سەدەیەکە لە شەڕ و ناکۆکیدان، شەوێک لە ناکاو دێین، ئەرۆدغان بەم گوزارشتە هێرشی بۆسەر یۆنان دەستپێکردەوە.
تورکیا و یۆنان لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانییەوە ناکۆکن، بەڵام لە بەهاری ئەمساڵەوە ناکۆکییەکانیان زیاتربووە.
هاوینی 2020 ناکۆکییەکانی هەردوو وڵات گەیشتەوە لوتکە خەریکبوو شەڕ دەستپێبکات، ئەوەش بەهۆی پێشێلکردنی ئاسمان و دەریای یەکدی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
دواتر و لە سەرەتای ساڵی 2021 لە ئەنجامی دەستپێشخەرییەکانی ئەڵمانیا و ناتۆ هەردولا نەرمیان نواند و ئاڵۆزییەکانیان هێورکردەوە.
لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان سەردانی تورکیای ئیستەنبوڵی کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیادا کۆبووەوە.
هەردولا بڕیاریاندا پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان بەردەوام بێت، بەڵام زۆری نەخایاند و ریسەکە بووەوە بە خوری.
میتسۆتاکیس داوای لە کۆنگرێسی ئەمریکا کرد ئەو 40 فڕۆکە جەنگییەی تورکیا دەیەوێت لە ئەمریکای بکڕێت، پێی نەفرۆشن.
ئەردۆغان بەو هەنگاوە توڕەبوو، گوتی “چیتر لای من کەسێک بەناوی میتسۆتاکیس بوونی نییە”.
گرژیەکان لە دەریای ئیجە و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا رەنگیان دایەوە.
تورکیا، یۆنانی تۆمەتبارکرد بە پڕچەککردنی ئەو دورگانەی دەبوو بەگوێرەی رێککەوتنی لۆزان و پاریس بێ چەک بکرێن.
تورکیا ئەو هەنگاوەی بە هەڕەشەیەکی مەترسیدار ناوبرد.
یۆنانیش تورکیای بە پێشێلکردنی ئاسامانی وڵاتەکەی تۆمەتبارکرد و رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سەدان جار بەسەر دورگەکانی یۆناندا فڕیون.
قەیرانە نوێیەکە لەسەر چییە؟
تورکیا، یۆنان تۆمەتبار دەکات کەبە فڕۆکەى F16 هەراسانیکردووە لە رۆژانی 22، 23 و 24ی مانگی رابردوو، لە رێگەی بەکارهێنانی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس 300 کە لە دۆرگەی کریت جێگیرکراون.
یۆنانیش ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت فڕۆکەکانی تورکیا بەبێ ئاگادارکردنەوە ئاسمانی وڵاتەکەیانی پێشێلکردووە.
وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگیەکانیان لە چوارچێوەی ئەرکێکی هاوبەشی هێزەکانی ناتۆدا بەسەر ئاسمانی ئیجەدا سوڕاونەتەوە و ئەمریکا و ناتۆ ئاگادار بوون.
وەزارەتی بەرگری یونانیش داوای ئەو بەڵگە فەرمیە دەکات، کە سەلمێنەری ئاگاداربوونی ناتۆ و ئەمریکایە.
ئەردۆغان و وەزیری بەرگریش بە جیا و بە فڕۆکەی F16 بەسەر ئیجەدا سوڕانەوە.
ئەردۆغان گوتی، یونان سنوری خۆی دەبەزێنێت، ئەگەر بەردەوام بێت لەناکاو هەڵدەکوتینە سەریان.
ناکۆکییەکی کۆن زیندوو دەکرێتەوە، ناکۆکیەکانی یونان و تورکەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆری عوسمانی کە ئەو کاتە یونان لەژێر دەسەڵاتی تورکەکاندا بوو.
یونان ساڵی 1832 سەربەخۆیی بەدەستهێنا، بەڵام هیچ کاتێک ململانێی هەردولا کۆتایی نەهات.
ئەو دوو وڵاتە چوار جار لە ساڵەکانی 1897، 1912، 1914 و 1919 جەنگیان بەرپا کردووە.
سەرئەنجام پەیوەندییەکانیان لە ساڵی 1952 بە نێوەندگیری وڵاتانی ئەوروپا بەرەو باشتر چوو، بەتایبەتی لەو ساڵەدا کە هەردوو وڵات وەک ئەندامی ناتۆ قبوڵکران.
دواتر ململانێی تورک و یونانەکان لەسەر دورگەی قوبرس و دەرکردنی یۆنانەکان لە تورکیا لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا پەرەی سەند. لە 1974دا بە سەرۆکایەتی بولەنت ئەجەڤیت تورکیا بەشێک لە قوبرسی کۆنترۆڵکرد.
دواتر بە چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکان رێککەوتنێک واژۆکرا و دورگەکانی ئیجە لەنێوان هەردولادا دابەشکران.