راپرسیەکی دیکە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بڵاوکرایەوە، بەگوێرەی ئەنجامەکەى، هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن بە جیاوازی 6.0٪ی رێژەی دەنگەکان، شکست بە هاوپەیمانی کۆمار دەهێنێت.
کۆمپانیای (پیار)ی تایبەت بە ئامار و راپرسیەکان، ئەنجامی راپرسیەکی بڵاوکردەوە، کە لە 26 پارێزگای تورکیا ئەنجامدراوە و دوو هەزار و 618 کەس بەشداریان تێیدا کردووە.
لە راپرسیەکەدا پرسیار لە بەشداربووان کراوە، ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت دەنگ بە کام پارت دەدەیت؟ ئەجامەکەی بەم شێوەیەیە:
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) 29.8٪
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 26.7٪
پارتی باش 10.3٪
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) 9.8٪
پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) 9.1٪
پارتی دوارۆژ 3.8٪
پارتی سەرکەوتن 3.0٪
پارتی دەڤا 2.3٪
پارتی سەربەخۆی تورکیا 2.0٪
ئەوانەی دیکە 3.2٪
لە راپرسیەکەدا دەنگی پارتەکانی شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆن کۆکراوەتەوە و بووەتە 47.5٪، هەروەها دەنگی پارتەکانی نێو هاوپەیمانی کۆمار بووەتە 41.3٪.
بڕیارە 18ى حوزەیرانی ساڵی داهاتووە، هەڵبژاردنەکان لە تورکیا بەڕێوەبچن. هاوپەیمانى کۆمار، کە لە ئاکەپە و مەهەپە پێکدێت، رەجەب تەیب ئەردۆغانى بەشێوەیەکی نافەرمی بۆ خولێکى دیکەى سەرۆکایەتى کاندیدکردووە، بەڵام بەگوێرەی یاسای وڵاتەکە، ئەو ناتوانێت بۆ جاری سێیەم خۆی کاندید بکاتەوە.
چەند رۆژێک پێش ئێستا سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، پێدەچێت ئەردۆغان بەدوای رێگەیەکی یاسایی و گۆڕینی بڕگەیەکی دەستوردا بگەڕێت، کە رێگەى پێبدات خۆی کاندید بکاتەوە.
شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن، کە بە هاوپەیمانی گەل ناسراون، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە کاندیدێک دیاری بکەن و بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا ناکۆکیان هەیە.
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی زیندانیکراوی هەدەپە، تویتێکی لەبارەی مشتومڕەکانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆککۆماری بڵاوکردەوە و نوسیویەتى، “مشتومڕی خراپی نێوان لایەنەکان، هەمووان لە ئامانجەکە دوور دەخاتەوە”.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکان دەتوانێت لەنێوان 9.0٪ بۆ 11.0٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت رایگەیاندووە، کە ژنێک بۆ پۆستی سەرۆککۆماری کاندید دەکەن، چەند رۆژێک پێش ئێستاش ئیسماعیل سایماز، کە رۆژنامەنووسێکی نزیک لە جەهەپەیە رایگەیاند، هەدەپە گوڵتان کشاناک هاوسەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانی ئامەد کاندید دەکات، کە هەشت ساڵە لە زینداندایە.
سایماز ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسێکی باڵای هەدەپە پێی راگەیاندووە، ئەگەر کەمال کڵیچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی تورکیا کاندیدی بکات، هەدەپە چاوپۆشیی لە کاندیدکردنی کشاناک دەکات.