زووم:
تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان تورکیا، سوید و فینلەندا، وڵاتەکەی تائێستا سێ داواکراوی رادەستی تورکیا کردووەتەوە، بەڵام ناسنامەى ئەو کەسانەى ئاشکرانەکردووە کە رادەستکراونەتەوە.
بیلسترۆم کە پێنجشەممەى رابردوو لە ئەنقەرە بوو، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکی، گوتی: “حکومەتى سوید لە پلانیدایە هەنگاوی دیکەش دژى پارتى کرێکارانى کوردستان بگرێتەبەر”.
سوید هەڵکردنى ئاڵاى ئەو رێکخراوانەى دژى تورکیان بە تاوان دەناسێنێت
تۆبیاس بیلسترۆم ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەموارکردنە دەستوریانەی کە وڵاتەکەی لە چوارچێوەی رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەدا پەسەندی کردووە، لە سەرەتای مانگى داهاتوودا، دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەزیرى دەرەوەى سوید باسى لەوەشکرد، حکومەتەکەی له حەوتی ئازاری ساڵی داهاتوودا، پڕۆژه یاسای هەموارکردنەوەی یاسای سزادان، بۆ بەتاوان ناساندنی چالاکی رێکخراوەکانی دژی تورکیا و هەڵکردنی ئاڵای ئەو رێکخراوانە رەوانەی پەرلەمان دەکات.
راستڕەوەکانى سوید، رێککەوتنەکەیان لەگەڵ تورکیا چالاک دەکەن
لە هەڵبژاردنەکانى ئەیلولى رابردوودا، رەشەباى راستڕەوەکانى ئەوروپا گەیشتە سوید و توانییان لە بەرەى چەپەکان ببنەوە و حکومەتى تازەى سوید پێکبهێنن، بە پێچەوانەى کابینەى پێشووى چەپەکانەوە، کابینەى راستڕەوەکان، هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى رێککەوتنى سێ قۆڵى نێوان تورکیا، سوید و فینلەنداى خێراتر کردووە.
لە مانگەکانى سەرەتاى ئەمساڵدا، کاتێک پرسى بە ئەندامبوونى سوید و فینلەندا لە ناتۆ هاتەئاراوە، تورکیا بە توندى ناڕەزایی نیشاندا و رایگەیاند، ناکرێت ئەو دوو وڵاتە ببنە ئەندام لەکاتێکدا بە داڵدەدانى هەزاران کەس کە لەلایەن ئەنقەرەوە داواکراون، مەترسییان لەسەر وڵاتێکى ئەندامى رێکخراوەکە دروستکردووە کە ئەویش تورکیایە.
بۆ رەوینەوەى نیگەرانییەکانى تورکیا، لە 28ى حوزەیرانى ئەمساڵدا لە میانی کۆبوونەوەى لوتکەی ناتۆ لە مەدریدى پایتەختى ئیسپانیا، تورکیا و سوید و فینلەندا رێککەوتنێکى سێ قۆڵیان واژۆکرد.
بەگوێرەى هەندێک لە بەندەکانى رێککەوتننامەکە تورکیا بەو مەرجە رازى دەبێت سوید و فینلەندا ببنە ئەندامى ناتۆ، هەردوو وڵات ئەو داواکراوانە رادەستى تورکیا بکەنەوە کە لەلایەن ئەنقەرەوە داواکراون.