بەرپرسێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بەمنزیکانە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا پاکێجێکی هاوکاری سەربازی بە بڕی یەک ملیار و 800 ملیۆن دۆلار بۆ کیێڤ رادەگەیەنێت، کە بۆ یەکەمجارە سیستمی دژە موشەکی پاتریۆت و بۆمبی زیرەکی ئارستەکراو بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئۆکراین دابین بکات.
بەگوێرەى هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، چەند بەرپرسێکى ئەمەریکا رۆژی سێشەممە، بە مەرجی ئەوەی ناویان ئاشکرا نەکرێت، وردەکاری پاکێجی یارمەتییەکانیان بۆ ئاژانسەکە راگەیاندووە.
ئەم یارمەتییە سەربازییانە ئاماژەن بۆ فراوانبوونی پاڵپستی ئەمریکا بۆ ئۆکراین
ئەم یارمەتییە سەربازییانە ئاماژەن بۆ فراوانبوونی پاڵپستی ئەمریکا بۆ ئۆکراین بۆ بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە لەبەرامبەر هێرشە موشەکییەکانەی روسیا.
ئەو بەرپرسانەى قسەیان بۆ ئاژانسەکە کردووە گوتویانە، پاکێجەکە پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ، چوارشەممە رابگەیەندرێت، بە بەهای نزیکەی یەک ملیار دۆلار چەک لە بودجەى وەزارەتى بەرگرى (پنتاگۆن) و 800 ملیۆن دۆلاری دیکەش لەو بودجەیە، پێشتر وەزارەتەکە بۆ هاوکاری ئاسایشی ئۆکراین تەرخانی کردووە و هاوکارى تەقەمەنی لەخۆدەگرێت.
پاکێجەکە پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ، چوارشەممە رابگەیەندرێت
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکى ئۆکراین و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکە لە ماوەی رابردوودا فشاری زۆریان خستەسەر سەرکردەکانی رۆژئاوا بۆ دابینکردنی چەکی پێشکەوتووتر، لەوانەش سیستمی پاتریۆت، کە بۆ پاراستنی وڵاتەکەیان لە موشەکەکانی روسیا پێویستیان پێیەتی.
راگەیاندنی یارمەتییە سەربازییەکان هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەى زێلێنسکی بۆ واشنتن، کە بەگوێرەى میدیاکانى ئەمریکا بە نیازە ئەمڕۆ سەردانى واشنت بکات، کە یەکەم گەشتی دەبێت لەداواى هێرشەکانى روسیا بۆسەر ئۆکراین لە 24ى شوباتى ئەمساڵەوە.
بڕیاری ناردنی سیستمی پاتریۆت هاوکاتە لەگەڵ زیاتربوونى هەڕەشەکانی وەزارەتی دەرەوەی روسیا و پێی وایە رادەستکردنی سیستمی پێشکەوتووی دژە موشەکی هەنگاوێکی ئیستفزازیە و دابینکەرانی دەبن بە ئامانجی رەوای سوپای روسیا.
ناردنی سیستمی پاتریۆت هاوکاتە لەگەڵ زیاتربوونى هەڕەشەکانی وەزارەتی دەرەوەی روسیا
تاوەکو ئێستا بەتەواوی روون نییە کەی سیستمی پاتریۆت دەگاتە ئۆکراین، بەو پێیەی سەربازانی ئەمریکا دەبێت پێشتر هێزەکانی ئۆکراین رابهێنن لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاکە.
پێشتر بەرپرسێکى ئەمریکا رایگەیاند، پێدەچێت مەشق و راهێنانەکە لە ناوچەی گرافینڤۆر لە ئەڵمانیا بە سەربازانى ئۆکراین بکرێت و چەند هەفتەیەک بخایەنێت.
لە پاکێجەکەدا ژمارەیەک لە کیتی تەقەمەنی هێرشی راستەوخۆی هاوبەش (JDAM) دەخرێنەڕوو. کیتەکان بۆ ئاراستەکردنی بۆمبە گەورەکان بەکاردەهێنرێن بە زیادکردنی کلک و سیستمی ئاراستەکردنی ورد، کە لەبری ئەوەی بە سادەیی لە فڕۆکەیەکی جەنگییەوە بخرێنەخوارەوە، بتوانرێت لەدوای هەڵدانیان، لەلایەن فڕۆکەوانەکانەوە رێنمایی بکرێن بۆ وردتر پێکانی ئامانجەکانیان.
ئەمریکا تاوەکو ئێستا دوودڵ بووە لەوەی فڕۆکەی جەنگی ئەمریکی بۆ ئۆکراین دابین بکات. رووسیا هۆشداری داوە لەوەی دابینکردنی فڕۆکە پێشکەوتووەکان بە هەنگاوێکی ئیستفزازی هەژمار دەکات. ئەمریکاش پێی وایە هاوکارییە سەربازییەکانی دیکە کاریگەرییان زیاتر دەبێت لە فڕۆکەی جەنگی.
داوای بەپەلەی بەرپرسانى ئۆکراین و لەناوبردنی ژێرخانی مەدەنی وڵاتەکە لە لایەن روسیاوە، کە بووەتەهۆی نەمانی کارەبا و وزەی گەرمی، بە هۆکاری سەرەکی دابینکردنی پاتریۆت بۆ ئۆکراین دادەنرێت.
یەک پاتری پاتریۆت بەشێوەیەکی گشتی هەشت هاوێژەر لەخۆدەگرێت، کە هەریەکەیان دەتوانێت چوار موشەک هەڵبگرێت.
تەواوی سیستمەکە لە رادار، وێستگەیەکی کۆنترۆڵکردن، کۆمپیوتەر و مۆلیدە پێکدێت. بەشێوەیەکی گشتی پێویستی بە نزیکەی 90 سەرباز هەیە بۆ دامەزراندن و سیانەکردنی، بەڵام تەنها سێ سەرباز پێویستە بۆ کارپێکردنى سیستمەکە و تەقاندنى موشەکەکان.