بەهۆی زۆری بەفربارین لە ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا، لانیکەم 28 گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرینەیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکاندا بوون، کۆى گشتى گیانلەدەستدان لەسەرانسەرى وڵاتەکە گەیشتووەتە 56 کەس.
بەرپرسێکی ویلایەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، هەندێک کەس زیاتر لە دوو رۆژە لەنێو ئۆتۆمبێلەکاندا گیریان خواردووە لەماوەی ئەو زریانەدا کە پێدەچێت “خراپترین” زریان بێت لە ژیانیاندا بینیبێتیان.
شەپۆلی سەرماکە بە یەکێک لە ساردترین زریانەکانی جەژنی کریسمس لە سەدەی مۆدێرن دادەنرێت، کە بەهۆیەوە لانیکەم 56 کەس لە سەرانسەری ئەمریکادا گیانیان لەدەستداوە.
شەپۆلی سەرماکە، کە بە زریانی ئیلیۆت ناسراوە پلەکانی گەرمای لە چەندین ویلایەت بۆ ژێر سفر پلەی سلیزی دابەزاند و پلانی گەشتەکانی جەژنی کریسمسی هەڵوەشاندەوە.
شەپۆلی سەرماکە، بە زریانی ئیلیۆت ناسراوە
دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای نیویۆرک تەنها لە ناوچەی بەفالۆ 27 حاڵەتی گیانلەدەستدانیان راگەیاند، کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە لە کۆی سەرجەم ویلایەتەکانی ئەمریکا.
زۆرینەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان هۆکارەکەى مانەوەى خەڵکە لەنێو تۆتۆمبێلەکانیاندا، کە بۆماوەی دوو رۆژ گیریان خواردووە و گیانیان لەدەستداوە.
زۆرینەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان هۆکەی مانەوەى خەڵکە لەنێو تۆتۆمبێلەکانیاندا
کاتی هۆچول، حاکمى نیویۆرک، کە لە ئەسڵدا خەڵکی شاری بەفالۆیە، بەو سەرمایەی، کە بینیویەتی “سەری سورماوە” و دەڵێت، وەک ئەوەیە بچیتە ناوچەیەکی جەنگ، ئۆتۆمبێلەکان لە کەناری رێگەکان گیریان خواردووە و دیمەنەکان شۆکهێنەرن.
بەگوێرەى راپۆرتی خزمەتگوزاری بەدواداچوونی گەشتی فڕۆکەوانی، زیاتر لە 19 هەزار و 643 گەشتی هێڵی ئاسمانی لە ئەمریکادا دواکەوتوون و لانیکەم پێنج هەزار و 779 گەشت هەڵوەشاونەتەوە.
نزیکەی 20 هەزار گەشت بە درێژایی هەفتەی رابردوو هەڵوەشاونەتەوە و هەزاران گەشتیار لە جەژنی کریسمسدا لە فڕۆکەخانەکاندا گیریان خواردووە.
پلەکانی گەرما بۆ -40 پلەی سلیزی دابەزیوە
بەهۆی ئەو با بەهێزەی کە لە سوری کەنەداوە بۆ باشوری ئەمریکا هەڵیکردووە، پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچە بۆ -40 پلەی سلیزی دابەزیوە.
پارێزگار نیویۆرک راشیگەیاند، زریانەکە “وەک وێرانکەرترین زریانی سەرما ناوی دەچێتە مێژووەوە” کە تا ئێستا رووی لە ویلایەتەکە کردووە.
هاوشێوەی ئەم شەپۆلی سەرمایە لە ساڵی 1977 رویدا، بەڵام ئەوکات ژمارەیەکی کەمتر خەڵک لە ویلایەتی نیویۆرک بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا کە ئەوکات 23 کەس بوو.
هاوشێوەی ئەم شەپۆلی سەرمایە لە ساڵی 1977 رویدا
بۆ کەمکردنەوەی مەترسی زیانە گیانییەکان، حکومەتی وڵاتەکە لە هەندێ ناوچە و رێگە سەرەکییەکان قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاندووە و لە هەندێ ناوچەش بە سەدان ئۆتۆمبێل بەدیدەکرێن، کە لەنێو بەفردا گیریان خواردووە و خاوەنەکانیان جێیان هێشتوون.
بەگوتەی بەرپرسێکی شاری ئێری ویلایەتی نیویۆرک، 420 نامەی فریاگوزاری هەن، کە بەهۆی زۆری لۆدەوە وەڵامنەدراونەتەوە، پێشبینیدەکات ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزبێتەوە.
زۆرێک لە شار و شارۆچکەکان بە بەفری ئەستور داپۆشراون. لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا لە ناوچەی بەفالۆ 125 سانتیمەتر بەفر باریوە و لە شاری وۆتەرتاون لە نیویۆرک 104 سانتیمەتر بەفر باریوە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، راگەیەندراوێکى بەپەلەی پەسەندکرد، کە رێگە بە پشتیوانی فیدراڵی دەدات بۆ ویلایەتی نیویۆرک. لە تویتێکدا نوسیویەتی “دڵم لەگەڵ ئەو کەسانەدایە، کە لەم کۆتایی هەفتەیەدا ئازیزانیان لەدەستداوە.”
سەرەڕای سەرماو گیانلەدەستدان، هاوڵاتیای ئەمریکا روبەڕوی مەترسییەکی دیکە بوونەتەوە ئەویش “تاڵانی و دزییە”.
خاوەنی دوکانێکی بچوک، خێزانەکەی لە رۆژهەڵاتی بەفالۆیە و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی چەند “تاڵانچیەک” لە رۆژی کریسمسدا هەڵیانکوتاوەتە سەر فرۆشگاکەی.
سەرەڕای سەرماو گیانلەدەستدان، هاوڵاتیای ئەمریکا روبەڕوی مەترسییەکی دیکە بوونەتەوە ئەویش “تاڵانی و دزییە”
ئەو کەلوپەلە دزراوەکانی، کە ئامێری ئەلیکترۆنین، بە بەهای 50 هەزار دۆلار مەزەندە دەکات. ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە، “بەڵام پێیان گوتم زۆر سەرقاڵی رزگارکردنی بەساڵاچووەکانن” و لە ئێستادا ناتوانن بەهانەیەوە بچن.
دۆخی تەندروستی هەندێک لە ویلایەتەکان بەهەمان شێوەی کەشوهەواکە لە مەترسیدایە. بەهۆی سەرماکەوە، خەڵکی دڵیان لە لێدان دەوەستێت. لەهەندێ حاڵەتدا، کە داوای ئامبوڵانس دەکرێت، ناتوانررێت وەک پێوەیست بەهانای لێقەوماوانەوە بچن چونکە ئەمبوڵانسەکە خۆشی لەدواییدا گیردەخوات.
زانایانی بواری کەشناسی دەڵێن شەپۆلی سەرماکە لە چەند رۆژی داهاتوودا کاریگەریی کەمتر دەبێتەوە، بەڵام پێدەچێت لە ماوەی داهاتوودا بەهۆی توانەوەی بەفرەوە ئۆتۆمبێلی زیاتر دەربکەون و ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزتر ببێتەوە.