پاریسی پایتەختی فەرەنسا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 23ی کانوونی یەکەمی 2022، کەشێکی پر لە ترسی بە خۆیەوە بینی، پاشئەوەی لە رووداوێکی تەقەکردندا لە بەردەم سەنتەرێکى کوردیی، 3 کەسی کوژران و 4ى دیکەش برینداربوون.
دۆخی دوو لە بریندارەکان خراپە، بەپێی گوتەی پۆلیسی فەرەنسا گومانلێکراوێکیان لەسەر رووداوەکە دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر چەکەکەیدا گرتووە.
#Paris10 rue d'Enghien, intervention de police en cours. ➡️ Une personne interpellée
🔴 Évitez le secteur et laissez les services de secours intervenir pic.twitter.com/5C5wcKCCHk— Préfecture de Police (@prefpolice) December 23, 2022
گومانلێکراوەکە تەمەن 69 ساڵە و پیاوێکی بەرەگەز فەرەنسیە، پێشتر لە دوو رووداوی کوشتن تێوەگلاوە، یەکێکیان لە ساڵی 2016، ئەوی دیکە ساڵی 2019.
رووداوەکە کاتژمێر 2:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان لە بازنەی دەیەمی پاریس، لە شەقامی رو دۆنگیا روویدا، لەبەردەم ناوەندی کولتوری کوردیی “ئەحمەد کایا” لە پاریس، شەقامەکە شوێنێکی بازرگانی و قەرەباڵخە ژمارەیەک دوکان و کافتریای بچوکی تێدایە، وەک ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی باسی دەکات ئەم ناوچەیە زیاتر هاوڵاتیانى کورد سەردانی دەکەن.
هەرچەندە تائێستا هۆکاری سەرەکی پشت رووداوەکە رانەگەیەندراوە، بەڵام هێرشبەرەکە ساڵى رابردووش هێرشى کردبووە سەر سەنتەرێکى پەنابەران، بە پێی گوتەی میدیاکانی فەرەنسا.
لۆرێ بیکۆ، داواکاری گشتی پاریس رایگەیاند، رووداوەکە نزیک سەنتەرێکی رەوەندی کوردی لە پایتەخت روویداوە، گومانلێکراوەکەش کەسێکی ناسراوە لای دەسەڵاتداران.
رووداوەکە نزیک سەنتەرێکی رەوەندی کوردی لە پایتەخت روویداوە
داواکاری گشتی پاریس راشیگەیاند، لێکۆڵینەوە لەم تاوانی کوشتنە بە ئەنقەستە دەستیپێکردووە و لێکۆڵینەوەکان بە کەرتی دووەمی پۆلیسی دادی سپێردراوە.
بەگوتەی چەند شایەتحاڵێکى نزیک رووداوەکە، گوێیان لە دەنگی 7 بۆ 8 فیشەک بووە، خەڵک زۆر ترساون و کەشێکی تۆقێنەر دروست بووە.
ئیمانوێل بوجنان، کە یەکێکە لە دانیشتووانی ناوچەکە، گوتی، خەڵک هەموو هاواری دەکرد و و ئاماژەیان بۆ دوکانێکی سەرتاشی دەکرد، بە پۆلیسیان دەگوت “ئەوەتا چووە ئەوێ!”
شایەتحاڵێک:
خەڵک ئاماژەیان بە بۆ دوکانێکی سەرتاشی دەکرد، کە تەقەرەکە چووەتە ئەوێ
ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانی پاریس، هاوسۆزی خۆی بۆ خێزانی قوربانییەکان دەربڕی و کاردانەوەى خێرای پۆلیسیشى بەرزنرخاند.