دادگاى فیدراڵى.. دادگایەک کە دەبێت مشتومڕ و تەمومژ نەھێڵێت، بەڵام 17 ساڵە خۆى بووەتە سەرچاوەى مشتومڕ.
هەندێک لایەن، شرۆڤە و بڕیارەکانى بە مایەى ئاشوب وەسفدەکەن و دەڵێن بووەتە هۆکارى ئاڵۆزیی و قوڵکردنەوەى ناکۆکییەکان، بە پێچەوانەى ئەوەشەوە، بەشێک لە یاساناسان، دادگاکە بە گرنگترین دامەزراوەى دەستووریی لە عێراقدا ناودەبەن و دەڵێن زۆرێک لە ناکۆکییە یاسایی و دەستوورییەکانى چارەسەرکردووە، دەشڵێن دادگاکە پێشتر بە رەزامەندى هەموو ئەو لایەنانە دروستکراوە، کە لە دواى روخانى رژێمى بەعسەوە بەشدارى پرۆسەى سیاسییان کردووە.
دادگاى فیدراڵى چۆن دامەزرا؟
دامەزراندنی دادگای فیدراڵی دەگەڕێتەوە بۆ 17 ساڵ لەمەوبەر، لەو سەردەمەی ئەیاد عەلاوى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بوو، لە 24ی شوباتى 2005 دا، واتە نۆ مانگ بەر لە پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی، “یاسای دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق” دەرکرا، ئەم یاسایە پشتی بەستبوو بە یاساى ئیدارەى کاتی دەوڵەت، كە لە سەردەمى پۆڵ بریمەر حاکمى مەدەنی عێراق، لەلایەن ئەنجومەنى حوکمەوە پەسەند کرابوو.
ئەو لایەنانەى کە پێیانوایە دادگاکە “نادەستوورییە”، هەمیشە لەم خاڵەوە تیرەکانیان ئاراستە دەکەن و دەڵێن ئەم دادگایە پێش پەسەندکردنى دەستوور دامەزراوە، جگەلەوەش رەخنە لەوە دەگرن کە دەبوو بەگوێرەى مادددەى 92ى دەستووری هەمیشەیی عێراق، دادگایەکى نوێی فیدراڵى لە کۆمەڵێک یاساناس و شەرعزان پێکبهێنرایە، بەڵام دواى 17 ساڵ تاوەکو ئێستا ئەو دادگایە بەپێى دەستوور پێکنەهاتووە.
ئەرکەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵى
دادگاى فیدراڵى چەند ئەرکێک بەجێدەهێنێت کە گرنگترینیان بریتین لە:
_ چاودێریکردنى دەستوور، یاسا و رێسا پەیڕەو کراوەکان
_ لێکدانەوەى دەقەکانى دەستوور
_ یەکلاکردنەوەى ئەو ناکۆکیانەى لەسەر جێبەجێکردنى یاسا و بڕیار و رێنماییەکان دروست دەبێت.
_ یەکلاییکردنەوەی ئەو ناکۆکیانەی لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمەکان و پارێزگاکان روودەدەن.
_ پەسەندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەندامانى پەرلەمانى عێراق.
هەندێک لە بڕیارە دیارەکانى دادگاى فیدراڵى لە 17 ساڵى رابردوودا
لە 2005ەوە تائێستا دادگاى فیدراڵى زیاتر لە دوو هەزار و 230 دۆسیەى یەکلاکردووەتەوە
هەندێک لە بڕیارەکانى کاردانەوەى زۆریان لێکەوتووەتەوە وەکو:
_ فراکسیۆنى زۆرینە لە پەرلەمان، ئەو فراکسیۆنەیە کە لەناو پەرلەمان دروست دەکرێت.
_ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى دوورخستنەوەى سەلیم جبورى لە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان.
_ نادەستووریی بوون و هەڵوەشاندنەوەى ریفراندۆمى هەرێمى کوردستان.
_ کارکردن بە ماددەى 140 بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەى جێبەجێ دەکرێت.
_ نادەستووریی بوونى یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان.
_ نیسابى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار، بە ئامادەبوونى دوو لەسەر سێى پەرلەمانتاران تەواو دەبێت.
_ هەڵوەشاندنەوەى کاندیدکردنى هۆشیار زێبارى بۆ پۆستى سەرۆککۆمار.
پێکهاتەى دادگاکە
دادگاى فیدراڵى لە 12 ئەندام پێکدێت، نۆیان ئەندامى رەسەنن لەگەڵ سێ ئەندامى یەدەگ، لەنێو ئەندامانى ئێستاى دادگاکە کە لە مانگى ئازارى 2021ەوە دەستبەکاربوون.
دوو لە دادوەرەکان کوردن کە هەردووکیان ئەندامى رەسەنن، یەکێکیان دادوەر “عەبدولڕەحمان سلێمان”ە و پێشتر سەرۆکى دادگاى تاوانەکانى دهۆک بووە، ئەوەى دیکەشیان دادوەر “دیار محەمەد”ە و پێشتر دادوەر بووە لە دادگاکانى هەولێر.
ئەندامانى دادگای باڵای فیدراڵی لە تەمەنى 72 ساڵی خانەنشین دەبن و
لە 80%ى لە موچەکانیان دواى خانەنشینی بۆیان خەرج دەکرێت، بەڵام ئەو ماوەیەى کە لە خزمەتى کرداریدا بن، پۆست و موچەیان وەک وەزیر بۆ هەژماردەکرێت.