زووم، شەرقولئەوسەت:
کاتێک فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا لە کۆتاییەکانی تشرینی دووەمی رابردوودا کوژرانی حەسەن قورەشی سەرکردەی داعشی لەسەر دەستی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا و لە پرۆسەیەکی سەربازیی سوپای سووریای ئازاددا راگەیاند، هەرزوو هێزەکانی سووریای دیموکرات بەشداریکردنی لەو پرۆسەیەدا رەتکردەوە و دیمەشقیش هاتە سەر خەت و گوتی، پرۆسەکە بە هاوکاریی هێزەکانی سووریا ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک سەرکردەی داعش کوژراون.
چاودێرانی سیاسی: سەرکردەکەی داعش لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە نەکوژراوە
حەسەن قورەشی سەرکردەی داعش
سەرباری ئەو دژیەکیانە، بەڵام ئەو چاودێرە سیاسییانەی بۆ شەرقولئەوسەت قسەیان کردووە، دەڵێن، سەرکردەکەی داعش لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە نەکوژراوە، بەڵکو لەسەر دەستی میلشیاکان کۆتایی بە ژیانی هێنراوە، جا ئەو میلیشیایانەی سەر بە ئەمریکان یاخود ئەوانەی لەلایەن حکومەتی سووریاوە پشتگیریی دەکرێن.
میلیشیاکان گرووپی بچووکن، بەڵام ئامانجی گەورە بەدیدەهێنن
ئەم رووداوە، جارێکی دیکە رۆڵی سوپای سێبەری هێنایەوە پێشەوە. چاودێران پێیانوایە، میلیشیاکان گرووپی بچووکن، بەڵام ئامانجی گەورە بۆ وڵاتان و لایەنە جیاوازەکان بەدیدەهێنن، بۆنموونە جەنگی وەکالەت بەڕێوەدەبەن، کە بەراورد بە سوپا نیزامییەکان کەمترین تێچووی مادی و سیاسییان هەیە.
مێژووی بەکارهێنانی میلیشیا چەکدارەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی سارد
جەنگی نا-تەقلیدیبەکارهێنانی میلیشیا و چەکداری بەکرێگیراو لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا شتێکی تازە نییە، بەڵکو هێزە ناکۆکەکان دەیان ساڵ لەمەوبەر و لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی یەکەمدا (1945-1939) دەستیان بۆ بردووە. ئەندرۆ تۆمپسۆن، پسپۆڕ لە کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی لە زانکۆی کوینز بێلفاست، مێژووی بەکارهێنانی میلیشیا چەکدارەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی سارد.
تۆمپسۆن، بۆ شەرقولئەوسەتی روونکردووەتەوە، ئەمریکا لە رێگەی ئەم جەنگە نا-تەقلیدییەوە کاری کردووە بۆ لاوازکردن و کۆتاییهێنان بە نەیارەکانی.
توێژەرەکەی زانکۆی بێلفاست، دەڵێت، لەسەرەتای ئەو قۆناغەوە کە پێی دەگووترێت “شەری دژی تیرۆر” ئەمریکا زیاتر پشتی بە نیمچەدامەزراوەکان بەستووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییەکانی پاش رووداوەکانی 11ی سێپتەمبەر. وەکوچۆن پشتی بە سەرچاوەی دەرەکی بەستووە تاوەکو شەڕیان بۆ بکەن دژی هەموو ئەوانەی واشنتن بە هەڕەشەیان دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.
شەڕی وەکالەت شەڕێکی کۆنە و هەمیشە لە پەیوەندیی نێوان وڵاتاندا ئامادەیی هەبووە
د.سەعید سەدیقی، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەستەواژەی “بەکرێگیراو” بە چەمکێکی کۆنی مرۆڤایەتی ناودەبات و دەڵێت شەڕی وەکالەت شەڕێکی کۆنە و هەمیشە لە پەیوەندیی نێوان وڵاتاندا ئامادەیی هەبووە.
مامۆستاکەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە شەرقولئەوسەتی گوتووە، شەڕی بە وەکالەت لە سەردەمی شەڕی سارددا بە شێوەیەکی بەرفراوان تەشەنەی سەندووە، وڵاتانی ئەفریقیا و ئاسیا و ئەمریکای لاتین شەڕی بە وەکالەتیان بەناوی بلۆکی رۆژهەڵات و رۆژئاواوە ئەنجامداوە “ئێستاش لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەو دیاردەیە جارێکی دیکە سەریهەڵداوەتەوە”.
لەوەش زیاتر کۆمپانیای تایبەت و گرووپی سەربازی و سیاسی دروستبوون، کە لە بری دەوڵەتێکی دیاریکراو شەڕ دەکەن. وەکو د. سەعید سەدیقی باسی کردووە.
بریکارەکانی ئێران
زۆرترین ژمارەی میلیشیاکان لەلایەن ئێرانەوە دامەزرێنراون
بە گوێرەی لێکۆڵینەوە تایبەتمەندەکان، “زۆرترین ژمارەی میلیشیاکان لەلایەن ئێرانەوە دامەزرێنراون”، لەهەریەک لە وڵاتانی لوبنان، عێراق، یەمەن و سوریا.
لێکۆڵینەوەیەکی ماڵپەڕی مالکۆم کێر-کارنێگی، ئاشکرایکردووە، ئێران ساڵانە نزیکەی 700 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاریی ئابووری و سەربازی بۆ میلیشیاکانی حیزبوڵڵا دابیندەکات، ئەمەش زیاترە لەو هاوکارییە سەربازی و ئابوورییانەی ئەمریکا لە 2005ەوە و ساڵانە پێشکەشی حکومەتی لوبنانی دەکات.
ئێران نزیکەی 80 گرووپ و میلیشیای چەکداری ناوچەکە بەکاردەهێنێت
هەمان لێکۆڵینەوە دەریخستووە، ئەو هاوکارییانەی ئێران پێشکەشی میلیشیا و حزبە شیعەکانی عێراقی دەکات لە ساڵی 2014ەوە ساڵانە گەیشتووەتە یەک ملیار دۆلار. ئەمە جگە لە هاوکارییەکانی بۆ میلیشاکانی یەمەن.
لیوا محەمەد ئەلحەربی، کە شارەزایەکی سعودییە و پسپۆڕی کاروباری ئەمنییە، دەڵێت، ئێران نزیکەی 80 گرووپ و میلیشیای چەکدار لە لوبنان، سوریا، عێراق و یەمەن بەکاردەهێنێت، بڕێکی زۆر پارە و چەکیان بۆ دابیندەکات.
شارەزا سعودییەکە، باس لەوەدەکات کەڵکوەرگرتنی ئێران لە گرووپ و میلیشیاکان لە ناوچەکەدا، چ لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە بێت یان لە ڕێگەی پاڵپشتی دارایی و لۆجستییەوە، وایکردووە “ئێران بتوانێت فشار بخاتە سەر زلهێزە نێودەوڵەتییەکان”.
رۆڵی گەورە لە داهاتوودا
بەگوێرەی پەیمانگای ستۆکهۆڵم بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئاشتیی نێودەوڵەتی، لە ئێستادا نزیکەی 10 کۆمپانیای تایبەت لە جیهاندا هەن، کە بەکرێگیراوان بۆ شەڕی بە وەکالەت دادەمەزرێنن، بەناوبانگترینیان بریتین لە “بلاکواتەر”ی ئەمریکی و “ڤاگنەر”ی رووسی.