بڕیارە دانیشتنی دادگایی شەبنەم کۆۆر فینجانجی، سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا رۆژى پێنجشەممە، 29ى کانوونى یەکەم، بەڕێوەبچێت، کە بەتۆمەتی پشتگیری لە پەکەکە دەستگیرکراوە.
داواکاری کۆماری تورکیا، داوا دەکات، سزای زیاتر لە حەوت ساڵ زیندانی بەسەر فینجانجیدا بسەپێندرێت، دادگاییەکەشی لە دادگای ئەستەنبوڵ دادگایی دەکرێت.
دوای ئەوەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە تشرینی یەکەمدا، ئامارێکی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی و سەربازانی سوپای تورکیای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، 17 گەریلا بەهۆی بەکارهێنانی گازی کیمیایی خنکێنەر گیانیان لەدەستداوە و دیمەنی دوو گەریلاشی بڵاوکردەوە، کە بەهۆی کاریگەری چەکی کیماییەوە لە سەرەمەرگدابوون و دواتر گیانیان لەدەستدا. شەبنەم کۆۆر فینجانجی سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا داوای لێکۆلینەوە کرد.
فینجانجی رایگەیاند، پێویستە شاندێکی بێلایەنی نێودەوڵەتی و تورکیا سەردانی ناوچەکانی شەڕ بکەن، لەبەرئەوەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن هیچ وڵاتێکی قبوڵ ناکرێت.
دادگای ئەنقەرە بەهۆی ئەم قسانەی فینجانجیەوە، لە 26ی تشرینی یەکەمدا، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ئەو دەکرد و هەمان رۆژ دەستگیرکرا. فینجانجی نزیکەی دوو مانگ و نیوە لە زینداندایە و بەتۆمەتی هاوکاری “تیرۆر” دادگایی دەکرێت.
دوایین دانیشتنی دادگاییکردنی فینجانجی 23ی ئەم مانگە لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو، بەڵام لیژنەی دادوەران هیچ بڕیارێکیان نەدا و دانیشتنی دادگا بۆ رۆژی پێنجشەممە دواخرا.
هولیا یڵدرم، یەکێک لە پارێزەرانی فینجانجی، لەبارەی دانیشتنی دادگاوە بۆ میدیاکانی تورکیا قسەی کرد و رایگەیاند، فینجانجی بەم شێوەیە بەرگری لە خۆی کردووە، “من لە زیندانیشدا مافەکانی مرۆڤ دەپارێزم، من هیچ کاتێک لە راستیەکان هەڵنایەم، بڕیاری لێپرسینەوە لەبارەمەوە درابوو، بەڵام من هەڵنەهاتم، لە ئەڵمانیا بووم و دەمتوانی لە باشترین و بەرزترین ئاستدا لە ئەوروپا بژیم، بەڵام گەڕامەوە بۆ تورکیا و دەمەوێت خزمەت بەم وڵاتە بکەم و مافەکانی مرۆڤ بپارێزم”.
دەستگیرکردنی شەبنەم کۆرۆ فینجانجی، سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا. زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانى مافەکانی مرۆڤ رەخنەیان لە تورکیا گرتووە و داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکەن، فینجانجی ئازاد بکەن، بەڵام ئازادکردنی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری تورکیاوە رەتکراوەتەوە.