سەرۆکوەزیرانە نوێیەکەی بەریتانیا مژدەی بۆ کۆچبەران پێ نییە، ئەو یەکێکە لەوانەی پشتگیریی لە ناردنی پەنابەران دەکات بۆ رواندا، زیاتر لەوەیش هەوڵدەدات وڵاتی دیکەی هاوشێوە بدۆزێتەوە و پەنابەری بەریتانیای بۆ بنێرێت.
تیمەکەی سەرۆکوەزیرانی نوێ، دەڵێن ترەس سوێندی خواردووە پرسی کۆچبەرانی کەناڵی ئینگلیزی بکاتە کاری لەپێشینەی خۆی، دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی سیاسەتی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا جێبەجێبکرێت، هەنگاوی دواتریشی رێککەوتنە لەگەڵ وڵاتی دیکەدا.
یەکێک لە پاساوەکانی ترەس ئەوەیە، %40ی ئەو کۆچبەرانەی دێنە بەریتانیاوە خەڵکی ئەلبانیان کە وڵاتێکی ئارامە و جەنگی تێدانییە.
ترەس لەم دۆسیەیەدا بە تەنها نییە، سوێلا براڤەرمان کە بە ئەگەرێکی زۆر دەبێتە وەزیری ناوخۆ، یەکێکە لەوانەی پشتگیریی هەمان سیاسەت دەکات دژ بە پەنابەران.
ئەوکاتەی ناردنی یەکەم کاروانی پەنابەران بۆ رواندا هەڵوەشایەوە، هۆکارەکەی پارێزەرە چەپەکان بوون، کە لە دادگا توانییان دۆسیەکە لەبەرژەوەندیی خۆیان کۆتایی پێبهێنن، بەڵام ئەمجارەیان ترەس دەیەوێت لە رێگەی عەقڵی یاسایی براڤەرمانەوە، دۆسیەکە لەدادگا لەبەرژەوەندیی خۆی یەکلابکاتەوە، بەوپێیەی ئەزمونی دەوڵەمەندی لە پارێزەرایەتیدا هەیە.