شەوی رابردوو زەنگی ئاگادارکردنەوەی ئاسمانی لە سەرانسەری ئۆکرایندا لێدرا، ئەمەش دوای ئەوە هات، کە شەپۆلێکی نوێی هێرشە موشەکییەکانی روسیا چەند شارێکی گەورەی وڵاتەکەی کردە ئامانج.
ئۆلێکسی ئارێستۆڤیچ، راوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکراین لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕێ کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند زیاتر لە 100 موشەک بە “چەند شەپۆلێک” بەرەو شارەکانی ئۆکراین هەڵدراون و داوای لە هاوڵاتیانی مەدەنی کرد، کە بەدوای پەناگەدا بگەڕێن. گوتیشی سیستمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە کاردەکات.
– Больше 100 ракет в несколько волн.
Не пренебрегайте укрытиями.
ПВО работает.
———-
Не выкладываем места попаданий.
Не выкладываем места пусков ПВО.
Если Вы это делаете – Вы корректируете огонь противника.
— Arestovych (@arestovych) December 29, 2022
هەر لە هەمان شەودا لانیکەم دوو تەقینەوەی بەهێز لە کیێڤی پایتەخت بیستراوە، بەڵام روون نەبووەتەوە ئایا ئەمانە بەهۆی هێرشی موشەکییەوە بوون یان دەنگی سیستمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە بووە.
جگە لە پایتەخت، دەنگی تەقینەوە لە شارەکانی خارکیڤ، ئۆدێسا و ژیتۆمیر بیستراوە.
دەنگی تەقینەوە لە شارەکانی خارکیڤ، ئۆدێسا و ژیتۆمیر بیستراوە
ماکسیم مارچێنکۆ، بەرپرسی ناوچەی ئۆدێسا باسی لەوەکردووە، کە شەوی رابردوو هێرشی موشەکی بەرفراوان بۆ سەر ئۆکراین ئەنجامدراون.
دەیان هێرشی روسیا لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ئۆکراینیان کردە ئامانج. ئەمەش بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا لە سەرانسەری وڵاتدا. پێشتر بەهۆی هێرشەکانەوە کارەبا لە شارەکانی ئۆدێسا و دنیپرۆپێترۆڤسک پچڕاوە.
کۆمپانیای دابینکەری کارەباى وڵاتەکە رایگەیاند، پچڕانی کارەبا بەهۆی مەترسی هێرشی موشەکییەوە بووە، لە هەندێک شوێن “خۆمان کارەباکەمان کوژاندووەتەوە بۆئەوەی زیانی زۆرمان پێ نەگات، ئەگەر دوژمن بیەوێت دامەزراوەکانی وزەی کارەبا بپێکێت”.
ئۆلێکساندر ڤیلکوڵ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازی لە ناوەڕاستی شاری کریڤی ری، رایگەیاندووە، موشەکەکان لە “کەشتی و فڕۆکەکانی دەریای رەش”ی روسیاوە هەڵدراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەک “خۆپارێزی” کارەبا لە شارەکەدا کوژێنراوەتەوە.
پێشتر فەرماندەیی باشوری ئۆکراین هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە، کە هێزی روسیا ئامادەکاری دەکات لە پێگەکانی دەریای رەشەوە 20 موشەک ئاراستەی شارەکانی ئۆکراین بکات.
مۆسکۆ رەتیکردووەتەوە لە هێرشە موشەکییەکانیدا خەڵکی مەدەنی کردبێتە ئامانج
مۆسکۆ چەندینجار رەتیکردووەتەوە لە هێرشە موشەکییەکانیدا خەڵکی مەدەنی کردبێتە ئامانج، بەڵام ڤلادیمێر پوتین، لەم دواییانەدا دانی بەوەدانا، کە سەربازانی روسیا لە دامەزراوە گرنگەکانی وزەی ئۆکراین دەدەن.
دانپێدانانەکە دوای ئەو تۆمەتانەی هەندێک لە سەرکردە نێودەوڵەتییەکان هات، لەنێویاندا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کە رایگەیاندبوو بە ئامانجگرتنی دامەزراوە وزەییەکان بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێن.