ئۆکراین، دەیەوێت نەتەوەیەکگرتووەکان، روسیا لە ئەنجومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتى دوربخاتەوە. دیمیترۆ کۆلیبا، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتى، پرسیارێکی سادە دەکەین “ئایا روسیا مافی ئەندامێتی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و مافی ئەندامێتی لە نەتەوەیەکگرتووەکان ماوە؟” خۆى وەڵام دەداتەوە و دەڵێت “نەخێر ئەو مافەی نەماوە”.
روسیا مافی ئەندامێتی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایش ماوە؟
دیمیترۆ گوتیشی، ئەندامێتی هەمیشەیی روسیا لە ئەنجومەنی ئاسایش وەک ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و چین، هەمیشە لە نێوەندە دیبلۆماسیەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لە کۆنگرە و راگەیەندراوە نێودەوڵەتی و حکومیەکان باسنەکراوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، یەکێکە لە شەش دامەزراوە سەرەکییەکەی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان، لە ئۆکتۆبەری 1945 دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دامەزرا، بەهۆی سەرنەکەوتنی کۆمەڵەی گەلان لە چەسپاندنی ئاشتی جیهانی، ئەنجومەنەکە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە 17ی کانونی دووەمی 1946 لە لەندەن ئەنجامدا، بەگوێرەى بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجومەنەکە بەرپرسە لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
دورخستنەوەی روسیا لە ئەنجومەنی ئاسایش مەحاڵە
بەگوێرەى مادەی 23 لە بەندی پێنجەمی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایش لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی و 10 ئەندامی کاتی پێکهاتوون، 10 ئەندامە کاتیەکە هەر دوو ساڵ جارێک بە هەڵبژاردن دیاری دەکرێن.
ئەندامانی هەمیشەیی ئێستا بریتین لە ئەمریکا، روسیا، بەریتانیا، فەرەنسا و چین) بەگوێرەى پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان دیاری کراون، ئەندامە هەمیشەییەکان مافی ڤیتۆیان هەیە بەرامبەر هەر پرۆژەیاسایەکی ئەنجومەنەکە، هەرچەندە کۆدەنگی نێودەوڵەتی لەسەر پرۆژەیاساکە هەیە.
پێنج ئەندامە سەرەکیەکە پێنج هێزی براوەی جەنگی جیهانی دووەم بوون، پێشتر یەکێتی سۆڤیەت ئەندام بوو، دوای هەڵوەشاندنەوەى یەکێتیەکە لە ساڵی 1991، روسیا وەک جێگرەوەی بوو بە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتى.
پێش ساڵی 1949 حکومەتی نیشتیمانی چین ئەندامی هەمیشەیی بوو، دوای جەنگی ناوخۆی چین لە 1949 دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن شیوعیەکان، کۆماری گەلی چین دامەزرا، کورسی چینی بەدەستهێنا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
پرسی ئەندامە سەرەکیەکانی ئەنجومەنی ئاسایش هەمیشە بابەتى گفتوگۆ بووە، رەخنە دەگیرێت لە لاوازی رۆڵی دەوڵەتە ئەفریقیەکان و ئەمریکای لاتین لە ئەنجومەنەکە، فەرەنسا چەندینجار داوای کردووە ئەڵمانیا، بەرازیل، هیندستان و ژاپۆن بکرێنە ئەندامی هەمیشەیی، بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ ئەوە نەنراوە.
لابردنی ئەندامە هەمیشەییەکان پێویستی بە گۆڕانکارییە لە پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان
لابردن یان گۆڕانکاری لە ئەندامە هەمیشەییەکان پێویستی بە گۆڕانکارییە لە پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان و دەستکاریکردنی مادەی 23 لە بەندی پێنجەم.
گۆڕانکاری لە پەیماننامەکە پێویستی بە دەنگی سێ یەکی ئەندامانی نەتەوەیەکگرتووەکانە، لە نێویاندا رەزامەندی هەر پێنج ئەندامە سەرەکیەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
گۆڕانکاری لە پەیماننامەکە، رەزامەندی هەر پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی دەوێت
کەواتە هەوڵەکەى ئۆکراین، هیچ وەڵامدانەوەیەکى هاوبەشە رۆژئاواییەکانى بەخۆیەوە نابینێت و روسیا بە ئەندامى هەمیشەیی ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى دەمێنێتەوە و ئۆکراینیش دواى “کڵاوى با بردوو” دەکەوێت.