کەجەکە ئاکەپە و مەهەپە و دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) بە ئەنجامدانی هێرشە چەکداریەکەی پاریس تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) کە لە هێرشەکەدا کوژرا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکەیە.
رۆژى هەینى، هێرشێکى چەکدارى کرایەسەر کۆمەڵەی کلتوری کوردی ئەحمەد کایا، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و سێ کورد کوژران.
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) راگەیەندراوێکى لەبارەی هێرشەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) کە لە هێرشەکەدا کوژرا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکەیە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ئەڤین گۆیی، لە ساڵی 1988ەوە بەشداری لە ریزەکانیاندا کردووە، لە هەمانکاتدا کادیرێکی “گەورەی” رێکخستنی ژنان بووە، ئەو لە شەڕى دژی داعشدا لە رۆژئاڤاى کوردستان بریندار ببوو، بۆ چارەسەری رەوانەی ئەوروپا کرابوو.
ئەڤین گۆیي، عەبدولڕەحمان کزڵ و میر پەروەر کوژران
کەجەکە دەڵێت، ئاشکرایە ئامانجی سەرەکی هێرشەکە ئەڤین گۆییە، هاوشێوەی هێرشەکەی 9ی کانونی دووەمی ساڵی 2013 هێرشێکی پلانداڕێژراو بووە “دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە” لەپشتییەوەن و بە هاوکاری دەزگا هەواڵگرییەکانی دیکە ئەنجامیانداوە.
لە هێرشەکەى رۆژى هەینیدا ئەڤین گۆیي، عەبدولڕەحمان کزڵ و میر پەروەر کوژران.
کەجەکە داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکات، بە “راستی و دروستی” لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا بکات و نابێت هاوشێوەی هێرشەکەی 9ی کانونی دووەمی 2013 بێت، کە تاوەکو ئێستاش راستیەکانی پشت هێرشەکە ئاشکرا نەکراون.
لە هێرشەکەى 2013دا ساکینە جانسز و لەیلا شایلەمەز، ئەندامی رێکخراوی لاوانی کوردی ئەوروپا و فیدان دۆغان، ئەندامی پەروەردەکانی دەرەوەی کورد لە ئەوروپا کوژران.
ساکینە جانسز، لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان 2013 کوژران
لە دواى ردواکەى رۆژى هەینى هەزاران کورد لە گۆڕەپانى کۆمارى لە پاریس خۆپیشاندانیان دەستیپێکرد، دوێنێ روبەڕوبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا رویدا و پۆلیس گازى فرمێسکڕێژى بۆ بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندەران بەکارهێنا.
کەجەکە داواى خۆپیشاندانى هێمنانە دەکات
کەجەکە داوا لە کوردانی فەڕەنسا دەکات، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانیان بەشێوەیەکی هێمن و دوور لە توندوتیژی بێت، رێگە بە هەوڵی “تێکدەری” نەدەن و دەڵێت، پێویستە خۆپیشاندەران بە هەستیاری مامەڵە بکەن و لەسەر بناغەیەکی دیموکراسی چالاکیەکانیان بەڕێوەببەن.