زووم، ئاژانسەکان:
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا، بەڵێن بەهێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی دەدات سەرجەم ئەو کەرەستە جەنگییانەیان بۆ دابینبکات، کە داوایانکردووە. پوتین گوتوویەتی، دەستیان کراوە دەبێت بۆ دابینکردنی کەرەستەی سەربازیی بۆ سوپا.
پوتین، لە گوتارێکیدا لەبەردەم فەرماندە سەربازییەکاندا لە مۆسکۆ، نەیشاردووەتەوە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رۆڵی گەورەی لە ململانێکانی 10 مانگی رابردوودا بینیوە، گوتووشیەتی، لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا مووشەکەکانی “سارمات” لەبەردەست دەبن، کە خێراییان لە خێرایی دەنگ زیاترە.
مووشەکی سارمات، یاخود RS-28، مووشەکێکی تازەی رووسیایە، کە بە نەوەی پێنجەم دادەنرێت و وڵاتانی رۆژئاواش موشەکەکە بە “شەیتانی دوو” ناودەبەن.
ڤلادیمێر پوتین، دەڵێت، ئەو مووشەکەی “کە ناتوانرێت بوەستێنرێت” بەمزووانە ئامادە دەبێت بۆ بەکارهێنان لە جەنگدا، ئەمە لەکاتێکدایە رووسیا هێزە سەربازییەکانی خۆی تازەدەکاتەوە.
ئامانجی رووسیا لە دروستکردنی موشەکی “شەیتانی دوو”، شوێنگرتنەوەی مووشەکە بالیستییەکانی سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتە، کە ساڵانێکە بەسەرچوون.
پاشئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵدا مووشەکی “شەیتان دوو” بە سەرکەوتوویی تاقیکرایەوە، پوتین گوتی، مووشەکەکە هیچ رکابەرێکی نییە و دوژمنانی رووسیا بەرلەوەی هەڕەشەبکەن پێویستە “دووجار بیربکەنەوە”.
“شەیتان دوو” چییە؟
مووشەکی سارمات “شەیتانی دوو” درێژترین مەودای هەیە لە نێوان مووشەکە کیشوەربڕەکاندا، دەتوانێت ئامانجەکانی لە دووری لە 11 هەزار کیلۆمەترەوە بپێکێت، واتە بە ئاسانی دەتوانێت ئەوروپا و ئەمریکا بکاتە ئامانج.
شارەزایانی رۆژئاوا دەڵێن، ئەم مووشەکە دەتوانێت 10 کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێت و دەتوانێت تەواوی وڵاتانی وەکو بەریتانیا و فەرەنسا لەناوببات، بە گوێرەی رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی.
پوتین چی دەربارەی موشەکەکە دەڵێت؟
- هاوتای نیە وا لە دووژمنانی روسیا دەکات بەر لەوەی هەڕەشە بکەن، دووجار بیربکەنەوە.
- کاتێک باس لە مەودا دەکرێت، موشەکی “شەیتانی دوو” هیچ سنوورێک نازانێت
- توانای شکستپێهێنانی هەموو ئامرازە مۆدێرنەکانی سیستەمی بەرگریی دژە مووشەکی هەیە
نازناوەکانی موشەکەکە
- سەرۆکی رووسیا بە “پادشای مووشەکاکان” ناوی بردووە
- هاوپەیمانیی ناتۆ بە “شەیتان دوو” ناوی دەبات
- پێشی دەگوترێت “موشەکی رۆژی قیامەت”
تایبەتمەندییەکانی موشەکەکە
- مووشەکێکی بالیستی کیشوەربڕە، نەوەی پێنجەمە
- توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی وێرانکەری هەیە و دەتوانێت تەقینەوەی گەورە دروستبکات
- بەهێزترین و دوورمەوداترین مووشەکە لەسەر ئاستی جیهان
- مووشەکەکە دەتوانێت سەرجەم سیستەمە بەرگرییەکانی ئێستا و داهاتوو تێبپەڕێنێت
ناسنامەی مووشەکەکە
- درێژییەکەی 35.5 مەترە
- پانییەکەی 3 مەترە
- کێشی 208 تەنە
- سوتەمەنی شل بەکاردەهێنیت
- هێزی پاڵپێوەنانی موشەکەکە سێ قۆناغە
- مەودای موشەکەکە لە نێوان 11-18 هەزار کیلۆمەتردایە
- توانای هەڵگرتنی 10 کڵاوەی ئەتۆمی هەیە
- توانای تەقینەوەی موشەکەکە 40 مێگاتەنە
- زۆرترین خێرایی موشەکەکە 20 ماکە