زووم، ئاژانسەکان:
دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەر چوار مامۆستای کوردی ئەو پارێزگایەدا دەسەپێنێت.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو، ناوی چوار مامۆستا کوردەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە سەرجەمیان ئەندامی لقی دیواندەرەی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانن: ئۆمێد شامحەمەدی، پەروێز ئەحسەنی، کاوە محەمەدزادە و هیوا قوڕەیشی.
سەپاندنی سزای ٢٠ ساڵ بەندکردن بەسەر چوار مامۆستای قوتابخانە لە شاری دیواندەرە
ئومێد شاەمحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشیhttps://t.co/WGS8YaikZs
— Hengaw Organization for Human Rights (@HengawO) December 26, 2022
هەنگاو، دەڵێت، هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران بە تۆمەتی ئەندامێتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، ئەو چوار مامۆستایەیان دەستگیر کردووە، دادگاش بە تۆمەتی “هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی” هەر یەکێکیانی بە پێنج ساڵ زیندانی سزاداوە.
ئەو چوار مامۆستایە، لە 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا لە دیواندەرە دەستگیرکرابوون، بە گوێرەی راپۆرتەکەی هەنگاو لە زینداندا روبەڕوی ئەشکەنجە بوونەتەوە.
خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی سەرتاسەری ئێران، دوای مەرگی ژینا ئەمینی زیاتر لە 100 رۆژە بەردەوامە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا، نزیکەی 500 کەس کوژراون، کە زۆرینەیان کورد و بەلوچن.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 30 هەزار کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون. دوو گەنج لە تاران و مەشهەد لەسێدارەدراون و مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەسەر زیاتر لە 40 خۆپیشاندەری دیکەش هەیە.