سوپاى ئۆکراین، رێستۆرانتێکى لەناوچەى دۆنێتسک بۆردومان کرد، جێگرى سەرۆکوەزیرانى پێشووى روسیا و سەرۆکى حکومەتى دونێتسکى لایەنگرى روسیا برینداربوون. بەگوێرەى میدیاکانى روسیا دوو کەسی دیکەش کوژراون و ژمارەیەکى دیکەش برینداربوون.
ئاهەنگى لەدایکبوونى دیمتری رۆگۆزین بوو
دیمتری رۆگۆزین، جێگرى سەرۆکوەزیرانى پێشووى روسیا
رێستۆرانتەکە دەکەوێتە گەڕەکی لینینسکی، لە شارى دونێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراین، دوێنێ، چوارشەممە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی روسیا و ئەوانەى لایەنگرى روسیان لەوێ کۆببوونەوە، کۆبوونەوەکەیان تایبەت بوو بە یادى 59 ساڵەى لەدایکبوونى دیمتری رۆگۆزین، جێگرى سەرۆکوەزیرانى پێشووى روسیا، سەرۆکی پێشووی ئاژانسی ئاسمانی روسیاش بووە و ئێستاش راوێژکارى سەربازى ئەو ناوچانەیە، کە روسیا لکاندویەتى بە خاکەکەیەوە.
ئۆکراین رێستۆرانتەکەى بۆردومان کرد
لەکاتى ئاهەنگێڕاندا، رێستۆرانتەکە کەوتە بەر ئامانجى بۆردومانى هێزەکانى ئۆکراین، وەک میدیاکانى روسیا باسیان کردووە.
دیمیتری، کە ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرا، بە سوکى بریندار بووە و ئەو دەڵێت، برینەکەى سوکە و دۆخی جێگیرە.
بەگوێرەى میدیاکانى هەرێمەکە، لە هێرشەکەدا دوو کەس کوژران و شەش کەسى دیکەش برینداربوون، یەکێک لە بریندارەکان سەرۆکى حکومەتى هەرێمەکەیە و ئەوانى دیکە کارمەندی رێستۆرانتەکەن.
زانیارى لەبارەى تەندروستى ڤیتالی خوتسینکۆ بڵاونەکراوەتەوە
تاوەکو ئێستا زانیارى لەبارەى تەندروستى ڤیتالی خوتسینکۆ، سەرۆکى حکومەتەکە بڵاونەکراوەتەوە، کە تەندروستى لە چى دۆخێکدایە.
لەم سەروبەندەدا دەستەی ئەرکانی ئۆکراین رایگەیاند، روسیا لە ماوەی نۆ مانگی جەنگ 100 هەزار سەربازی لەدەستداوە، لەگەڵ سێ هەزار تانک و نزیکەی شەش هەزار زرێپۆش.
دەستەکە دەڵێت، لە ماوەی چەند کاتژمێر رابردوو، روسیا 15 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەی مەدەنی لە خێرسۆن و زابۆرۆجیا کردووە لە باشوری وڵات، لەگەڵ 64 هێرشی موشەکی.
دەستەی ئەرکانی ئۆکراین گوتیشی، هێزەکانمان 30 یەکەی سیستمی تۆپخانەی روسی لە فڕۆکەخانەیەکی خێرسۆن بۆمباران کردووە.