کاتژمێر 11:00ى بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 26ی کانونی یەکەم، لە گەڕەکی دەرعیەی شاری رەققە هێرشکرایە سەر بارەگای ئاسایشی رەققە و لە ئەنجامدا چوار کارمەندى ئاسایش و دوو شەرڤانی هێزەکانى سوریاى دیموکراتى (هەسەدە) کوژران.
بەگوێرەى راگەیەندراوی هێزەکانی ئاسایشی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لەنێو بارەگەکەدا زیندانی راگیراوانی چەکدارانى داعش هەیە “ئامانجی چەکدارەکان گەیشتن بووە بەو زیندانە”.
داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لەئەستۆگرت
ویلایەتی شامی رێکخراوی داعش، بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی لەئەستۆگرت و دەڵێت، دوو چەکداری رێکخراوەکەیان هێرشیان کردووەتە سەر بارەگایەکی “پارتی کرێکارانی کوردستان” لە رۆژئاوای رەققە، “یەکێک لە جێبەجێکەرانی هێرشەکە بە سەلامەتی گەڕایەوە”.
راگەیەندراوەکەی ئاسایش پێچەوانەی گوتەکانی داعشە
فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایش لە رەققە رایانگەیاند، هێرشەکە بۆ سەر بارەگای ئاسایش بووە و ژمارەیان لە دوو کەس زیاتر بووە.
ئاسایش دەڵێت، رێگریمان کرد لەوەی خۆکوژەکان بگەنە زیندانەکە و روبەڕویان بوینەوە “تیرۆریستێک کوژرا و تیرۆریستێکی دیکە دەستگیرکرا” کە پشتێنی تەقینەوەی بەستبوو، هێرشکارەکانی دیکە هەڵهاتن بۆ ناوچەکانی دەوروبەری بارەگاکە.
لەنێو بارەگەکەدا زیندانی راگیراوانی چەکدارانى داعش هەیە
وەک ئاسایشی رەققە دەڵێت، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هەڵمەتێکی فراوانی گرتنیان دەستپێکرد، دوو “تیرۆریستی” دیکە دەستگیرکران و هەڵمەتەکە بەردەوامە.
لیژنەی ناوخۆ لە ئەنجومەنی مەدەنی رەققە، باری نائاسایی لە رەققە راگەیاند، لەگەڵ قەدەغەی هاتوچۆ لە ئەمڕۆوە تاوەکو کاتێکی نادیار.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەسەدە رایگەیاند، ئەم هێرشە “تیرۆریستیانە” هاوکاتن لەگەڵ هەرەشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
نتابع عن كثب تحركات الخلايا الإرهابية لداعش في الرقة.
استهدفت خلاياه صباح اليوم مباني أمنية وعسكرية في المدينة، ما أسفر عن استشهاد 6 مقاتلين وجرح آخرين.
تتزامن هذه التحركات الإرهابية مع التهديدات التركية المستمرة لاستهداف أمن واستقرار المنطقة. (1)— Mazloum Abdî مظلوم عبدي (@MazloumAbdi) December 26, 2022
مەزڵوم لە بڵاوکراوەیەکی دیکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت، زانیاریەکان باس لە خۆئامادەکاری مەترسیداری داعش دەکەن، پێویستە بێدەسەڵات نەمێنینەوە.
المعلومات الواردة من الرقة تفيد بتحضيرات خطيرة من قبل خلايا داعش. علينا ألا نتساهل معها. (2)
— Mazloum Abdî مظلوم عبدي (@MazloumAbdi) December 26, 2022
رەققە دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، لە کەناری رۆژهەڵاتی روباری فورات، 242 ساڵ پێش زایین دروستکراوە، چەندین قەڵا و شوێنەواری مێژوویی لەخۆدەگرێت، روبەرەکەی 1962 کیلۆمەترە.
لە ساڵی 2013 لەلایەن جەبهەی نوسرە دەستی بەسەرداگیرا، لە ساڵی 2014 رێکخراوی داعش دەستی بەسەر شارەکەدا گرت و کردی بە پایتەختی خەلافەتەکەی.
لە ساڵی 2017 شاری رەققە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئازادکرا.