وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم، پڕۆژەیەكی نوێی هەیە و دەیەوێت
بەبێ پشتبەستن بە موەلیدە ئەهلییەكان، کارەباى 24 کاتژمێرى بۆ هاوڵاتیان دابین بکات.
ئێستا پڕۆژەکە لەژێر تاقیکردنەوەدایە و وەک بەرپرسانى وەزارەتى کارەبا دەڵێن ئەگەر سەرکەوتوو بێت،هاوڵاتیان لە دوکەڵ و دەنگى موەلیدەى گەڕەکەکان رزگاریان دەبێت.
پڕۆژە نوێیەکە بریتییە لە پێدانى کارەبا بە سیستمى “پریپەید” کە لەناو هاوڵاتیاندا بە “کارت” ناسراوە، لە ئێستاشدا پڕۆژەكە لە هەولێر و دهۆک تاقی دەكرێتەوە.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا بە زوومی راگەیاند، ماوەی چوار مانگە کارەباى بەشێك لە دوكانەكانی بازاڕی لەنگەی هەولێر كراوە بەم سیستمە نوێیە و بەگوێرەى ئەو داتایانەی دەستیان كەوتووە، پرۆسەكە سەركەوتوو بووە.
وتیشى، تائێستا بڕیار نەدراوە سیستمی پریپەید، بۆ هەموو هەرێمی كوردستان دابنرێت، بەڵام لیژنەیەكی تایبەتمەند كار لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەكات، دوای ئەوەی ئەنجامی داتاكان وەرگیران ئەوكات بڕیارى کۆتایی لەبارەوە دەدرێت.
وتەبێژی وەزارەتی كارەبا رەتیشیكردەوە، بە دانانی سیستمی پریپەید پێوەری زیرەك لاببرێت و وتی پێوەری زیرەك لانابرێت، یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی پێوەری زیرەك ئەوەیە، كە دەتوانرێت بە سیستمی پریپەیدیش كار بكات.
جگە لە هەولێر لە بازاڕێكی دهۆكیش، دەستكراوە بە ئەزمونكردنی پێدانی كارەبای 24 كاتژمێری بە “سیستمى پریپەید”.
فەهیم عەبدوڵا، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بە زوومى رایگەیاند، ئەگەر حکومەت لە رێگای وەزارەتی کارەباوە ئەوە بکات و دەستی کۆمپانیاکانی تێدا نەبێت، خەڵک پێشوازی لێدەکەن.
سەبارەت بە سلێمانیش تائێستا ئەو ئەزموونە نوێیە تاقى نەکراوەتەوە، سیروان محەمەد، وتەبێژی كارەبای سلێمانی بە زوومى وت، ئامادەكارییان کردووە و و دوو فیدەریان دیاری كردووە، بۆ ئەوەی بە سیستمى پریپەید كارەبا بە هاوبەشەكانیان بدەن.
سیستمى پریپەید بۆ پێدانى کارەبا لە زۆرینەى وڵاتان پەیڕەو دەکرێت، تەنانەت لە هەندێک لە سیتییەکانى هەرێمى کوردستانیش ئەمشێوازە خراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بەشداربوو خۆى وەحدەى کارەبا دەکڕێت کە بە “کارت” ناودەبرێت، بەگوێرەى سیستمەکە ئەگەر هاوڵاتى کارەباى زۆر بەکاربهێنێت
ئەوا وەحدەکەى زووتر تەواو دەبێت، بەڵام تائێستا دیارنییە لەگەڵ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیەدا، هاوڵاتى یەک وەحدە بە چەند دینار دەکڕێت و
دابینكردنی وەحەدە ئەركی حكومەت دەبێت، یاخود دەدرێت بە كەرتی تایبەت..