زووم، ئاژانسەکان:
بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەریەک لە رووسیا و هیندستان و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا گەشتەکانیان بۆ سەر مانگ و بۆشایی ئاسمان دەستپێبکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا کەشتیی “ئارتمێسی یەک”ی ناسا رەوانەی بۆشایی ئاسمان کراو و بەدەوری مانگدا دەسوڕایەوە، ئارتمێسی یەک لەپێناو سەرلەنوێ رەوانەکردنەوەی مرۆڤ بۆ سەر رووی مانگ دیزاین کراوە.
کام وڵات کەشتیی ئاسمانی رەوانەی سەر مانگ دەکات؟
هیندستان بەنیازە لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣ دا کەشتیی “چاندرایانی سێ” رەوانەی سەر مانگ بکات، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠٠٨ بۆیەکەمجار بە کەشتی چاندرایانی یەک ئەو گەشتەی ئەنجامدابوو.
هاوکات رووسیا پلانی داناوە لە تەمموزی ٢٠٢٣ دا کەشتیی لۆنای 25 رەوانەی بۆشایی ئاسمان بکات، پشکنەرێک لەسەر مانگ دابنێت بۆ کۆکردنەوەی نمونە لەسەر جەمسەری باشوور.
کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئەمریکیش بەنیازە لە کۆتاییەکانی 2023دا گەشتێک بۆ ملیاردێری ژاپۆنی یوساکۆ مایزاوا و هەشت سەرنشینی دیکە رێکبخات لەژێر ناوی “مانگی ئازیز”، کە تێیدا بە دەوری مانگدا دەسووڕێنەوە. ئەمەش دەبێتە یەکەم ئەرکی کەشتییە ئاسمانییەکەی “ستارشیپ”، کە توانای هەڵگرتنی ١٠٠ کەسی هەیە.
کەشتیی ستارشیپ پاش جیابوونەوەی لە مووشەکەکەی
ئاژانسی ناسای ئەمریکیش بەنیازە لە ساڵی ٢٠٢٤دا ئەرکی داهاتووی خۆی بۆ سەر مانگ دەستپێبکات، بە ناوی ئارتمیسی دوو.
هەنگاوی داهاتووی ئاژانسە ئەمریکییەکە لە 2025 و 2026دا دەبێت، کاتێک کەشتیی ئارتمێسی سێ رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکات، لەم گەشتەدا بۆیەکەمجار ژنێک و کەسێکی رەشپێست بەشداریی گەشتەکە دەکەن.
ئەمەش لەدوای گەشتەکەی ئەپۆلۆوە لە ساڵی 1972 بۆیەکەمجار مرۆڤ پێدەنێتە سەر رووی مانگ.
ئەگەرچی چین پلانەکانی خۆی لەگەڵ رووسیا ئاشکراکردووە و دەڵێت تاوەکو ساڵی 2035 بنکەیەکی هاوبەش لەسەر مانگ دادەمەزرێنن، بەڵام تاوەکو کات و ساتی دەستپێکردنی پرۆژەکەیان دیاری نەکردوە.
بۆچی وڵاتان دەگەڕێنەوە سەر مانگ؟
د. ماکدۆیڵ، زانای فەلەکناسی لە سەنتەری هارڤارد بۆ فیزیای فەلەکی لە ئەمریکا، دەڵێت، وڵاتانی زلهێزی وەکو ئەمریکا و رووسیا و چین ئامانجیان ئەوەیە چەند بنکەیەک لەسەر مانگ دابمەزرێنن تاوەکو کەشتیوانەکان بتوانن تێیدا بژین.
ئەمریکا و وڵاتانی دیکە دەیانەوێت چەند بنکەیەک لەسەر مانگ دابمەزرێنن، کە کەشتیوانەکان بتوانن تێیدا بژین
“مانگ دەبێتە خاڵی دەرچوون بەرەو چەند شوێنێکی دیکەی وەکو مەریخ، ئەوێ شوێنێکی گونجاوە بۆ تاقیکردنەوەی تەکنۆلۆژیاکانی بۆشایی ئاسمان” د. ماکدوێڵ وایگوت.
د. لۆسیندا کینگ، بەڕێوەبەری پرۆژەکانی بۆشایی ئاسمان لە زانکۆی پۆرتسمۆس، دەڵێت، هەڵدانی کەشتی ئاسمانی لەسەر مانگەوە سووتەمەنی کەمتر دەوێت، بەراورد بە هەڵدانی کەشتییەکان لەسەر زەوییەوە، ئەو دەشڵێت، سەرچاوەی سووتەمەنی لەسەر مانگ دۆزراوەتەوە.
لەجەمسەری باشووری مانگ نزیکەی 600 ملیار کیلۆگرام بەستەڵەکی ئاویی بوونی هەیە
“هەموومان دەزانین ئاو لە جەمسەری باشووری مانگ بوونی هەیە، دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ هایدرۆجین و ئۆکسجین و ئەمەش هاوکاریمان دەکات تاوەکو سووتەمەنی بکەینەوە نێو کەشتییەکان و پاشان رەوانەی مەریخ و شوێنەکانی دیکەی بکەین” د. لۆسیندا کینگ وادەڵێت.
بەگوتەی بەرپرسەکەی زانکۆی پۆرتسمۆس، ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی وا لە وڵاتانی زلهێز دەکات پەلە بکەن لە گەشتکردن بۆ سەر مانگ تاوەکو پشکی خۆیان لەو ئاوە بەدەستبهێنن.