دواى 11 ساڵ لە دژایەتى، تورکیا و سوریا لەسەر مێزى روسیا کۆبوونەوە. لەبارەى کۆبوونەوەکە تورکیا شتێک دەڵێت و روسیا شتێکى دیکە، بەرپرسانى رۆژئاڤاى کوردستانیش بە هەوڵێک دژى کوردى ناوى دەبەن.
ئێوارەى دوێنێ، لە کەشێکى ساردى مۆسکۆدا، کۆبوونەوەیەکى گەرم بەڕێوەچوو، بەشداربووانى کۆبوونەوەکە ئەمانە بوون؛ لایەنى تورکی، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری و هاکان فیدان، سەرۆکی میت، لایەنى سوری، عەلى مەحمود، وەزیرى بەرگرى و بەرێوەبەری گشتی هەواڵگری، لایەنى روسی، سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگری روسیا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان داواى کۆبوونەوەى لەگەڵ ئەسەد کردووە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا، کە پێشتر لە رووی سەربازی، هەواڵگری و دیپلۆماسیەوە، هەوڵی دورخستنەوەى بەشار ئەسەد، سەرۆکى سوریاى دەدا، بەڵام ئێستا بۆچوونى گۆڕاوە، بەر لە چەند هەفتەیەک خۆى بە فەرمى داواى کۆبوونەوەى لەگەڵ ئەسەد کرد.
هەر سێ وڵات قسەى جیاواز لەبارەى ناوەرۆکى کۆبوونەوەکە دەکەن.
وەزیرى بەرگرى تورکیا، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەى گوتى، گفتوگۆمان لەسەر بێکاریگەرکردنی پەکەکە و یەپەگە لە باکوری سوریا کردووە، دەیانەوێت سنورەکان لەدەستی حکومەتی سوریا و حکومەتی تورکیادا بێت.
بەڵام لایەنى روسیا، کە وەک لایەنى سەرەکى کۆبوونەوەکە دادەنرێت قسەیەکى دیکەى لەبارەى کۆبوونەوەکە کرد.
لە کۆبونەوەکەدا سێ تەوەر باسکراوە
بەگوێرەى راگەیەندراوى وەزارەتی بەرگری روسیا، گفتوگۆ لەبارەى سێ تەوەر کراوە؛ تەوەرى یەکەم گەڕانەوەى ئاوارە سورییەکان، تەوەرى دووەم، دۆزینەوەى چارەسەرێک بۆ پرسی سوریا، تەوەرى سێیەم بەرەنگاربوونەوەى گروپە توندڕەوەکان، بەبێ ئەوەى ناوى هیچ لایەنێک بهێنێت.
هاوکات وەزارەتی بەرگری سوریا راگەیەندراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکەیان ئەرێنى بووە، بەبێ ئەوەى هیچى دیکە لەبارەى کۆبوونەوەکە باس بکات.
رۆژئاڤاى کوردستان، کە وەک خاڵى سەرەکى کۆبوونەوەکە دەبینرێت، بەرپرسانى نیگەرانن لە کۆبوونەوەکە.
بەدران چیا کورد: جێگیربوونی پێگەى ئەردۆغان و پارتەکەیەتى لە دەسەڵاتدا
بەدران چیا کورد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا
بەدران چیا کورد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، ئامانجی کۆبوونەوەکە زیاتر جێگیربوونی پێگەى ئەردۆغان و پارتەکەیەتى لە دەسەڵاتدا، بەردەوامیان لە دەسەڵات، ماناى بەردەوامبوونە لە سیاسەتی کوشتن و ماڵوێرانکردنی کورد و گەلانی ناوچەکە.
ئەو دەڵێت، ئەو کۆبوونەوەى لە مۆسکۆ کرا، لێدانە لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، لێدانە لە هەر دەستپێشخەریەک بۆ چارەسەر و سەقامگیری لە ناوچەکە.
بەدران چیا کورد دەڵێت، قۆناغی داهاتوو، قۆناغی گەشانەوە دەبێت بۆ گروپە “تیرۆریستیەکان” و سوریا دەگەڕێتەوە چوارگۆشەی یەکەم، ئەگەر تورکیا رایبکێشێتە نێو پلانەکانی خۆییەوە.
داواش لە روسیا و سوریا دەکات ناوەرۆکی ئەم کۆبوونەوە سەربازی و ئەمنیە رونبکاتەوە.