زووم، ئاژانسەکان:
ئەگەرچی هەندێک سەرچاوە ئاماژە بە گەڕانەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکەن بۆ یانەی ریاڵ مەدرید، بەڵام رەنگە چوار هۆکار رێگربن لەوەی ئەستێرە پورتوگالییەکە بچێتەوە باوەشی یانە کۆنەکەی.
یەک: تەمەن
لە شوباتی داهاتوو واتە دوو مانگی دیکە، تەمەنی رۆناڵدۆ دەبێتە 38 ساڵ، واتە زۆر نزیکدەبێتەوە لە تەمەنی وازهێنانی لە یاریکردن. کەواتە هەڵکشانی تەمەن یەکێک دەبێت لەو هۆکارانەی رێگر دەبن لە گەڕانەوەی رۆناڵدۆ بۆ مەدرید.
ئەگەرچی هاندەرانی مێرەنگی خەون بە گەڕانەوەی رۆناڵدۆوە دەبینن، بەڵام یاساکانی یانە ئیسپانییەکە قورسن بۆ گرێبەست لەگەڵ یاریزانانی سەروو تەمەن 30 ساڵ، پێناچێت هەروا بە ئاسانی یاریزانێک بگوازنەوە، کە تەمەنی 38 ساڵ بێت و لە کۆتاییەکانی تەمەنی یاریکردنی خۆیدا بێت.
دوو: پەیوەندییەکانی رۆناڵدۆ و پیرێز
تاوەکو ئێستاش پەیوەندییەکانی نێوان کریستیانۆ رۆناڵدۆ و فلۆرینتینۆ پیرێزی سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەخۆیەوە نەبینیوە. ئەگەر “سەرۆک پیرێز” یەکێک بووبێت لە هۆکارەکانی جێهێشتنی ریاڵ مەدرید لەلایەن رۆناڵدۆوە، ئەوا هێشتا پەیوەندیی نێوانیان ئاسایی نەبووەتەوە، کەواتە ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ سەرنەگرتنی گرێبەستەکە.
پێناچێت جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی رۆناڵدۆ و پیرێز وەکو جارانی لێ بێتەوە
پێناچێت هێشتا رۆناڵدۆ قسەکانی پیرێزی لەبیرچووبێتەوە، کاتێک پرسیاری گەڕانەوەی رۆناڵدۆیان لێکرد، ئەو بە ئاشکرا گوتی، “ئەو زۆر گەورە بووە”.
سێ: کورسیی یەدەگ
رۆناڵدۆ یەکێکە لەو ئەستێرانەی دنیای تۆپی پێ، کە دانیشتن لەسەر کورسیی یەدەگ قبوڵناکات، لە ئێستاشدا پێکهاتەی ریاڵ مەدرید شوێنێکی تایبەتی بۆ رۆناڵدۆ تێدانییە و گرەنتی ناکرێت کە پێگەی سەرەکیی پێ ببەخشرێت، بۆیە پێناچێت رۆناڵدۆ بیر لە رۆیشتن بۆ یانەیەک بکاتەوە، کە لەسەر کورسیی یەدەگ دایبنێت.
چوار: سیاسەتی ریاڵ مەدرید
لەم چەند ساڵەی دواییدا سیاسەتی بازاڕی گواستنەوەی ریاڵ مەدرید بە تەواوی گۆڕاوە، کارگێڕیی یانەکە کاری لەپێشینەیان بریتییە لە گواستنەوەی یاریزانی لاو، لەمەشدا تاوەکو رادەیەک سەرکەوتوو بوون و توانیویانە پێکهاتەیەکی گەنج بۆ یانەکە دروستبکەن.
رەنگە لە ئێستادا ریاڵ مەدرید زیاتر بیر لە گواستنەوەی ئەستێرەی گەنجی وەکو جۆد بێلینگهامی ئینگلیزی و ئینزۆ فێرناندێزی ئەرجەنتینی بکاتەوە، نەوەکو کریستیانۆ رۆناڵدۆ.