زووم، ئاژانسەکان
جەنگی ئۆکراین لوتکەی قەیرانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ بوو، جیهان بە هەفتەیەکی درێژخایەنی گرژی و لێدوان و قسە و باس و راپۆرتی هەواڵگریدا تێپەڕی، کە بە دەستپێکردنی گەورەترین جەنگ لەسەر خاکی ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە کۆتایی هات.
ئەمە سەرەتابوو،بەڵام کێ کۆتاییەکەی دەنوسێتەوە؟
لە 21ی شوباتی رابردوودا هێزێکی سەربازی گەورەی رووسیا لە باکوور و رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراین کۆبوونەوە، دواتر هێزەکانی رووسیا لە رۆژهەڵاتەوە چوونە ناو ناوچەی “دۆنباس”ی ئۆکراین. پاشان ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا لە ٢٤ی شوباتدا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەتی لە ئۆکرانیا راگەیاند.
دوای ئەو رووداوە وێستگەکانی جەنگ یەک لە دوای یەک جیهانیان نزیککردەوە لە ” هەڕەشەکانی جەنگی ئەتۆمی” بە گووتەی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەگرتووەکان.
شوبات، رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئۆکراین دەستپێکرد
پوتین، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەتی رووسیای لە ئۆکرانیا راگەیاند
دوای چەند مانگێک لە راگرتنی هەناسەکان و چاوەڕوانی و پێشبینی جۆراوجۆر سەبارەت بە ئەگەری هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراین، وادەی یەکلاکەرەوە لە 24ی شوباتدا دیاریکرا، دواجار پوتین دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەتی رووسیای لە ئۆکرانیا راگەیاند. پوتین گوتی ، ئامانجی لە هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراین “داماڵینی چەک و داماڵینی فکری “نازی”تە.
لە سەرەتای لەشکرکێشیەکەدا، هێزەکانی رووسیا توانیان ناوچەیەکی بەرفراوان لە پارێزگای “خێرسۆن” لە باشووری ئۆکراین کۆنترۆڵ بکەن.
لە 26ی شوباتدا سوپای رووسیا دەستیکرد بە فراوانکردنی بازنەی هێرشەکانی “بە هەموو ئاراستەکان” ،لە هەمان رۆژدا، یەکێتی ئەوروپا سەپاندنی سزای بەسەر مۆسکۆدا راگەیاند.
لە 28ی شوباتدا، رووسیا و ئۆکرانیا کەوتنە دانوستان، لەو ماوەیەدا هەریەک لە دوو لایەنەکە مەرجەکانی خۆیان دانا بەڵام دانوستتانەکان نەگەیشتە سنووری ئارامگرتن کۆتایی هاتن بە جەنگەکە.
ئازار، هێزەکانی رووسیا لە پێشڕەوی بەرەو رۆژهەڵات بەردەوامن
هێزەکانی رووسیا بەردەوام بوون لە پێشرەوی، و نزیکبوونەوە لە کۆنترۆڵکردنی “خارکیڤ“
لە سەرەتای مانگی ئازاردا، هێزەکانی رووسیا بەردەوام بوون لە پێشرەوی، و نزیکبوونەوە لە کۆنترۆڵکردنی “خارکیڤ” کە یەکێکە لە شارە گەورەکانی ئۆکراین و دەکەوێتە (باکوری رۆژهەڵاتی وڵات)، لەهەمانکاتدا ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆی خستەسەر نەوت و غازی رووسیا ئەمەش درێژکراوەی سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپا بوون بۆ سەر رووسیا.
لای خۆیەوە ئۆکرانیا دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە ویستی پەیوەندی بە یەکێتی ئەورووپاوە بکات، بەڵام خەونەکانی کیێڤ بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا تێکچوو، ئەمەش دوای ئەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ داوای سەرۆکی ئۆکرانیایان رەتکردەوە بۆ چوونە ناو یەکێتیی ئەورووپا.لە کاتێکدا یەکێتی ئەوروپا داوای بەردەوامبوونی پشتگیریکردن لە ئۆکراین دەکرد.
لە کۆتایی مانگی ئازار “ناتۆ” رەزامەندی دەربڕی لەسەر پڕچەککردنی ئۆکرانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی هێرشی کیمیایی یان ئەتۆمی لەلایەن رووسیا.
نیسان، بەرەنگاربوونەوەی کارگەی پۆڵای “ئازۆڤستاڵ”
2000 هەزار سەربازی ئۆکراینی لەناو “کارگەی پۆڵا ئازۆڤستاڵ” بەرگرییان دەکرد
وێستگەیەکی گرنگی جەنگی ئۆکراین مانگی نیسان بوو، کاتێک دەسەڵاتدارانی ئۆکراین کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەی کیێڤیان راگەیاند
رۆژی هەشتی نیسان ئۆکراین رایگەیاند: هێرشێکی مووشەکی کردووەتە سەر “مۆسکڤا” کە (کەشتییەکی جەنگی رووسیایە لە دەریای رەشدا) کە بووە هۆی نوقمبوونی کەشتییەکە.
لە کاتێکدا رووسەکان بەردەوام بوون لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی “ماریۆپۆل” (باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا) بەهۆی گرنگی ناوچەکە. لە 21ی نیساندا، ڤلادیمێر پوتین کۆنترۆڵی بەشێکی شارەکەی راگەیاند، لە کاتێکدا 2000 سەربازی ئۆکراینی هێشتا لەناو “کارگەی پۆڵا ئازۆڤستاڵ” جێگیر بوون، لەگەڵ نزیکەی هەزار کەسی مەدەنی، کە تا ناوەڕاستی مانگی ئایار بەرەنگاری هێزەکانی رووسیا بوونەوە.
لە کۆتایی مانگی نیساندا، ژمارەیەک راپۆرت لە رۆئاوا بڵآوکرانەوە، بە گوێرەی راپۆرتەکە رووسیا چەکی کیمیای لە “ماریپۆڵ” بەکار هێناوە.
ئایار،سەرکەوتنێکی ستراتیژی رووسیا
رووسیا توانی “سەرکەوتنێکی ستراتیژی” بەدەستبهێنێت بە گرتنی ماریۆپۆل
لە مانگی ئایاردا، رووسیا توانی “سەرکەوتنێکی ستراتیژی” بەدەستبهێنێت بە گرتنی ماریۆپۆل، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی ئابووری شارەکە بەتایبەتی لە “پیشەسازی کانزاکان” دوای گرتنی کارگەی ئازۆڤستاڵ.
لە 28ی ئایاردا هێزەکانی لایەنگری رووسیا شاری “لیمان”یان کۆنترۆڵکرد کە ناوەندێکی گرنگی هێڵی ئاسنینە لە ناوچەی دۆنێتسک.
پاڵپشتییەکانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراین بەردەوام بوو هەر لەو مانگەدا رۆژئاوا گروپی حەوت “G7” بەڵێنی 19.8 ملیار دۆلاری بە ئۆکراین دا، کۆنگرێسی ئەمریکاش لە 19ی ئایاردا 40 ملیار دۆلاری بۆ پشتیوانی لە ئۆکرانیا پەسەند کرد.
حوزەیران، رۆژانە 200 ئۆکراینی کوژراون
سەرۆکی ئۆکراین، لەسەدا 20 خاکی ئۆکراین لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵ کراوە
لە چوارچێوەی بەردەوامی پشتیوانیەکانی بۆ ئۆکراین ئەمریکا بەڵێنیدا لە سەرەتای مانگی حوزەیران، سیستەمی مووشەکی رەوانەی ئۆکراین بکات، ڤلادمێر پوتین، هەڕەشەی لێدانی ئامانجی نوێی کرد ئەگەر بێتو ئەمریکا سیستمی مووشەکی بۆ ئۆکرانیا دابینبکات.
ئەوکات ڤلادیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین، گووتبوی لەسەدا 20 خاکی ئۆکراین لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵ کراوە ،لە کاتێکدا راپۆرتەکان لە زاری بەرپرسێکی رووسییەوە باسیان لەوە دەکرد کە رۆژانە لە نێوان 100 بۆ 200 سەربازی ئۆکرانیا لە شەڕەکاندا کوژراون.
راپۆرتەکان هاوکات بوو لەگەڵ چڕبوونەوەی تۆپبارانی هێزەکانی رووسیا بۆ سەر هەرێمی دۆنباس، و چڕبوونەوەی شەڕ لە “سیڤێرۆدۆنێتسک”، پێش ئەوەی پارێزگاری لوگانسک لە 21ی حوزەیران رایبگەیەنێت کە هێزەکانی رووسیا کۆنترۆڵی شاری “سیڤێردۆنێتسک”یان کرد.
تەمووز، هەناردەکردنی دانەوێڵە
سەرۆکی ئۆکراین: هێزەکانمان بەرێوەن بەرەو شاری خێرسۆن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە
لە سەرەتای مانگی تەمموزدا، دوای کۆنترۆڵی کردنی هەردوو شاری “سێڤێردۆنتسک و لیسیچانسک”، هێزەکانی رووسیا کۆنترۆڵی ناوچەی لوهانسکیان راگەیاند، لە کاتێکدا تەنها ناوچەی دۆنێتسک لە بەردەمیاندا مایەوە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی دەست بەسەر هەرێمی دۆنباسدا بگرن .
لە بەرامبەر پێشرەوییەکانی رووسیا، وەزیری بەرگری ئۆکراین لە 11ی تەمموزدا هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ پێکهێنانی سوپایەکی “یەک ملیۆن سەرباز”ی بە چەکی دابینکراو لەلایەن ناتۆوە راگەیاند. بۆ وەرگرتنەوەی باشووری وڵات لە دەستی هێزەکانی رووسیا.
دواتر لە 24 تەمووز سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند: هێزەکانیان بەرێوەن بەرەو شاری خێرسۆن کە لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە.
مانگی تەمووز پێشهاتێکی گرنگی بەخۆیەوە بینی لە چوارچێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ دەرئەنجامەکانی شەڕی ئاسایشی خۆراک لە سەرانسەری جیهان رێککەوتنێک لە ئەستەنبوڵ واژووکرا بۆ ڕێگەدان بە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە ڕێگەی دەریای رەشەوە.
لە لایەکی دیکەوە لە 25ی تەمموزدا کۆمپانیای گازپرۆمی رووسیا کەمکردنەوەی زیاتری دابینکردنی نۆرد ستریم 1ی بۆ یەکێتی ئەوروپا راگەیاند.
ئاب. جنۆکەی “کارەساتێکی ئەتۆمی”
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان: جیهان یەک هەنگاو دوورە لە “کارەساتی ئەتۆمی
لە سەرەتای مانگی ئابدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێک لە بەناوبانگترین هۆشدارییەکانی ساڵی بڵاوکردەوە، کاتێک رایگەیاند “جیهان یەک هەنگاو دوورە لە “کارەساتی ئەتۆمی”، لە کاتێکدا جەنگ لە ئۆکراین بەردەوامە.
ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە رووسیا و ئۆکرانیا یەکتریان بە بۆردومانی وێستگەی ئەتۆمی “زاپۆریژیا” لە (باشووری ئۆکرانیا) تۆمەتبار دەکرد.
لە 11ی ئابدا زنجیرەیەک تەقینەوە بنکەی ساکی لە ڕۆژئاوای دوورگەی قرم هەژاند، دواتر لە 20ی ئاب فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کەشتییەکی جەنگی رووسیای لە دەریای رەش کردە ئامانج.
دوای ئەم رووداوانە ئۆکرانیا توانی پێشرەوی بکات لە هەندێک ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیا، لە کاتێکدا ئەمریکا پاکێجێکی نوێی هاوکاری بۆ کیێڤ بە بەهای 775 ملیۆن دۆلار پەسەند کرد و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنیدا نزیکەی 3 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی کیێڤ بکات.
رووسیا وەستانی ناردنی غازی لەرێی کۆمپانیای گازپرۆمەوە بۆ ئەورووپا راگەیاند
لە کۆتایی مانگی ئابدا رووسیا وەستانی ناردنی غازی لەرێی کۆمپانیای گازپرۆمەوە بۆ ئەورووپا راگەیاند، بیانووی ئەوەی بۆرییەکانی ناردنی غاز کێشەی تێدایەو پێویستە چارەسەر بکرێت، ئەمەش نرخی غازی لە ئەورووپا بەشێوەیەکی پێوانەی بەرزکردەوە،
ئەیلول، چوار هەرێمی ئۆکرانیا بە ریفراندۆم خرایە سەر رووسیا
رووسیا لە ریفراندۆمێکی جەماوەریدا سەرکەوتوو بوو لە لکاندنی چوار ناوچەی ئۆکرانیا بۆ سەر رووسیا
پێشهاتەکان تا دەهاتن سەیرتر دەبوون کاتێک هێزەکانی ئۆکرانیا توانیان لە زیاتر لە بەرەیەکدا پێشکەوتن بەدەستبهێنن دژی رووسیا ، لە کاتێکدا رووسیا لە ریفراندۆمێکی جەماوەریدا سەرکەوتوو بوو لە لکاندنی چوار ناوچەی ئۆکرانیا بۆ سەر رووسیا لە 29ی ئەیلولدا.
لە 11ی ئەیلول، کیێڤ دەستکەوتی سەربازی گەورەی ڕاگەیاند دوای هێرشێکی خێرا بۆ سەر هێزەکانی ڕوسیا لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، کە بووە هۆی کشانەوەی رووسیا لە شارۆچکە سەرەکییەکان. هەروەها سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند کە “سەدان تەرمی لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا” لە شاری ئیزیۆم دۆزیوەتەوە، کە لە ژێر دەستی هێزەکانی رووسیادا بووە.
ئۆکتۆبەر، هێزەکانی ئۆکراین بەردەوامن لە پێشڕەوی بۆ باشوور
هێزەکانی ئۆکرانیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا بەردەوام بوون لە پێشڕەوی بەرەو باشوور، لە کاتێکدا هێزەکانی رووسیا لە شاری “لیمان” کشانەوە ئەو شارەی (کە پێشتر لە مانگی ئایاردا گرتبوویان). سەرباری کشانەوەی رووسیا لەو ناوچەیە گەورەترین هەڵمەتی بۆردومانی ئاسمانی رووسیا بۆ شارەکانی ئۆکراین دەستیپێکرد.
لەگەڵ پێشڕەوی هێزەکانی ئۆکرانیا، لە 13ی ئۆکتۆبەردا رووسیا دەستیکرد بە چۆڵکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە خێرسۆن لە ٢٨ی تشرینی یەکەمدا وەک ئامادەکارییەک بۆ جەنگی خێرسۆن.
تشرینی دووەم، کشانەوەی رووسیا لە خێرسۆن
سوپای رووسیا فەرمانی کشانەوەی لە شاری خێرسۆن وەرگرت
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوە و زیادکردنی توانا سەربازییەکان، رووسیا لە ٥ی ئەم مانگە رایگەیاند کە رێگە دەدات سەربازە یەدەگەکان بانگهێشت بکرێن بۆ جەنگ، ئەو کەسانەش بگرێتەوە کە بە تاوانی قورس سزا دراون و بەم دواییە زیندانیان بەجێهێشتووە.
لە نۆی هەمان مانگدا، سوپای رووسیا فەرمانی کشانەوەی لە شاری خێرسۆن وەرگرت، کە سەرۆکی ئۆکراین بە “سەرەتای کۆتایی جەنگ”ی زانی.
26ی تشرینی دووەم: هەواڵگری بەریتانیا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکرد لە جەنگی ئۆکراین موشەکی “کروز “ی بێ کڵاوەی ئەتۆمی بەکارهاتووە.
کانوونی دووەم، هۆشدارییەکان لەبارەی “ئەگەری هێرشی زەمینی” لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣
رووسیا پلانی هەیە هێرشی زەمینی بەرفراوان ئەنجام بدات
سەرباری گەشبینی لە ریزەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا، حکومەتی کیێڤ لە ١٦ی کانوونی دووەمدا هۆشداری دا کە رووسیا پلانی هەیە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو واتە ٢٠٢٣ هێرشی زەمینی بەرفراوان ئەنجام بدات.
لە لایەکی ترەوە پوتین رایگەیاند کە مەترسی شەڕی ئەتۆمی بەرەو هەڵکشان دەچێت، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی یەکەم وڵات نابێت کە چەکی ئەتۆمی بەکار بهێنێت.