لە سەردانێکی سەرکەشانەی سەردەمی جەنگدا بۆ واشنتۆن، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین، لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکادا رایگەیاند، سەرەڕای هەموو سەختییەکان، وڵاتەکەی هێشتا لەسەرپێی خۆی وەستاوە، ئەو سوپاسی ئەمریکییەکانی کرد بۆ دابینکردنی یارمەتییە سەربازییەکان بۆ وڵاتەکەی.
دوای تێپەڕبوونی 300 رۆژ لە جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ روسیا، زێلێنسکی، دوێنێ، چوارشەممە، یەکەم گەشتی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی ئەنجامدا و گەیشتە واشنتن، لە کۆشکى سپی، لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا کۆبووەوە.
ئەو رایگەیاند، ئەو پارەیەی وڵاتان بۆ یارمەیدانی ئۆکراین خەرجی دەکەن “خێر” نییە بە ئۆکراینى بیکەن، بەڵکو “وەبەرهێنانێکە” لەدابینکردنی ئاسایش و دیموکراسی جیهانیدا.
ئامانجی سەردانەکەی زێلێنسکی کۆکردنەوەی پشتگیریە
ئامانجی سەردانەکەی زێلێنسکی ئەوەیە پشتگیرییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان بۆ وڵاتەکەی بەهێز بکات، لە کاتێکدا وڵاتانی جیهان نیگەرانی بەردەوامی ئەو شەڕەن، کە سەرەڕای ئەوەی تێچووی زۆرە، کاریگەریی خراپی هەبووە لەسەر دابینکردنی خۆراک و وزەی جیهانی.
زێلێنسکی، لەبەردەم کۆنگرێسدا ستایشی ئەو دەیان ملیار دۆلارە هاوکارییە سەربازی و ئابورییەى ئەمریکای کرد، کە لە ساڵی رابردوودا هۆکارێکی “گرنگ” بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی روسیا و داواشی کرد لە داهاتوودا هاوکارییەکان زیاتر بکرێن.
لە گوتەیەکیدا، کە لە میدیا جیهانییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، زێلێنسکی رایگەیاند، ئەو پارەیەی، کە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بۆ دابینکرنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکراین خەرجی دەکەن “خێر نییە،” بەڵکو “وەبەرهێنانێکە لە ئاسایش و دیموکراسی جیهانیدا، کە ئێمە بە بەرپرسیارترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین.”
ماوەیەکی کەم پێش گەیشتنی زێلێنسکی بە واشنتۆن، ئەمریکا پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازی بە بڕی 1.8 ملیار دۆلار بۆ ئۆکراین راگەیاند. لە پاکێجەکەدا، ئەمریکا بۆ یەکەمجار سیستمی دژە موشەکی پاتریۆت بۆ ئۆکراین دابیندەکات، کە یارمەتیدەردەبێت بۆ پاراستنی ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی لە هێرشە موشەکییەکانی روسیا، کە بەمدواییە ئۆکراینی هەراسان کردووە.
ئەمریکا پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازی بە بڕی 1.8 ملیار دۆلار بۆ ئۆکراین راگەیاند
جگە لەمەش هەر لەم هەفتەیەدا کۆنگرێس پلانی ئەوەی هەیە دەنگ لەسەر خەرجکردنی بودجەیەک بدات بە بەهای 45 ملیار دۆلار، کە وەک هاوکاری فریاگوزاری زیادە بە ئۆکراینى دەبەخشرێت.
زێلێنسکى لە گوتەیەکدا بۆ یاسادانەرانی کۆنگرێس، باسی سەرکەوتنەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی کرد لە دوایین شەڕی گەورەی جەنگی جیهانی دووەم، کە بەسەر سوپای نازی ئەڵمانیادا سەرکەوتن و خاڵیکی وەرچەرخان بوو لە مێژوودا.
بەهەمانشێوە، سەرۆکی ئۆکراین پێشبینیکرد بەهۆی ئیرادەی ئۆکراین و پاڵپشتییەکانی ئەمریکا، ساڵی داهاتوو ببێتە “خاڵێکی وەرچەرخان” لە ململانێکانیدا لەگەڵ روسیا، کە گرەنتی “ئازادی داهاتوو” زیاتر دەکات.
زێلێنسکی، لەدوای گوتەکانی بە چەپڵەرێزان لەلایەن ئەندامانی کۆنگرێسەوە ماڵئاوایی لێکرا و ئەویش ئاڵای ئۆکراینی پێشکەشکردن، کە واژۆی سەربازانی هێڵی پێشەوەی جەنگی لەسەر بوو، کە لە باخموت، لە ناوچەی دۆنێتسک لە دژی روسیا شەڕ دەکەن.
زێلێنسکی، ئاڵای ئۆکراینی پێشکەش بە کۆنگرێس کرد، کە واژۆی سەربازانی هێڵی پێشەوەی جەنگی لەسەر بوو
پێشتر لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسی هاوبەشدا لەگەڵ بایدن، زێلێنسکی جەختیکردەوە ئۆکراین چۆن هەوڵی کۆتاییهێنان بەو ململانێیە دەدات. هەروەها پێشنیازەکەی بایدنی بۆ دۆزینەوەی “تەنها ئاشتی” رەتکردەوە و گوتی، بۆ من وەک سەرۆکێک، لەسەر “تەنها ئاشتی” سازش ناکەم.
ئەو گوتی، کاتێک شەڕەکە کۆتایی دێت، کە سەروەری، ئازادی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراین بگەڕێتەوە و روسیاش دەبێت هەموو ئەو زیانانەی، کە هێزەکانی بە ئۆکراینی گەیاندووە قەرەبووی بکاتەوە.
راشیگەیاند “ناکرێت بۆ شەڕێک کە بەسەرماندا سەپێندراوە، تەنها ئاشتی باس بکرێت”.