زووم:
خیسۆس کاساسی ئیسپانی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەکەی بۆ جامی کەنداوی 25 ئاشکراکرد.
بەگوێرەی لیستەکە لە کۆی 23 یاریزان، پێنج یاریزانیان کوردن: ئاسۆ رۆستەم، شێرکۆ کەریم، ئاڵای فازڵ، رێوان ئەمین و ئەحمەد یاسین.
عێراق پاش 42 ساڵ بۆیەکەمجار میوانداریی جامی کەنداو دەکات، یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە رۆژی 6ی مانگی داهاتوو لە بەسرە دەستپێدەکات و 13 رۆژ دەخایەنێت.
هەڵبژاردەی عێراق، کە دوایینجار ساڵی 1988 نازناوەکەی بردووەتەوە، کەوتووەتە گرووپی یەکەمەوە، بەرامبەر هەڵبژاردەکانی سعودیە، عومان و یەمەن یاری دەکات.
لە گرووپی دووەمیشدا هەڵبژاردەکانی کوەیت، قەتەر، بەحرەین و ئیمارات کێبڕکێ دەکەن.
یەکەم و دووەمی هەردوو گرووپەکە سەردەکەون بۆ قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین.
هەڵبژاردەی کوەیت خاوەنی زۆرترین نازناوی جامی کەنداوە، تاوەکو ئێستا 10 جار بووەتە پاڵەوان.
هەریەک لە عێراق، سعودیە و قەتەر سێ جار نازناوەکەیان بەدەستهێناوە. ئیمارات دوو جار و عومانیش جارێک بوونەتە پاڵەوان.