زووم:
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە رێگەی باڵیۆزی وڵاتەکەیەوە لە بەغداد نامەیەک بۆ محەمەد سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەنێرێت، بە فەرمی بانگێشتی دەکات بۆ سەردانیکردنی تورکیا و لەهەمانکاتیشدا داوادەکات کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی هاریکاریی ستراتیژیی نێوان عێراق و تورکیا دەستپێبکاتەوە.
مێژووی دامەزراندنی ئەنجومەنی هاریکاریی ستراتیژیی نێوان عێراق و تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاش رووخانی سەدام حسێن، یەکێک لە دیارترین کارەکانی ئەنجومەنەکە ئیمزاکردنی رێککەوتننامەیەکی 48 خاڵی بوو لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
رێککەوتننامە 48 خاڵییەکە لە تشرینی یەکەمی 2009 لەنێوان ئەردۆغان و نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراقدا ئیمزاکرا، لەکاتێکدا ئەردۆغان بەسەردانێک لە بەغداد بوو.
رێککەوتننامەکە لە زۆر بواری جیاوازدا بوو، لەسەروو هەموویانەوە ئابووری و وەبەرهێنان.
پاش ئیمزاکردنی رێککەوتننامەکەش، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هاوتا تورکییەکەی رایانگەیاند، سووردەبن لەسەر بەرەنگاربوونەوەی “تیرۆر” و سنووردارکردنی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان.