زووم، ئاژانسەکان:
لە 20 ساڵی رابردوودا 1668 رۆژنامەنووس لە جیهاندا کوژراون، واتە لە هەر ساڵێکدا 80 رۆژنامەنووس، ئەمە بە گوێرەی ئامارێکی رێکخراوی پەیامێنرانی بێسنوور، کە ئەمڕۆ هەینی 30ی کانوونی یەکەمی 2022 بڵاویکردووەتەوە.
🚨 1 668. C'est le nombre de journalistes tués ces 20 dernières années.
Meurtres, décès en zone de combats, blessures mortelles… Sur cette période, c'est 80 journalistes par an en moyenne qui ont succombé dans l’exercice de leur profession.
➡️ https://t.co/PnRHRSoj5p pic.twitter.com/Id7qdh20er
— RSF (@RSF_inter) December 30, 2022
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە، دەڵێت عێراق و سووریا مەترسیدارترین وڵاتن بۆ رۆژنامەنووسان و لە ریزی پێشەوەی وڵاتانی جیهاندان بۆ کوشتنی رۆژنامەنووسان.
بەگوێرەی ئامارەکەی پەیامنێرانی بێسنوور، لەو 20 ساڵەدا (2003-2022) لە عێراق و سووریا 578 رۆژنامەنووس کوژراون، بەمەش پێش مەکسیک (125 حاڵەت) و فیلیپین (107) کەوتوون.
پاکستان (93) و ئەفغانستان (81) و سۆماڵیش (78) لەو وڵاتانەی دیکەن، کە زۆرترین رۆژنامەنووسیان تێدا کوژراوە.
رێکخراوەکە دەڵێت، 5%ی ئەو رۆژنامەنووسانەی لەو 20 ساڵەدا کوژراون، ژن بوون.
زۆرترین رۆژنامەنووس لە ساڵانی 2012 و 2013 و بە دیاریکراویش لە سووریا کوژراون، ئەوکاتەی دۆخی وڵاتەکە لەوپەڕی خراپیدا بووە.
پەیامنێرانی بێسنوور دەڵێت، لە دوای 2013ەوە ژمارەکان کەمبوونەتەوە بەتایبەت لە دوای ساڵی 2019ەوە.
ئامارەکانی کوشتنی رۆژنامەنووسان لە ساڵی 2022دا جارێکی دیکە بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی، پاشئەوەی جەنگی رووسیا و ئۆکراین دەستیپێکرد.
لەسەر ئاستی ئەوروپا، رووسیا مەترسیدارترین وڵاتە بۆ رۆژنامەنووسان (25 حاڵەت لە 20 ساڵدا)، دوای ئەویش ئۆکراین دێت، کە تەنها لەدوای دەستپێکردنی جەنگەوە هەشت رۆژنامەنووس کوژراون.