زووم، ئاژانسەکان:
چەند کاتژمێرێک پاش سەردانەکەی پوتین بۆ بیلاروسیا، زێلینسکی دەچێتە ئەمریکا.. چاودێران بوونە دوو بەرەوە، بەشێکیان پێیانوایە ئەم جوڵە لەناکاوانە ئاماژەیەکی “زۆر باشن” بە نیسبەت جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینەوە.. بەڵام بەشەکەی دیکەیان شتی مەترسیدار دەبینن و وا بیردەکەنەوە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت.. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: چی روودەدات و چییان بۆ ساڵی 2023 ئامادە کردووە؟
سەردانەکەی زێلینسکی بۆ ئەمریکا
ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکراین، ئەمڕۆ چوارشەممە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رایگەیاند، کە سەردانی ئەمریکا دەکات، لەوێ چاوی بە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دەکەوێت و هاوکات گوتارێکیش لە کۆنگرێس پێشکەشدەکات.
رەنگە زێلینسکی پەیامێکی بۆ جیهان هەبێت و سوور بێت لەسەر ئەوەی بەر لە ساڵی تازە ئاشکرای بکات، بەوپێیەی چەند رۆژێک لەمەوبەریش داوای لە فیفا کردبوو رێگەی بدات لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا گوتارێک پێشکەشبکات، بەڵام فیفا داوای لێبووردنی کردبوو.
سەرۆکی ئۆکراین لە تویتێکدا ئاشکرایکردووە، لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا چاوی بە بایدن دەکەوێت، دووقۆڵی کۆدەبنەوە و چەند دیدارێکی دیکەشی دەبێت، لەوێ باس لە هاوکارییەکانی نێوان ئەمریکا و ئۆکراین دەکەن.
On my way to the US to strengthen resilience and defense capabilities of 🇺🇦. In particular, @POTUS and I will discuss cooperation between 🇺🇦 and 🇺🇸. I will also have a speech at the Congress and a number of bilateral meetings.
— Volodymyr Zelenskyy / Володимир Зеленський (@ZelenskyyUa) December 21, 2022
بۆچی زێلینسکی لەم تەوقیتەدا سەردانی ئەمریکا دەکات؟
ئەگەر خوێندنەوە بۆ رووداو و پێشهاتەکانی ئەمدواییەی جەنگەکە بکرێت، رەنگە سەردانەکەی سەرۆکی ئۆکراین بۆ ئەمریکا وا لێکبدرێتەوە، کە بۆنی ئاشتی دێت، رەنگە رێککەوتننامەیەکی ئاشتی کۆتایی بە جەنگە ماڵوێرانکەرەکە بهێنێت.
لە کۆتاییەکانی مانگی 10دا ئەوکاتەی دەنگۆی “بۆمبە پیسەکە” ناوەندە میدیایی و سەربازییەکانی جیهانی تەنی بوو، باس لەوەدەکرا ئۆکراین بەنیازە بۆمبێک لە گۆڕەپانی جەنگەکە بتەقێنێتەوە و دواتریش رووسیا تۆمەتبار بکات. ئەم هەنگاوە، وای لە ئەمریکا کرد دەرچەیەک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ مۆسکۆ بدۆزێتەوە، سەرەنجام کەوتنە گفتوگۆ بە زمانە تایبەتەکەی خۆیان، تاوەکو رێگر بن لە چوونە ناو شەڕێکی وێرانکەرەوە.
ئەم گفتوگۆ راستەوخۆیەی مۆسکۆ و واشنتن، یەکەم هەنگاوی لەو شێوەیە بوو لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، لەو کاتەوە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچوون کە جەنگەکە بە ئاشتییانە کۆتایی پێ بێت.
کاتێکیش زستانە سەختەکە دەستیپێکرد و قەیرانی وزە دروستبوو، ئەوروپا کەوتووەتە دۆخێکی خراپەوە، بۆیە ئەمریکا و رۆژئاوا دەستیان بە فشارەکانیان کردووە تاوەکو زێلینسکی رازی بکەن بچێتە نێو دانوستانەوە لەگەڵ رووسیا.
ئەوکاتەیش کە موشەکەکە لە پۆڵەندا کەوتە خوارەوە، جۆ بایدن زۆر بە خێرایی بە پێچەوانەی ئۆکراینەوە قسەی کرد و گوتی، بڕواناکەین ئەوە کاری رووسیا بێت. هەربۆیە لە ئێستادا کە زێلینسکی دەچێتە ئەمریکا، رەنگە ئەو خوێندنەوەیە هەڵبگرێت، کە دوایین هەنگاوە و ئیدی رێککەوتن دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
بەڵام ئەوەی وادەکات بڕوا بەو سیناریۆیە نەکرێت، هاوکارییەکانی ئەمدواییەی ئیدارەی بایدنە بۆ ئۆکراین، لەکاتێکدا بڕیاریانداوە بە بەهای 1.8 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکراین بکەن، لەنێو هاوکارییەکاندا موشەکی پاتریۆت هەیە.
ئەی پوتین چی دەکات لە بیلاروسیا؟
لەلایەکی دیکەوە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا، دوو رۆژە بە سەردانێک لە بیلارووسیایە، کە بە هاوپەیمانێکی گرنگی مۆسکۆ دادەنرێت.
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا بیلارووسیا هێزەکانی خۆی بەدوور گرتووە لە جەنگەکە، بەڵام ئاماژەکان واناڵێن، بەپێچەوانە دوورنییە دۆخەکە گۆڕانی بەسەردا بێت، وەکوچۆن گۆڤارێکی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا دەڵێت، بیلارووسیا نزیکە لە جەنگی ئۆکراینەوە.
ئەو دیمەنانەی لە مانگە دەستکردەکانەوە گەیشتوونەتە دەست ئەمریکا، نیشانی دەدەن جوڵەی سەربازیی لە بیلارووسیا هەیە بە ئاڕاستەی باکووری ئۆکراین، شارەزایان دەڵێن، بیلارووسیا دەبێتە بەرەیەکی تازەی جەنگەکە و رووسیا لەوێوە دەست بە هێرش دەکات.
2023 چی روودەدات؟
کەواتە دوو ئەگەر لە ئارادایە، بەشێک لە چاودێران وا بیردەکەنەوە کە رێککەوتننامەیەکی ئاشتی بەڕێوەیە، رەنگە کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، بەڵام ئەگەری دووەم رەنگە رێک بەتەواوی پێچەوانە بێت، ئەویش کردنەوەی بەرەیەکی تازەی جەنگەکەیە لە ساڵی 2023دا، رەنگە رووسیا لە بیلارووسیای دراوسێ و هاوپەیمانییە دەست بە جوڵە بکات و لە باکووری ئۆکراینەوە هێرش بکات. وەکوچۆن مانگە دەستکردەکان دیمەنی سەربازانی بیلارووسیایان گواستووەتەوە، کە ژمارەیان خۆی دەدات لە 30 هەزار سەرباز.