بەرێوەبەرایەتی گشتى ئاسایشی سلێمانی، ئامارى “کاروچالاکییەکانى” ئەمساڵى خۆیانى خستەڕوو، زیاتر لە 400 کەس بەتۆمەتى بەکارهێنان و بازرگانى بە مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون، 227 کەسیش بەتۆمەتى تیرۆر دەستگیرکراون.
عەمید پشتیوان بەهادین، بەڕێوەبەرى لێکۆڵینەوەى ئاسایشی سلێمانى، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا ئامارەکەی خستەڕوو، کۆی دەستگیرکراوان بە تۆمەتى مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکان، 408 کەس بوون، 80 بازرگانى مادەهۆشبەرەکانن و 328 کەسیان بەکارهێنەرن.
لەوانە 51 کەسیان بیانین، 357 کەسیان هاوڵاتی ناوخۆن، 32 کەسیان ژن و 376 کەسیان پیاون.
بەگوێرەى ئامارەکە ئاسایشی سلێمانى دەستیگرتووە بەسەر پێنج کلیۆگرام تلیاک، 26 کلیۆگرام حەشیش، 373 کلیۆگرام شیشە، شەش کیلۆگرام هیرۆین و 625 هەزار و 500 دەنک حەبی ترامادۆڵدا.
سەبارەت بە خوێندنگاکان، ئاسایش دەڵێت، هیچ کەسێک لەنێو خوێندنگاکان مادەی هۆشبەری بەکارنەهێناوە، بەڵام لە دەرەوەی خوێندکار هەبووە مادەی هۆشبەری بەکارهێناوە.
ئاسایشی سلێمانی:
هیچ کەسێک لە خوێندگاکاندا، مادەی هۆشبەری بەکارنەهێناوە
عەمید پشتیوان بەهادین گوتى، بە تۆمەتەکانی کوشتن، دزی، ساختەکاری، شوێنەوار، رفاندن و بازرگانیکردن بە مرۆڤ، سیخوڕیکردن و ئاژاوەگێڕی، تەقەکردن و کێشەی کۆمەڵایەتی، 909 کەس لەلایەن هۆبەی تاوان دەستگیرکراون.
هەزار و 378 کەسی بیانی، کە بێ مۆڵەت یاخود بە سنور بەزاندن هاتونەتە سلێمانی دەستگیرکراون.
بەگوێرەى ئامارەکە لەمساڵدا، 1029 ئوتومبێل و ماتۆرسکیل دەستی بەسەردا گیراوە، کە بێ سەرەتان و مۆڵەتیان نییە، 752 چەکی جۆراوجۆر دەستی بەسەردا گیراوە و بە بڕیاری دادوەر هەڵگرانیان روبەڕوی یاسا کراونەتەوە، 24974 فیشەک دەستی بەسەردا گیراوە.
307 سکاڵای هاوڵاتیان وەرگیراوە، کە تاوانی ئەلکترۆنی و سۆشیال میدیایی بەرامبەریان کراوە، 249 کەیسیان روبەڕوی دادگا کراونەتەوە، 58 دۆسیەکەى دیکە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەیە.
بەگوێرەى ئامارەکەى ئاسایش، شەش هەزار و 904 دەرزی، 1482 پاکەت دەرمانی پزیشکی، 20 تۆن دەرمانی مێروو لەگەڵ 67 سەتڵ دەرمانی لەشجوانی دەستیان بەسەردا گیراوە، کە قاچاخ بوون.
عەمید پشتیوان بەهادین دەڵێت، تیمەکانی ئابوری سەر بە ئاسایش 3465 پسوڵەی سەرپێچیان کردووە، 276 دوکان و شوێنیان داخستووە، دەستیان گرتووە بەسەر 317 تۆن و 657 کیلۆگرام مەواد و خۆراکی بەسەرچوو.
بە بڕی 466 ملیۆن و 550 هەزار دینار سزای شوێنەکان دراوە.
3465 پسوڵەی سەرپێچی کراوە، 276 دوکان و شوێن داخراوە
سەبارەت بە کێشەکانی پەیوەست بە زەوی و زار و سپیکردنەوەی پارە لە بازاری دۆلارەکە، عەمید پشتیوان رایگەیاند، بە چاودێری سەرۆکایەتی دادگای سلێمانی و دادوەری ئاسایشی سلێمانی، ئەو دۆسیانەى رێرەوی یاسایی خۆیان وەرگرتوە و چەند کەسێک دەستگیرکراون.
سەبارەت بە پارەی ساختە، ئاسایش دەڵێت تیمی تایبەتمان هەیە و رێژەی دراوی ساختە زۆر کەمە.