زووم:
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ جۆرجیا میلۆنى، سەرۆکوەزیرانى ئیتاڵیا بە سەردانێکى فەرمى گەیشتە بەغداد و لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە پێشوازى لێکرا، بڕیارە پاش سەردانەکەى بۆ بەغداد، میلۆنى سەردانى هەرێمى کوردستانیش بکات.
میلۆنى کە یەکەم سەردانیەتى بۆ عێراق، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسى هاوبەشدا لەگەڵ سودانى رایگەیاند، سەردانەکەم سهرهتایهكه بۆ پهیوهندییهكی پتهو و باش لهنێوان ههردوو گهلی دۆست گهلی عێراقی و ئیتاڵی.
بەبێ عێراقێکى بەهێز، گەشەسەندن لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا روونادات
میلۆنى کە لە کۆتاییەکانى مانگى تشرینى یەکەمەوە لە پۆستى سەرۆکوەزیرانى ئیتاڵیا دەستبەکاربوو، گوتیشى، دیاریکردنى 25ى کانوونى یەکەم وەکو رۆژى پشوو لە عێراق، رێزگرتنە لە کۆمەڵگەى مەسیحى.
سەرۆکوەزیرانى ئیتاڵیا باسى لەوەشکرد، بەبێ عێراقێکى بەهێز، گەشەسەندن لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا روونادات، ئەوانیش وەکو ئیتاڵیا هەمیشە پشتیوانى لە عێراق دەکەن بە تایبەت لە بوارى سەقامگیریی ئەمنى و عێراقیش خۆى لەو بوارە هەنگاوى باشى ناوە.
میلۆنى کە یەکەم ژنە لە مێژووى ئیتاڵیادا سەرۆکایەتى وڵاتەکە دەکات، ئامادەیی ئیتاڵیاى نیشاندا بۆ وەبەرهێنان و کارکردن لەگەڵ عێراق، جەختیشیکردەوە کە بایەخ دەدەن بە بوونى کۆمپانیا ئیتاڵییەکان لە عێراق.
راشیگەیاند کە هەماهەنگى رۆشنبیریییان لەگەڵ عێراق هەیە.
عێراق بە پەرۆشە بۆ دابینکردنى نەوت بۆ ئیتاڵیا
لە بەرامبەردا محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق سوپاسى رۆڵى ئیتاڵیا کرد لە شەڕى دژى داعشدا و گوتى ئیتاڵیا لە بەرەنگاربوونەوەى داعش رۆڵى ئیجابى بینیوە.
سودانى راشیگەیاند، عێراق دەیەوێت هاوبەشى و وەبەرهێنان لەگەڵ ئیتاڵیا و هەموو وڵاتانى ئەوروپى چالاک و فراوان بکات.
باسى لەوەشکرد کە پلانیان هەیە بۆ پێداچوونەوە بە کەرتى نەوت و غاز و هەروەها بە پەرۆشن بۆ دابینکردنى نەوت بۆ ئیتاڵیا.
سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەشدا وەکو عێراق دەیانەوێت سود لە ئەزموونى ئیتاڵیا وەربگرن لە بوارى گەشتوگوزارى ئاینیی و شوێنەوار.
لە رێگەى حزبەکەى میلۆنی-یەوە راستڕەوەکان پاش 77 ساڵ گەڕانەوە دەسەڵات
جۆرجیا میلۆنى سەرۆکى پارتى “برایانى ئیتاڵیا”ى راستڕەوە کە لە هەڵبژاردنەکانى 25ى ئەیلولى رابردووى ئیتاڵیادا 26%ى دەنگەکانى بەدەستهێنا و بوو بە براوەی یەکەم.
لەگەڵ دوو پارتى دیکەى راستڕەو “فۆرزا ئیتاڵیا” و “لیگ” هاوپەیمانى پێکهێنا و بەوەش پاش 77 ساڵ هاوپەیمانیی حزبە راستڕەوەکان توانییان بگەڕێنەوە دەسەڵات .
میلۆنى 45 ساڵ، ئەزموونێکى سیاسى دوور و درێژى هەیە، لە تەمەنى 29 ساڵیدا بووەتە ئەندامى پەرلەمان و لە 31 ساڵیدا بووەتە گەنجترین وەزیر لە مێژووى ئیتاڵیادا، بەڵام سەربارى ئەوە هیچ بڕوانامەیەکى زانکۆى نییە.
میلۆنی لە سەرەتاکانى تەمەنیدا سەرسامى خۆى بە فیکرەکانى مۆسۆلۆنى نیشاندا، بەڵام دواتر هەڵوێستى گۆڕى و ئیدانەى کردەوەکانى هیتلەرى هاوڕێى مۆسۆلۆنى کرد .
میلۆنى بە دژی پەنابەران ناسراوە بە تایبەت پاش ئەوەى داواى کرد رێوشوێنەکان لە دەریاى ناوەڕاست توندبکرێت بۆ رێگریی لە هاتنى کۆچبەران، ئەوەش یەکێکە لە دیارترین ئەو تایبەتمەندییانەى کە حزبە راستڕەوەکانى پێ دەناسرێتەوە.