوە چەند راپۆرتێکیان بڵاوکردووەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان ئەفسانەکەی تۆپی پێی بەرازیل پێنج کوڕی هەبووە، سیانیان لە هاوسەری یەکەمی بوون: کیلی (55 ساڵ)، ئیدینۆ (53 ساڵ) و جێنیڤەر (52 ساڵ)، دووانیشیان جمک بوون و لە هاوسەری دووەمی بوون: جۆشوا و سیلیست (24 ساڵ).
پێلێ و هاوسەری سێیەمی کە بزنسمانێکی یابانییە
پێلێ لە دەرەوەی پەیوەندیی هاوسەرگیرییش دوو کچی هەبووە، یەکێکیان کۆرتز (54 ساڵ)، کە پسپۆڕی چارەسەری سروشتییە، ئەوی دیکەشیان ماچادۆ (58 ساڵ) کە لە رێگەی دادگاوە سەلماندی کچی پێلێ بووە.
ساندرا ماچادۆ ساڵی 1991 ئەوکاتەی تەمەنی 25 ساڵ بوو، لە دادگایەکی شاری ساوپاولۆ سکاڵای تۆمارکرد و دواتر پاش پێنج ساڵ پێلێ وەکو کچی خۆی دانی پێدانا، بەڵام تاوەکو کۆتایی ژیانیشی هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نەبوو.
پێلێ بە درێژایی 20 ساڵ لە تەمەنی یاریکردنی، بووە یەکێک لە دەوڵەمەندترین یاریزانان لەسەر ئاستی جیهان.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی رۆژنامە بەرازیلییەکان بڵاویانکردووەتەوە، پێلێ نزیکەی 100 ملیۆن دۆلاری لە دوای خۆی جێهێشتووە، کە حەوت منداڵەکەی سوودمەند دەبن لێی لەگەڵ هاوسەری سێیەمی، کە هیچ منداڵێکی لێی نەبووە.
هاوسەری سێیەمی پێلێ بزنسمانێکی یابانی بووە بە ناوی مارشیا ئۆکی، کە شەش ساڵ لەمەوبەر هاوسەرگیرییان کردووە.
بەگوێرەی یەکێک لە مادەکانی یاسای شارستانی بەرازیل، سەروەت و سامانی پێلێ بەسەر ئەم سیانەدا دابەشدەکرێت: هاوسەری ئێستای، پاشان منداڵەکانی.
کەواتە سەروەت و سامانەکەی پێلێ دەدرێتە هەریەک لە بزنسمانە یابانییەکە و حەوت منداڵەکەی، بەوپێیەی لە دوو هاوسەرەکەی دیکەی جیابووەتەوە.
پێلێ تاکە یاریزانە لەمێژوودا سێ نازناوی مۆندیالی بەدەستهێنابێت
پێلێ یەکێکە لە دیارترین ئەستێرەکانی مێژووی تۆپی پێ، فیفا لە ساڵی 2000دا خەڵاتی باشترین یاریزانی سەدەی پێ بەخشی، پاشئەوەی تاکە یاریزان بوو لە مێژوودا سێ نازناوی مۆندیال بەدەست بهێنێت.