بەگوێرەى ئامارى کۆمەڵەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەگەری لە عێراق، لەماوەى ئەمساڵدا 380 پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان لە عێراق تۆمارکراوە، کە پێچەوانەی مادەی 38ی دەستورە.
بەگوێرەى ئامارەکە زۆربەی پێشێلکاریەکان لێدان و رێگریکردن بووە لە روماڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکان، کە 254 حاڵەت بووە، 60 حاڵەتی گرتن و راگیران بەبێ فەرمانی دادوەر، 12 هێرشی چەکداری بۆ سەر دەزگای راگەیاند و ماڵی رۆژنامەنوس، 9 سکاڵای یاسایی دژی رۆژنامەنووسان، 9 حاڵەتى برینداربوون کاتی روماڵدا، 2 هەڕەشەی کوشتن، 28 دۆسێى سنوردارکردن و رێگری لە رێگەی نوسراوی حکومی، لەگەڵ 6 حاڵەتى دیکە، کە کۆمەڵەکە پێشێلکارییەکەى دەستنیشان نەکردووە.
مادەی 38 لە دەستوری عێراقی
دەوڵەت ئەم ئازادیانە دەرەخسێنێت، بە جۆرێک کە نەبێتە هۆی تێکچوونی یاسا و ئادابی گشتی/
یەکەم : ئازادی رادەربڕین بە هەموو شێوەیەک
دووەم: ئازادی رۆژنامەگەری و چاپکردن و راگەیاندن و بڵاوکردنەوە
سێیەم: ئازادی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی هێمنانە بە یاسا
بەغدادی پایتەخت لە پلەی یەکەمدایە بۆ پێشێلکارییەکان، کە 80 حاڵەت تۆمارکراوە، هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە پلەی دووەم دێت، کە 73 حاڵەت تۆمارکراوە.
بەسرە 35 حاڵەت، کەرکوک 33، موسڵ 30، سلێمانی و کەربەلا هەر یەکێکیان 27 حاڵەت، نەجەف 17 حاڵەت، دهۆک 16 حاڵەت، بابل 15 حاڵەت، زیقار 9 حاڵەت، میسان 5 حاڵەت و دیوانیە 4 حاڵەت، دیالە و موسەنا هەریەکێکیان دوو حاڵەت، ئەنبار و سەڵاحەدین و واست هەر یەکێکیان یەک حاڵەت، دوو حاڵەتیش لەدەرەوەی عێراق لە بەیروت لەلایەن بەرپرسێکی عێراقییەوە ئەنجامدراوە.