زووم، ئاژانسەکان:
دیمیتری مێدڤیدێڤ، جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیی روسیا، چارەنووسێکى تاریک بۆ ئەمریکا و ئەوروپا لە 2023دا پێشبینىدەکات و دەشڵێت یەکێتىی ئەوروپا هەرەس دەهێنێت و جەنگى ناوخۆ لە ئەمریکا هەڵدەگیرسێت، دواتر ئیلۆن مەسک دەبێتە سەرۆکى ئەمریکا.
پەیوەندییەکی توندوتۆڵ مێدڤیدێڤ و پوتین بەیەکەوە دەبەستێتەوە
مێدڤیدێڤ، کە پێشتر سەرۆک و سەرۆکوەزیرانى روسیا بووە، یەکێکە لە کەسە هەر نزیکەکان لە ڤلادیمێر پوتینەوە، لە پێشبینییەکانیدا زیاتر داهاتوویەکى خراپ بۆ ئەو وڵاتانە پێشبینى دەکات کە ئێستا لە ناکۆکیى و ململانێى قوڵدان لەگەڵ روسیادا.
مێدڤیدێڤ 10 پێشبینی کردووە بۆ ساڵی 2023
https://twitter.com/MedvedevRussiaE/status/1607487338401206273?s=20&t=4t6O5kk30QvtNd7V6NPy9A
مێدڤیدێڤ لە هەژمارى خۆی لە تویتەر 10 پێشبینی کردووە کە لە ساڵی 2023دا بێنەدی:
یەکەم: نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە بۆ 150 دۆلار و نرخی غازیش دەبێتە پێنج هەزار دۆلار بۆ هەر هەزار مەتر دووجایەک.
دووەم: بەریتانیا دەچێتەوە نێو یەکێتیی ئەوروپا.
سێیەم: پاش گەڕانەوەى بەریتانیا، یەکێتیی ئەوروپا هەرەس دێنێت، چیتر یۆرۆ وەکو دراوی فەرمی یەکێتیی ئەوروپا بەکارنەیەت.
چوارەم: پۆڵەندا و هەنگاریا ناوچەکانی رۆژئاوای ئۆکراینی “پێشوو” داگیردەکەن.
پێنجەم: چوارەم ئیمپراتۆریەت لە ئەڵمانیا دادەمەزرێت کە خاکی ئێستاى ئەڵمانیا و وڵاتانی: پۆڵەندا، دەوڵەتانی باڵتیک، چیک، سلۆڤاکیا، کۆماری کیێڤ دەگرێتەوە.
شەشەم: پاشئەوەى ئیمپراتۆریەتى چوارەمى ئەڵمانیا دادەمەزرێت، لەگەڵ فەرەنسا دەکەوێتە جەنگەوە و ئەوروپا دابەشدەبێت، پۆڵەندا لە پرۆسەکەدا دابەشدەکرێت.
حەوتەم: ئایرلەندای باکوور لە بەریتانیا جیادەبێتەوە و دەلکێت بە کۆماری ئایرلەنداوە.
هەشتەم: جەنگى ناوخۆیی لە ئەمریکا روودەدات و کالیفۆرنیا و تەکساس دەبن بە دوو ویلایەتی سەربەخۆ، تەکساس و مەکسیک بەیەکەوە وڵاتێک دروستدەکەن، هەروەها ئیلۆن مەسک لە پاش کۆتاییهاتنی جەنگى ناوخۆیی، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە زۆرینەی ویلایەتەکان دەباتەوە و دەبێتە سەرۆکى ئەمریکا.
نۆیەم: زۆربەی چالاکییە داراییە گەورەکانی جیهان ئەمریکا و ئەوروپا جێدەهێڵن و بەرەو ئاسیا دەڕۆن.
دەیەم: یۆرۆ و دۆلار وەکو دراوی یەدەگی جیهانیی مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت، لەبری ئەوە دراوە دیجیتاڵییەکان (کە لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە دەردەچن) بەشێوەیەکی چالاک بەکاردەهێنرێن.
کاردانەوەى ئیلۆن مەسک
ئیلۆن مەسک پاش کەمتر لە نیو کاتژمێر ریپلاى تویتەکەى مێدڤیدێڤى کردووە
ئیلۆن مەسک، ملیاردێرى ئەمریکیى و خاوەنى کۆمپانیاى تویتەر، پاش کەمتر لە نیو کاتژمێر ریپلاى تویتەکەى مێدڤیدێڤى کردووە کە پێشبینى دەکات ئیلۆن مەسک ببێتە سەرۆکى ئەمریکا، مەسک لە ریپلایەکەیدا ئیمۆجییەکى سەر سوڕمانى داناوە، دواتریش بە تویتێکى تایبەت وەڵامى مێدڤیدێڤى داوەتەوە و بە زمانێکى توند نوسیویەتى: بە دڵنیاییەوە ئەمانە بێماناترین پێشبینین کە تائێستا بیستوومن.
پێشتر مێدڤیدێڤ ستایشی ئیلۆن مەسکی کردووە کاتێک پێشنیازی کردبوو ئۆکراین لە رێککەوتنێکی ئاشتییدا خاکی وڵاتەکەی رادەستی روسیا بکات.
مێدڤیدێڤ کەسایەتییەکی متمانەپێکراوی پوتینە
مێدڤیدێڤ کەسێکى کاریگەرى روسیایە و یەکێکە لە متمانەپێکراوترین کەسەکان لەلاى ڤلادیمێر پوتین، ساڵى 2008 کاتێک دەستوور رێگربوو لەوەى پوتین بۆ سێیەمجار خۆى بۆ سەرۆکى روسیا کاندید بکاتەوە، مێدڤیدێڤ دڵخوازترین کاندید بوو لەلاى پوتین بۆئەوەى بۆ ماوەیەکى کاتى شوێنەکەى بگرێتەوە، لە ساڵى 2012 و پاش چوار ساڵ لە سەرۆکایەتى روسیا، پۆستەکەى بۆ پوتین چۆڵکردەوە.
ئێستا مێدڤیدێڤ جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیی روسیایە کە پوتین سەرۆکى ئەنجومەنەکەیە و هاوشێوەى حکومەتێکى بچوککراوەیە، سەرجەم بڕیارە چارەنووسسازەکان لەم ئەنجومەنەدا دەدرێن.
مێدڤیدێڤ هێندە کەسێکى نزیکە لە ڤلادیمێر پوتینەوە، دوو رۆژ پێش ئێستا پوتین پۆستێکى نوێى پێسپارد کە ئەویش جێگرى یەکەمى سەرۆکى لیژنەى پیشەسازیی سەربازییە، کە سەرۆکى لیژنەکە پوتین خۆیەتى.