ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی کانوونی یەکەم، لە عەمانی پایتەختی ئوردن، دووەم لوتکەی بەغداد بەڕێوەدەچێت. دۆخی عێراق و سوریا و لوبنان، ئاسایشی خۆراک و وزە و دۆسیەی ئەتۆمی ئێران لە گرنگترین تەوەرەکانى لوتکەکەن.
هەرچەندە لوتکەکە لە ئوردن بەڕێوەدەچێت، بەڵام عێراق و فەرەنسا رێکخەرانی لوتکەکەن و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و محەمەد شیاع سودانى، سەرکۆوەزیرانى عێراق بەشدارى تێدا دەکەن.
یەکەم لوتکەی بەغداد بۆ هاریکاری و هاوبەشی، لە 28ی ئابی 2021 لە بەغدادی پایتەختی عێراق بەرێوەچوو، نۆ وڵاتى عەرەبی و بیانی بەشداریان تێیدا کرد، لەگەڵ چەندین رێکخراوی ناوچەیی و جیهانی.
بەشداربووانی لوتکەی دووەمی بەغداد
- لوتکەکە بە بەشداری هەر یەک لە دەوڵەتانى عێراق، ئیمارات، میسر، سعودیە، قەتەر، تورکیا، ئێران، فەرەنسا بەرێوەدەچێت و دوو دەوڵەتی نوێ بوونە ئەندامی نوێ ئەوانیش شانشینی عەمان و بەحرەینن.
- جۆزێب بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتى دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و ئینریکی مۆراى جێگرى لە لوتکەکەدا بەشدارن، ئەرکی هەماهەنگی دانوستانە ئەتۆمییەکانیان لەئەستۆگرتووە.
- ئەحمەد ئەبو غەیت، سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەبی، سکرتێری ئەنجومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو، نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی بەشدار دەبن.
- لە رێوڕەسمى دەستپێکردنى لوتکەکە، وەک میوان باڵیۆزانی وڵاتە عەرەبیەکان و وڵاتە ئەوروپییەکان و گروپی 20 ئامادە دەبن، لەگەڵ ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشى نێودەوڵەتى.
فەرەنسا، فشاری زۆری کردبوو، لوتکەکە پێشتر بەڕێوەبچێت، بەڵام قەیرانی سیاسی و هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق، هۆکاربوو بۆ دواکەوتنى بۆ ئێستا.
لوتکەکە لە دوو قۆناغ پێکدێت، قۆناغی ئاشکرا و کراوە، پاش پشوویەک قۆناغی کۆبوونەوەی داخراو دەسپێدەکات.
ئامانجی لوتکەکە یارمەتیدانی عێراقە، بۆ دابینکردنی ئاسایشی وڵاتەکەی
ئامانجەکانی لوتکەکە
- وەک راگەیەندراوە، ئامانجی لوتکەکە یارمەتیدانی عێراقە، بۆ دابینکردنی ئاسایش و بوژاندنەوەی وڵاتەکەی، بەڵام هەندێک دۆسیەی دیکەی پەیوەست بە ناوچەکە لەسەر مێزی گفتوگۆی لوتکەکەدایە.
- فەرەنسا دەیەوێت هەندێک باس بوروژێنێت، وەک ئاسایشی خۆراک و وزە، گۆڕانکاری کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی.
- دۆسیەی ئاوارە سورییەکان لە وڵاتانی دراوسێ گفتوگۆى لەسەر دەکرێت، هەرچەندە سوریا لە لوتکەکە بەشدار نییە.
- قەیرانی سیاسی لوبنان یەکێکى دیکە دەبێت لە تەوەرەکانى لوتکەکە، هەرچەندە لوبنان لە لوتکەکە بەشدار نییە، بەڵام هەوڵەکانى فەرەنسا بۆ چارەسەرکردنى قەیرانەکە بەردەوامە.
- حسێن ئەمیر عەبدول لەهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لوتکەکە وەک چانسێک دەبینێت بۆ بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران.
تارق فەهمی، شارەزا لە کاروباری نێودەوڵەتی، بە سکای نیوزی راگەیاندووە، لە لوتکەکەدا پەیام بە ئێران دەدرێت بۆ وەستاندنی پێشێلکاری سەروەری عێراق.
فەرەنسیەکان دەیانەوێت ئێران هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان رابگرێت
وەک ئەو دەڵێت، فەرەنسیەکان دەیانەوێت زۆرترین دەنگی عەرەب کۆبکەنەوە بۆ فشارخستنە سەر ئێران تاوەکو هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان رابگرێت.
تارق فەهمی دەڵێت، فەرەنسا بە زیرەکانە جوڵە دەکات لە ناوچەکەدا، دەیەوێت بەرەیەکی فەرەنسی عەرەبی دروست بکات، بەرامبەر بەرەی ئێران، بەمەبەستی کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە.