رێکخراوى هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ، وێنە و ناسنامەى 201 ژنى کوردى بڵاوکردەوە، کە لە خۆپیشاندانەکانى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستاندا دەستگیرکراون.
هەنگاو ئەمڕۆ، چوارشەممە ئامارەکەى بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لە 100 رۆژى خۆپیشاندانەکاندا 500 ژن لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ورمیە و شارەکانی دیکەی ئێران لەلایەن دەزگاکانى حکومەتەوە “رفێندراون” یان دەستبەسەرکراون، بەڵام هەنگاو تاوەکو ئێستا توانیویەتی ناسنامەی 201 کەس لەو ژمارەیە ئاشکرا بکات.
بەگوێرەى ئامارەکە لە پارێزگاى سنە زۆرترین ژن دەستگیرکراوە، 109 ژنە، ورمێ 28، کرماشان 25، ئیلام 21 و لە شارەکانی دیکەی ئێران 18 ژن دەستگیرکراون.
بەهۆى ئەستمى دەستڕاگەیشتن بە زانیارى فەرمى لە ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان، جیاوازى لە ئامارى رێکخراوەکاندا بەدیدەکرێت، هەفتەى رابردوو بی بی سی بڵاویکردەوە، کە تاوەکو زیاتر لە 500 کەس لە خۆپیشاندانەکانى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستاندا کوژران.
ئەمڕۆ رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، کە ناوەندەکەی لە ئەوروپایە، دوایین ئاماری خۆى لەبارەى ژمارەى خۆپیشاندەرە کوژراوەکان بڵاوکردەوە. رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا 476 کەس لە سەرانسەرى ئێران کوژراون، نزیکەی 140 کەسیان کوردن، 130 کەسیان لە نەتەوەی بەلوچن، ئەوانەی دیکەش لە تاران و شارەکانى دیکەى ئێران کوژراون.
بەگوێرەى ئامارەکە لەو ژمارەیە 34 کەسیان ژن و 64 کەسیان منداڵان.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران باسی مەترسی لەسێدارەدانی ژمارەیەک لە “چالاکانى خۆپیشاندانەکان دەکات و ناسنامەی 100 خۆپیشاندەری بڵاوکردەوە، کە بەتۆمەتی قورس “تاوانبار” دەکرێن و ئەگەرى لەسێدارەدانیان هەیە.