سێ رۆژە دەنگى ناڕەزایەتى کورد لە گۆڕەپانى کۆماریی لە پاریسەوە بەنێو جیهاندا دەنگ دەداتەوە. ناڕەزایەتییەکان دژى کوژرانى سێ کوردەکەن.
هەرچەندە بکوژە تەمەن 69 ساڵەکە دەستگیرکراوە و لەبەردەم پۆلیسدا گوتى “من کەسێکى رەگەزپەرستم و رقم لە بیانییە” بەڵام ئەمە هیچى لەو گومانانە کەم نەکردووە، کە روداوەکە “سیاسییە و دەستێکى لەپشتەوەیە”.
دواى دوو رۆژ لە هێرشەکە کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) هێرشەکەى بەوە وێناکرد، کە ئامانجى سەرەکى کوشتنى ئەمینە کارا بووە، کە بە (ئەڤین گۆیی) ناسراوە و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکەیە.
ئەڤین گۆیی ساڵی 1974 لە گوندی هیلالی سەر بە شارۆچکەی قیلەبانی شرناخ لەدایکبووە.
لە ساڵی 1988ەوە پەیوەندى بە پەکەکەوە کردووە و چووەتە چیای هەرەکۆلی باکوری کوردستان.
کەجەکە بە کادیرێکی “باڵا”ى رێکخستنی ژنان ناوى هێناوە.
ئەڤین گۆیی، لە شەڕى دژی داعشدا لە رۆژئاڤاى کوردستان بریندار ببوو، وەک کەجەکە دەڵێت، بۆ چارەسەر رەوانەی ئەوروپا کرابوو، هەر لەوێش مابووەوە.
کەجەکە، ئاکەپە و مەهەپە و چەند دەزگایەکى هەواڵگرى تۆمەتباردەکات و دەڵێت، لە پشتى هێرشەکەوە بوون، ئاشکرایە ئامانجی سەرەکی هێرشەکە ئەڤین گۆییە.
هونەرمەند میر پەروەر، یەکێتى دیکەیە لەوانەى لەهێرشەکەدا کوژرا، ئەو ساڵى 1993 لەناوچەى ڤارتۆى موشى باکورى کوردستان لەدایکبووە، چەندین سرودى بۆ پەکەکە گوتووە.
ساڵى 2014 دادگاى تورکیا سزاى چوار ساڵ زیندانى بەسەردا سەپاند و سزاکەى تەواوکرد، بەڵام ماوەیەکى کەم دواى ئازادکردنى دادگا سزایەکى پێنج هێندەى سزاکەى پێشووى بۆ دیاریکرد، ئەویش لە تورکیا هەڵات و چووە فەرەنسا.
عەبدولرەحمان کزڵ، کەسی سێیەمە، کە لە هێرشەکەدا کوژراوە، هەرچەندە وردەکارى لەبارەى ژیاننامەى نییە، بەڵام کەجەکە بە چالاکى سیاسی ناوى هێناوە، ئەویش لەو کەسانەیە، کە لە تورکیا هەڵاتووە و چووەتە فەرەنسا، لەوێش زۆرجار لە گردبوونەوە و کۆبوونەوەکانى کوردانى ئەوروپادا بەشداربووە.
هێرشەکەى رۆژى هەینى پاریس نزیکە لە ساڵیادى هێرشەکەى رۆژى 9ى کانوونى دووەمى ساڵى 2013ى پاریس، کە لەو هێرشەشدا ساکینە جانسز ئەندامى دەستەى دامەزرێنەرى پەکەکە و لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان، کوژران کە ئەوانیش کەسایەتى سیاسی پەکەکە بوون.
کەجەکە داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکات، بە “راستی و دروستی” لێکۆڵینەوەکان لەبارەى هێرشەکەى ئەمجارەى پاریس ئاشکرا بکات و دەڵێت، نابێت هاوشێوەی هێرشەکەی 2013 بێت، کە تاوەکو ئێستا راستیەکانی پشت هێرشەکە ئاشکرا نەکراون.