ئێران داوای کردنەوەی رێرەوی مرۆیی و بازرگانی لاچین دەکات، کە دەکەوێت نێوان هەردوو ناوچەی ناگۆرنۆ و قەرەباخ.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بە دۆخی شاری لاچین کرد، کە تاوەکو ئێستاش ئەرمینیا و ئازەربایجان ناکۆکن لەسەری و ئازەربایجان رێرەوی سەرەکی ناوچەکەی داخستووە.
کەنعانی رایگەیاند، وڵاتەکەی خوازیارە، رێرەوی مرۆیی ناگۆڕنۆی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەرمینیا و قەرەباخی ژێر کۆنتڕۆڵی ئازەربایجان بکرێتەوە و کێشەکانی ناوچەکە لە رێگەی گفتوگۆیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی، جێبەجێکردنی رێککەوتنی سێ قوڵی ئاگربەستی نۆی کانونی یەکەمی ساڵی 2020 دەتوانێت کێشەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان چارەسەر بکات. بەهۆی ئەوەی ئاشتی و ئارامی ناوچەکە پێویستی بە خۆدوورگرتن لە هەموو جۆرە رکابەرێتیەک هەیە.
رێرەوی ناگۆرنۆ – قەرەباغ کە بە رێرەوی لاچینیش ناوی دەهێندرێت، تەنیا رێگەی بازرگانی و هاوکاری مرۆییە لەنێوان ناوچەی ناگوڕنوی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەرمینیا و قەرەباغی ژێر کۆنتڕۆڵی ئازەربایجان. ئەو رێرەوە بەگوێرەی رێککەوتننامەی سێ قوڵی نێوان وڵاتانی ئەرمینیا، ئازەربایجان و روسیا کە لە ساڵی 2022دا واژۆکرا، وەک رێرەوێکی ئازادی ناوچەیی راگەیەندرا.
ماوەی هەفتەیەکە گروپێکی لایەنگری ئازەربایجان بەناوی “لایەنگرانی سروشت” رێڕەوەکەیان داخستووە و هەموو جۆرە جموجووڵی بازرگانی و هاوکاری مرۆیی راگیراوە.
تاوەکو ئێستا، نەتەوەیەکگرتووەکان، چین، ئەمریکا و روسیا کاردانەوەیان لەمەرامبەر ئەو دۆخە پیشانداوە و رایانگەیاند، پێویستە حکومەتی ئازەربایجان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە بدات.
دوای شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ساڵی 1993، لە ساڵی 2020دا، ئازەربایجان پەلاماری ناگۆرنۆیدا، کە ناوەندەکەی لاچین بوو و رایگەیاند، ناوی ناوچەکە قەرەباخە و زێدی ئازەریەکانە. سوپای ئازەربایجان لە ماوەی 44 رۆژدا پێنج شار و چوار ناوچە و 286 گوندی کۆنترۆڵکردەوە، کە گرنگترینیان شار و ناوچە و گوندە کوردییەکانی وەک، لاچین (ناوەندی کوردستانی سور)، کەلبەجار، قوبادلی، شوشە، بەردە و زەنگلان بوون. ئەو ناوچانە زێدی کوردن، کە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، بەگوێرەی ئەو سیستمەی کە ڤلادیمیر لێنین سەرۆکی روسیای سۆڤیەتی، خۆبەڕێوەبەرییەکی کوردی لە ناوچەکە دامەزرێنرا کە ناوەندەکەی لاچین بوو.