وەزیرى دادى عێراق کە لە پشکى کوردە، لە یەکەم رۆژى دەستبەکاربوونییەوە بەڵێنى ئەوەی داوە کە چاکسازیى لە یەکێک لە مەترسیدارترین دۆسیەکانى گەندەڵی لە عێراق بکات، ئەویش دۆسیەى “خواردنى زیندانیکراوانە”.
لە دوایین پێشهاتى ئەو دۆسیەدا، ئەمڕۆ پێنج شەممە 22ى کانوونى یەکەمى 2022 خالید شوانى وەزیرى دادى عێراق رایگەیاند، رەزامەندى محەمەد سودانى سەرۆکوەزیرانیان بەدەستهێناوە بۆ چاکسازییکردن لە دۆسیەى خواردنى زیندانیکراواندا.
ئەوەى پێشکەشى زیندانییەکان دەکرێت پێچەوانەى مافەکانى مرۆڤە
شوانى پێشتریش ژمارەیەک سەردانى مەیدانیى لەناکاوى بۆ هەندێک لە گرتوخانەکانى بەغدادى پایتەخت ئەنجامداوە و رایگەیاندبوو، ئەوەى پێشکەشى زیندانیکراوەکان دەکرێت پێچەوانەى مافەکانى مرۆڤە.
مستەفا جەبار سند، ئەندامى لیژنەى نەزاهەى پەرلەمانى عێراق هەفتەى رابردوو لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد: 75 بۆ 100 هەزار سزادراو و راگیراو لە زیندانەکانى عێراقدا هەن.
— مصطفى جبار سند (@m_j_sanad) December 16, 2022
راشیگەیاند وەزارەتى داد گرێبەستى لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیادا کردووە تاوەکو رۆژانە سێ ژەم خواردن بۆ زیندانیانى نێو گرتوخانەکانى عێراق دابین بکەن کە بۆ هەر سێ ژەمەکە 10.900 دینار (7 دۆلار) لەسەر خەزێنەى گشتى دەوڵەت دەکەوێت، بەڵام ئەو خواردنەى دەدرێت بە زیندانییەکان بەهاکەى لە 5 هەزار دینار (3.3 دۆلار) تێپەڕناکات”.
بەشێک لە زیندانیکراوەکان خواردنەکە ناخۆن و لە حانوت شت دەکڕن
مستەفا جەبار دەشڵێت: “بەشێک لە زیندانیکراوەکان رەتیدەکەنەوە خواردنەکە بخۆن و پەنا دەبەنەبەر ئەو حانوتانەى کە لەنێو زیندانەکاندا هەن، بەڵام دیسانەوە ئەوانەش لەلایەن بەڵێندەر و کۆمپانیاکانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە”.
زانیارییەکانى مستەفا جەبار ئاشکرایدەکەن، قازانجى ئەو کۆمپانیایانەى کە گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە بۆ دابینکردنى خواردنى زیندانیکراوەکان مانگانە دەگاتە 14 ملیار دینار و ساڵانە دەگاتە 170 ملیار دینار، کە یەکسانە بە 1.18 ترلیۆن دینار عێراقى (8 ملیار دۆلارى ئەمریکى) لەماوەى حەوت ساڵدا.