سوپای پاسداران رایگەیاند، حەوت کەسیان دەستگیرکردووە کە سەر بە دەزگای هەواڵگری بەریتانیان و وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاش دەستگیرکردنی ئەو حەوت کەسەی پشتڕاست کردەوە.
حەوت کەسی سەر بە دەزگای هەواڵگری بەریتانیامان دەستگیرکردووە
پەیوەندیە گشتیەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە لە پارێزگای کرمان، حەوت ئەندام و سەرۆکی گروپێکیان بە ناوی ‘گروپی زاگرۆس’ دەستگیر کردووە کە دەستیان لە ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییەی ئێراندا هەبووە.
سوپای پاسداران ئەوەی خستەڕوو، گروپەکە سەر بە دەزگای هەواڵگری بەریتانیان و لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، چەندین سیناریۆ و پلانیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی گورز لە دەوڵەتی ئێران بوەشێنن.
دەستگیرکراوەکان لە ژێر ناوی “گروپی زاگرۆس” کاریان کردووە
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا زانیاریەکانی سوپای پاسدارانی پشتڕاست کردەوە.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، لە نێوان ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون، ژمارەیەکیان رەگەزنامەی بەریتانیایان هەیە و لە کاتێکدا کە ویستوویانە لە ئێران بچنە دەرەوە دەستگیرکراون.
دەستگیرکراون، ژمارەیەکیان رەگەزنامەی بەریتانیایان هەیە
لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی 16ی ئەیلولەوە کە بە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستیان پێکرد و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، چەند هاوڵاتی ئێرانی لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە دەستگیرکراون و تۆمەتی سیخوڕیکردنیان دراوە پاڵیان. دەوڵەتی ئێران، ژمارەیەک وڵاتی جیهان وەک ئیسرائیل، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و کەنەدا بە دەستوەردان لە کاروباری ئێران و هاوکاریکردنی بەشێک لە خۆپیشاندەران بۆ رووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار دەکات.