شەش پارتى ئۆپۆزسیۆنى تورکیا نزیکەى ساڵێکە لە گفتوگۆ و دانوستاندان بۆ دیاریکردنى کاندیدى هاوبەش بۆ هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى تورکیا، بەڵام پاش دەیان کۆبوونەوە تائێستا ناکۆکن و نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتن، وێڕاى ئەوەش وەڵام و وەڵامکاریی لەسەر ئەو پرسە لە نێوانیاندا دروستبووە.
بەرپرسێکی باڵای پارتی باش، کە “مەرال ئاکشەنەر” سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاند، پارتەکەی پێی باش نییە، کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە بکرێتە کاندیدی هاوبەشی لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە.
میدیاکانی تورکیا باس لە تێکچوونی پەیوەندی نێوان لایەنەکانی هاوپەیمانی گەل دەکەن
چەند رۆژێکە میدیاکانی تورکیا باس لە تێکچوونی پەیوەندی نێوان لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەکەن کە لەژێر چەتری هاوپەیمانی گەلدا یەکیان گرتووە، شەممەى رابردووش ئەردۆغان بە جۆرێک لە گاڵتەپێکردنەوە گوتى: “شەش لایەنەکەى ئۆپۆزسیۆن جگە لە کۆبوونەوەی بێ کارانە و بڵاوەکردن هیچ کارێکی دیکەیان نییە”.
کەمال کلچدارئۆغلۆ 18ی ئەم مانگە رایگەیاندبوو، پارتی باش دەستوەردان لە کاروباری پارتەکەیدا دەکات و رەخنەى لە مەرال ئاکشەنەر سەرۆکی پارتەکە گرتبوو.
ئەمڕۆ 20ى کانوونى یەکەمى 2022، ئیسماعیل سایماز کە بەرپرسێکی باڵای پارتی باشە، وڵامی قسەکانی کەمال کلچدارئۆغلۆی دایەوە و گوتی، ” ئێمە شەش مانگە باسی پرسی کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن دەکەین و چەند پێشنیازێکمان هەبووە بۆ ئەو کەسایەتیانەی لەنێو جەهەپەدا باسی کاندیدبوونیان دەکرێت، ئەمە دەستوەردان نییە و بۆچوونی پارتەکەمانە”.
سایماز کە بۆ کەناڵی “هالک تی ڤی” قسەی کردووە، ئاماژەی بەوەداوە، ئەوان پێیانوایە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن کەمال کلچدارئۆغلۆ بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا کاندید بکات، ئەگەری سەرنەکەوتنی هەیە: “کاندیدکردنی کلچدارئۆغلۆ ریسکێکی گەورەیە و ناتوانین ئەم ریسکە لەبەرچاو نەگرین”.
کڵچدارئۆغلۆ، ئەگەری سەرنەکەوتنی هەیە بۆ سەرۆکایەتی تورکیا
گوتیشی: “ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ، تاڕادەیەک کاندیدی هاوبەشی لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن بوو، بەڵام لە رێگەی دادگاوە، گورزی کوشندەى لێوەشێندرا، مەرال ئاکشەنەریش لە بەرامبەر ئەم دۆخە پشتگیری لە ئیمامئۆغلۆ کرد و ئەوەش بە واتای ئەوە نایەت کە پێداگیری لەسەر کاندیدکردنی ئیمامئۆغلۆ دەکات”.
بڕیارە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە 18ی حوزەیرانی 2023 بەڕێوەبچێت، هاوپەیمانى دەسەڵات کە لە دوو پارتى سەرەکى “ئاکەپە و مەهەپە” پێکهاتووە پێشتر رایگەیاندووە، ئەردۆغان کاندید دەکەنەوە بۆ پۆستەکە، بەڵام نزیکەی ساڵێکە لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆنى تورکیا، نەیانتوانیوە کاندیدێکی هاوبەشی دیاری بکەن.
پارتى دیموکراتى گەلان “هەدەپە” کە لەسەر هیچ یەکێک لە هاوپەیمانێتییەکانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەژمار ناکرێت، تائێستا هەڵوێستى لەسەر کاندیدى سەرۆککۆمار یەکلانەکردووەتەوە، بەڵام لە 18ی ئەم مانگەدا، ئیسماعیل سایماز کە رۆژنامەنووسێکی نزیک لە جەهەپەیە لە زاری بەرپرسێکی باڵای هەدەپەوە، ئاشکرایکرد، کە هەدەپە بڕیاری داوە ژنێک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی تورکیا کاندید بکات، ئەگەری زۆریشە گوڵتان کشاناک بکرێتە کاندید کە هەشت ساڵە لە زینداندایە.
سایماز ئاماژەی بەوەکردبوو، بەرپرسەکەی هەدەپە پێی گوتووە، ئەگەر کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە ببێتە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن، ئەو کاتە، هەدەپە چاوپۆشیی لە کاندیدکردنی کشاناک دەکات.
لە دوو مانگى رابردوودا چەندین کۆمپانیاى گەورەى بوارى راپرسى و ئامار لە تورکیا، راپرسییان لەبارەى هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە و زۆرینەیان لە زیانى ئەردۆغان لە بەرامبەر کاندیدى ئۆپۆزسیۆن شکاوەتەوە.
https://zoomnews.info/%d8%b1%d8%a7%d9%be%d8%b1%d8%b3%db%8c-%d9%86%d9%88%db%8e-%d8%b1%db%8e%da%98%db%95%db%8c-%d8%af%db%95%d9%86%da%af%db%8c-%d8%a6%d8%a7%da%a9%db%95%d9%be%db%95-30%d9%aa-%da%a9%db%95%d9%85%d8%aa%d8%b1/
دوایین راپرسى کە ئەمڕۆ، 20ى کانوونى یەکەمى 2022، لەلایەن کۆمپانیای سارۆسی تایبەت بە لێکۆڵینەوە و راپرسییەکان بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە ئەگەر کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە کاندیدى سەرۆککۆمار بێت 50.5%ى دەنگەکان بەدەستدەهێنێت و لە بەرامبەردا رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستا و سەرۆکی گشتی ئاکەپە 49.5%ى دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.