زووم، ئاژانسەکان:
مەولود چاوشئۆغڵۆ، وەزیرى دەرەوەى تورکیا رایگەیاند، سوید تائێستا “ناوەندێکى سەرنجڕاکێشە” بۆ ئەو کەس و گروپانەى پەیوەندیدارن بە “تیرۆر”ەوە و هەنگاوێکى ئەوتۆیان لە ستۆکهۆڵم نەبینوە سەبارەت بە رادەستکردن و بلۆککردنى سەرەوەت و سامانى ئەو کەسانەى لە لایەن تورکیاوە داواکراون.
وەزیرى دەرەوەى تورکیا: هەرچەندە حکومەتى تازەى سوید هەنگاوى ناوە بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە، بەڵام ئەوە بەس نییە
ئەم گوتانەى چاوشئۆغڵۆ لەمیانى کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسى هاوبەشدا هات لەگەڵ تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید کە ئێستا بە سەردانێک لە ئەنقەرەیە و هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەى ئەو رێککەوتنەکە کرد کە لە نێوان تورکیا و سوید و فینلەندا واژۆ کراوە لەبارەى بە ئەندامبوونى ستۆکهۆڵم و هێلسنکى لە رێکخراوى ناتۆ.
چاوشئۆغڵۆ، گوتیشى، هەرچەندە حکومەتى تازەى سوید هەندێک هەنگاوى ناوە بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە، بەڵام ئەوە بەس نییە و زۆر کەمە، دەتوانین بڵێین هێشتا نەگەیشتووینەتە نیوەى جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە.
وەزیری دەرەوەی سوید: رێز لەو بەڵێنانە دەگرین کە بە تورکیامان داوە
لە بەرامبەردا تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید، رایگەیاند، لە نیگەرانییەکانى تورکیا سەبارەت بە مەترسى گەورەى پارتى کرێکارانى کوردستان تێدەگەین و رێز لەو بەڵێنانە دەگرین کە بە تورکیامان داوە.
وەزیری دەرەوەی سوید، باسى لەوەشکرد، وەزارەتى دادى هەردوو وڵات زانیاریی ئاڵوگۆڕ دەکەن سەبارەت بەو کەسانەى پەیوەندییان بە “گروپە تیرۆریستییەکانەوە” هەیە.
لە مانگەکانى سەرەتاى ئەمساڵ کاتێک پرسى بە ئەندامبوونى سوید و فینلەندا لە ناتۆ هاتەئاراوە، تورکیا بە توندى ناڕەزایی نیشاندا و رایگەیاند، ناکرێت ئەو دوو وڵاتە ببنە ئەندام لەکاتێکدا بە داڵدەدانى هەزاران کەس کە لەلایەن ئەنقەرەوە داواکراون، مەترسییان لەسەر وڵاتێکى ئەندامى رێکخراوەکە دروستکردووە کە ئەویش تورکیایە.
بۆ رەوینەوەى نیگەرانییەکانى تورکیا، لە 28ى حوزەیرانى ئەمساڵدا لە میانی کۆبوونەوەى لوتکەی ناتۆ لە مەدریدى پایتەختى ئیسپانیا، تورکیا و سوید و فینلەندا رێککەوتنێکى سێ قۆڵیان واژۆکرد.
تورکیا بە مەرج رازى دەبێت سوید و فینلەندا ببنە ئەندامى ناتۆ
بەگوێرەى هەندێک لە بەندەکانى رێککەوتننامەکە تورکیا بەو مەرجە رازى دەبێت سوید و فینلەندا ببنە ئەندامى ناتۆ، هەردوو وڵات ئەو داواکراوانە رادەستى تورکیا بکەنەوە کە لەلایەن ئەنقەرەوە داواکراون.
11ى ئەیلولى 2022، هەڵبژاردنى پەرلەمانى لە سوید بەڕێوەچوو، سەرۆکوەزیرانى پێشوو شکستیهێنا و بەرەى راستڕەوەکان لە 17ى تشرینى یەکەم حکومەتیان پێکهێنا.
پاش دەستبەکاربووتى ئوڵف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی نوێی سوید رایگەیاند، پابەندین بە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ تورکیا و دەربارەی ئەم بابەتە لەگەڵ حکومەت و بەرپرسانی تورکیا کۆدەبنەوە، گوتیشى بە هەموو توانایانەوە هەوڵدەدەن تەواوی بەندەکانی رێککەوتننامەکەی تورکیا لەگەڵ سوید و فینلەندا جێبەجێ بکەن.
سەرەتاى ئەم مانگە حکومەتی سوید ئەندامێکی پارتى کرێکارانى کوردستان پەکەکەی بە ناوی “مەحمود تات” رادەستی تورکیا کردەوە کە کورد بوو، تورکیا سزای زیندانی شەش ساڵ و 10 مانگی بەسەردا سەپاندووە.