زووم، ئاژانسەکان:
داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، دەڵێن، بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی ئێرانەوە تاوەکو ئێستا 100 کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران: پێنج ژن لە نێو ئەو دەستگیرکراوانەدان
بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، کە بارەگاکەی لە نەرویجە، پێنج ژن لە نێو ئەو دەستگیرکراوانەدان، کە مەترسییان لەسەرە لەسێدارە بدرێن.
رێکخراوەکە هۆشداریی داوە لەوەی پێدەچێت ژمارەی راستەقینەی ئەو خۆپیشاندەرانەی روبەڕوی لەسێدارەدان بوونەتەوە زۆر زیاتر بێت، چونکە خێزانەکانیان فشاریان لەسەرە بۆ ئەوەی بێدەنگ بن.
دادگاکانی شۆرش” دوو گەنجیان بەناوەکانی موحسین شکاری و مەجید رەزا رەهنوەرد لەسێدارە دا
سەرەتای ئەم مانگە “دادگاکانی شۆرش” دوو گەنجیان بەناوەکانی موحسین شکاری و مەجید رەزا رەهنوەرد بەبەرچاوی خەڵکەوە لەسێدارە دا، کە هەردووکیان تەمەنیان ٢٣ ساڵ بوو.
خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، کە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە 16ی ئەیلولەوە دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا بەردەوامە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، نزیکەی 460 کەس کوژراون.
دەسەڵاتدارانی ئێران خۆپیشاندەران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەستی دەرەوەکییان لە پشتەو و دەیانەوێت ئاسایشی وڵات تێکبدەن.
رێگە بە دەستگیرکراوان نادرێت پارێزەر بگرن
بە گوێرەی راپۆرتەکەی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، ئەو خۆپیشاندەرانەی سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، رێگەیان پێنادرێت پارێزەر بگرن. ئەو سزداراوانەش، کە توانیویانە پەیوەندیی بکەن و دۆخی خۆیان بۆ زیندانیکراوەکانی دیکە و چالاکانی مافی مرۆڤ باسبکەن، توشی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە.
رێکخراوەکە دەڵێت، لەنێو ئەو کەسانەی کە مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە، محەمەد قوبادلوی تەمەن ٢٢ ساڵ هەیە، کە رۆژی شەممە لەلایەن دادگای باڵاوە سزای لەسێدارەدانی بەسەرداسەپێنراوە.
دایکی قوبادلو، گوتوویەتی، کوڕەکەی نەخۆشیی دەروونی هەیە
دایکی قوبادلو، گوتوویەتی، کوڕەکەی نەخۆشیی دەروونی هەیە، سەرباری ئەوەش لەیەکەم دانیشتنی دادگاییەکەیدا بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییش، نیگەرانیی خۆی نیشانداوە لەوەی گەنجەکە تووشی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ بووەتەوە، ئەمەش بە گوێرەی راپۆرتی پزیشکی دادوەری کە شوێنی لێدان بە “قۆڵ و ئەژنۆ و شانیەوە بووە”.
مۆژگان کاووسی مامۆستای زمانی کوردی و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ تۆمەتی “بەدڕەوشتی” دراوەتە پاڵ
لە نێو ئەو پێنج ژنەی کە روبەڕوی لەسێدارەدان بونەتەوە، مۆژگان کاووسی مامۆستای زمانی کوردی و داکۆکیکاری مافی مرۆڤی تێدایە، کە بە گوتەی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران تۆمەتی “بەدڕەوشتی” دراوەتە پاڵ.
مەحمود ئەمیری موقەدام، بەڕێوەبەری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، دەسەڵاتدارانی ئێران دەیانەوێت لە رێگەی دەرکردنی سزای لە سێدارەدان وا لە خۆپیشاندەرەکان بکەن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بهێنن.
بەڕێوەبەری رێکخراوەکە دەڵێت، جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان کاریگەریی هەبووە لەسەر خەڵک، بەڵام بەگشتی توڕەیی هاوڵاتیانی بەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئێران زیاترکردووە.