زووم، ئاژانسەکان:
حکومەتەکەی بزووتنەوەی تاڵیبان، ئەمڕۆ سێشەممە 20ی کانوونی یەکەمی 2022، خوێندنی زانکۆی لە ژنان قەدەغەکرد.
وەزارەتی خوێندنی باڵای ئەفغانستان، نووسراوی بۆ سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکان ناردووە و ئاگاداریکردوونەتەوە تاوەکو کاتێکی نادیار “ژنان بۆیان نییە لە زانکۆ بخوێنن”.
بەگوێرەی نووسراوەکەی نەدا محەمەد نەدیم وەزیری خوێندنی باڵا “سەرجەم زانکۆکان پێویستە خوێندنی ژنان رابگرن”.
زیائەڵڵا هاشمی گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، نووسراوەکەی تویت کردووە و نوسیویەتی “تێبینییەکی گرنگ”.
مهمه خبرتيا!! pic.twitter.com/9EwiUOkipN
— حافظ ضياءالله هاشمي (Ziaullah) (@HafizZeiya) December 20, 2022
قەدەغەکردنی خوێندنی زانکۆ لە ژنان لەکاتێکدایە، سێ مانگ کەمترە هەزاران ژن لە ئەفغانستان تاقیکردنەوەی وەرگرتنیان لە زانکۆ ئەنجامداوە.
لەوکاتەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە دەسەڵاتیان گرتووەتەوە دەست، چەند جارێک بڕیاری تایبەتیان بۆ زانکۆکان دەرکردووە. لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ سەر دەسەڵات، زانکۆکان ناچاربوون کچان و کوڕان جیابکەنەوە و جگەلەوەش تەنها مامۆستایانی ژن و مامۆستا پیاوە بەتەمەنەکان بۆیان هەبووە وانە بە خوێندکارانی ژن بڵێنەوە.
لە مانگی ئازاری رابردووشدا، حکومەتەکەی تاڵیبان خوێندنی قۆناغی ئامادەیی لە کچان و ژنان قەدەغەکردبوو.