سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا، دوایین هۆشداریی دەداتە ئۆکراین بۆ جێبەجێکردنی پێشنیازەکانی مۆسکۆ، یەکێک لە پێشنیازەکان رادەستکردنى ئەو خاکەیە، کە روسیا کۆنترۆڵی کردووە.
سێرگی لاڤرۆڤ دەڵێت، ئەکەر ئۆکراین بە پێشنیازەکە قایل نەبێت، سوپاى روسیا خۆى بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدات. هۆشدارییەکە لەکاتێکدایە رۆژى یەکشەممە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، ئامادەی وڵاتەکەى بۆ دانوستان راگەیاند.
دوا هۆشداری بۆ ئۆکراین..پێشنیازەکانی مۆسکۆ جێبەجێبکەن
کیێڤ و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی پێشنیازەکەی پوتینیان بۆ دانوستان رەتکردەوە، لەکاتێکدا هێزەکانی بە موشەک لە شارۆچکەکانی ئۆکراین دەدەن و مۆسکۆش بەردەوامە لە داخوازییەکانی لە ئۆکراین بۆ داننان بە “داگیرکردنی” یەک لەسەر پێنجی خاکى وڵاتەکەی و ناساندنی وەک خاکی روسیا.
حکومەتى کیێڤ، کە هاوکارییەکانى وڵاتانى رۆژئاوا توانای سوپاکەى زیاتر کردووە، سورە لەسەر کشانەوەى روسیا لەنێو خاکەکەى و دەڵێت، تاوەکو ئەو کاتەی روسیا دەکشێتەوە شەڕ دەکەن.
ئاژانسی تاسی حکومەتی روسیا درەنگى شەوى رابردوو لە زاری لاڤرۆڤەوە بڵاویکردەوە “دوژمن” بەباشی دەزانێت پێشنیازەکانمان چین هەر لە داماڵینی سەربازی و بێ نازییکردنی ئەو خاکانەی روسیا کۆنترۆڵی کردووە تاوەکو نەهێشتنی ئەو مەترسیانەی لەوێوە بۆ سەر ئاسایشی روسیا سەرچاوە دەگرن، تەنانەت ئەو مەترسییانەش لە خاکە نوێکانمانەوە سەرچاوە دەگرن.
هۆشداریش دەداتە ئۆکراین و دەڵێت “مەسەلەکە سادەیە: بۆ خاتری خۆت جێبەجێیان بکە” بەپێچەوانەوە ئەو پرسە لەلایەن سوپای روسیا یەکلایی دەبێتەوە.
وەزیری دەرەوەی روسیا:
مەسەلەکە سادەیە بۆ خاتری خۆت جێبەجێیان بکە
سوپاى روسیا لە 24ی شوبات دەستی بە لەشکرکێشی بۆسەر ئۆکراین کرد و بە “ئۆپەراسیۆنی تایبەت” بۆ نەهێشتنی نازییەت و داماڵینی سەربازی ئۆکراین ناوی هێنا، لەبەرامبەردا کیێڤ و وڵاتانى رۆژئاوا دەڵێن لەشکرکێشییەکەی روسیا تەنیا هەنگاوێکی ئیمپریالیزمی بووە بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی خاکی ئۆکراین.
لەگەڵ چوونە نێو مانگی یازدەهەمی جەنگ، هێزەکانی روسیا لە رۆژهەڵات و باشوری ئۆکراین لە شەڕێکی “سەختدان” لەگەڵ ئۆکراین و لە هەندێک ناوچەدا لە پاشەکشەی ئاشکرادان.
رۆژی دووشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی بە سەدان کیلۆمەتر چووە نێو ئاسمانی روسیاوە. لەدوای خستنەخوارەوەی فرۆکەکە سێ سەربازی سوپای روسیا لە ئەنجامی بەرکەوتنی پاشماوەی فڕۆکەکە کوژران. بەهەمان شێوە لە 5ی ئەم مانگەدا فڕۆکەیەکی دیکەی بێفڕۆکەوان هەمان بنکەی سەربازی روسیای بە ئامانجگرت.
کێڤ دەڵێت، مۆسکۆ ئەو بنکەیە، کە فڕۆکەخانەی سەرەکی فڕۆکە بۆمبڕێژکراوەکانە، بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی ئۆکراین بەکاردەهێنێت، کە سەدان میل لە بەرەکانی جەنگەوە دوورە. هەروەها ئەو فڕۆکانەی روسیا، کە لەو بنکەیەدان توانای هەڵدانی موشەکی ئەتۆمیشیان هەیە.
وەزارەتی بەرگری روسیا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، هیچ فڕۆکەیەک زیانی بەرنەکەوتووە، بەڵام میدیاکانی روسیا و ئۆکراین رایانگەیاندووە، چەند فڕۆکەیەک تێکشکێندراون.
رۆژی دووشەممە پوتین لە شاری سانت پترسبۆرگ میوانداری سەرکردەکانی وڵاتانی دیکەی سۆڤیەتی پێشووی کرد بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی گروپی کۆمۆنوێلسی دەوڵەتانی سەربەخۆ، کە لە مێژە ئۆکراین لێی چووەتە دەرەوە.
ئەگەرچی پوتین لە لێدوانەکەیدا هیچ ئاماژەیەکی راستەوخۆی بۆ شەڕی ئۆکراین نەکرد، بەڵام رایگەیاند، هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەی ئۆراسیا روو لە زیادبوونن.
گوتیشی “بەداخەوە ئاڵنگارى و هەڕەشەکان لەم بوارەدا، بەتایبەتی لە وڵاتانی دەرەوەی گروپەکەوە، ساڵ دوای ساڵ لە زیادبووندان.”
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە گوتاری ڤیدیۆیی شەوانەی خۆیدا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، دۆخی بەرەی ناوچەی دۆنباس “سەخت و ئازاربەخشە” و پێویستی بە هەموو “هێز و تەرکیز”ی وڵاتەکەی هەیە.
گوتیشی، لە ئەنجامی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی ئۆکراین لەلایەن روسیاوە، نزیکەی نۆ ملیۆن کەس بێ کارەبا بوون. ئەو ژمارەیەش دەکاتە نزیکەی چارەکێکی دانیشتوانی ئۆکراین.
سێرگى لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا هێرشی کردە سەر واشنتن و بە بزوێنەری سەرەکی ململانێی ئۆکراین تۆمەتبارى دەکات و دەڵێت واشنت هەوڵدەدات گەورەترین دەستکەوت بەدەستبهێنێت، راستەوخۆ هەڕەشەی کوشتنی پوتین دەکات.
ئەو گوتى، ئەمریکا و ناتۆ دەیانەوێت لە بەرەکانی شەڕدا روسیا تێکبشکێنن بۆئەوەی وڵاتەکەمان لاواز بکەن و لەناویان بەرن، بیرکردنەوەى وڵاتانى رۆژئاوا هەڵگری پێکدادانی سەربازى راستەوخۆی نێوان زلهێزە ئەتۆمییەکانە.