دوای داخستنی رێرەوی بازرگانی و هاوکاری مرۆیی لەنێوان ناگورنو و قەرەباغدا، پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان نیگەرانی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، داخستنی رێرەوی هاوکاریەکان لە قەرەباغ، کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ڤاتیکان (ڤاتیکان نیوز) لە زاری پاپای ڤاتیکانەوە رایگەیاند، ئێستا کە وەرزی زستان دەستی پێکردووە، داخستنی رێرەوی نێوان ناگۆرنۆ – قەرەباغ، زیانێکی زۆر بە خەڵکی ناوچەکە دەگەیەنێت و داوای کرد، کێشەی قەرەباغ بە ئاشتی چارەسەر بکرێت.
رێرەوی ناگۆرنۆ – قەرەباغ کە بە رێرەوی لاچینیش ناوی دەهێندرێت، تەنیا رێگەی بازرگانی و هاوکاری مرۆییە لەنێوان ناوچەی ناگورنوی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەرمینیا و قەرەباغی ژێر کۆنتڕۆڵی ئازەربایجان. ئەو رێرەوە بەگوێرەی رێککەوتننامەی سێ قوڵی نێوان وڵاتانی ئەرمینیا، ئازەربایجان و روسیا کە لە ساڵی 2022دا واژۆکرا ، وەک رێرەوێکی ئازادی ناوچەیی راگەیەندرا.
ماوەیەک لەمەوبەر، ماڵپەری (ئیۆراسیا)ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئازەربایجانەوە کە ناوی ئاشکرا نەکردووە رایگەیاند، ئازەربایجان ناتوانێت هەتاهەتایە چاوەڕوانی پرۆسەی چەکداماڵینی لایەنگرانی ئەرمینیا لە ناوچەکە بێت.
بەگوێرەی قسەی بەرپرسەکەی ئازەربایجان، هەموو کۆبونەوە و هەوڵە دیپلۆماسیەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی رێرەوی ناگۆرنۆ – قەرەباغ بێئەنجام بوون و بۆیەش بیر لە دانانی سنورێک لەنێوان ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئازەربایجان و ئەرمینیا دەکەنەوە.
ماوەی حەفتەیەکە گروپێکی لایەنگری ئازەربایجان بەناوی ‘ لایەنگرانی سروشت’ رێرەوەکەیان داخستووە و هەموو جۆرە جموجووڵی بازرگانی و هاوکاری مرۆیی راگیراوە. بۆیەش ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، چین، روسیا، یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا کاردانەوەیان لەمەرامبەر ئەو دۆخە پیشانداوە و رایانگەیاند، پێویستە حکومەتی ئازەربایجان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە بدات.
دوێنێ 18ی کانونی یەکەم، کاترین کلارک ئەندامی باڵای کۆنگرێسی ئەمریکا نیگەرانی خۆی لە دۆخی خەڵکی مەدەنی ناگۆرنۆی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەرمینیا پیشاندا و رایگەیاند، داخستنی رێرەوەکە بە واتای پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەستی نۆی کانونی یەکەمی ساڵی 2020 دێت و وتی، ” ئەرمەنەکانی ناوچەکە لە ئێستادا رووبەرووی کەمی پێداویستیە سەرەتاییەکان، خۆراک و دەرمان بوونەتەوە و پێویستە ئازەربایجان کۆتایی بە گەمارۆکان بهێنێت.
دوای پێکدادانەکانی ساڵی 1993 لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دۆخی ناگۆرنۆ قەڕەباغ کە لەلایەن کوردانەوە وەک (کوردستانی سور) دەناسرێت، تاڕادەیەک ئارام بوو، تاوەکو ساڵی 2020.
کوردستانی سور، ناوی لە ناوانا نەمابوو، هەرێمەکە وەک ئارتساخ دەناسرا و لەژێر دەسەڵاتی ئەرمینیادا بوو. لە ناوەڕاستی ساڵی 2020دا ئازەربایجان رایگەیاند، هیچ هەرێمیک بەناوی ئارتساخ ناناسن و ئەو ناوچەیە قەرەباخە و بەشێکە لە خاکی ئازەربایجان.
لە ئەنجامی زیادبوونی لێدوانی توندی بەرپرسانی ئازەربایجان و ئەرمینیا، لە 17ی ئەیلولی هەمان ساڵدا، شەڕ لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەستیپێکرد.
جەنگەکە تەنها چەند مانگێکی خایاند، بەڵام ئەنجامەکەی لە سودی ئازەربایجان و لە زیانی ئەرمینیا کۆتایی هات. بە نێوەندگیری روسیا، سنورەکانی قەرەباخ سەرلەنوێ کێشرانەوە و ئازەربایجان 60٪ ئەو خاکەی، کە لە ساڵی 1994 لەدەستیدابوو بە هاوکاری تورکیا وەریگرتەوە.
سوپای ئازەربایجان لە ماوەی 44 رۆژدا پێنج شار و چوار ناوچە و 286 گوندی کۆنترۆڵکردەوە، کە گرنگترینیان شار و ناوچە و گوندە کوردییەکانی وەک، لاچین (ناوەندی کوردستانی سور)، کەلبەجار، قوبادلی، شوشە، بەردە و زەنگلان بوون. شەڕەکە لەسەر زێدی کورد کرا، ئەمجارەش دەیان کوردی ناوچەکە کوژران. بەم شێوەیە هیچ کوردێک لە کوردستانی سور نەماوە، یان ئەگەر مابێت، بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.