لیژنەی لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێسى ئەمریکا سەبارەت بە “ئاژاوەگێڕیی” و هێرشەکەی ساڵی رابردووی سەر بینای کاپیتۆڵ، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا چوار تۆمەتی “تاوانکاریی” روبەڕوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بکرێتەوە.
ترەمپ راستەوخۆ بڕیارەکەی ئیدانە کرد و رایگەیاند، ئەمە پیلانێکە بۆ دورخستنەوەم لە هەڵبژاردنەکان.
لیژنەکە ئەم چوار تۆمەتەی روبەڕوى ترەمپ کردەوە و پێشنیازی بۆ وەزارەتی داد کرد، دادگایی بکرێت:
▪️هاندان و هاوکاریکردن بۆ یاخیبوون.
▪️رێگریی لە رێوشوێنێکی فەرمی.
▪️پیلانگێڕی بۆ فێڵکردن لە ئەمریکا.
▪️لێدوان و بڵاوکردنەوەى زانیاریی ناڕاست.
لیژنەکە لە نۆ ئەندام پێکهاتووە، حەوت دیموکرات و دوو کۆماری. کۆبوونەوەکەشیان راستەوخۆ گواسترایەوە و بە چەپڵە لێدانی گەرم کۆتاییهات.
لێکۆڵینەوەکان ماوەی 18 مانگیان پێچوو، گوتەی نزیکەی 1000 شایەتحاڵ وەرگیراوە، بەڵگەنامەی “زۆریان” کۆکردووەتەوە، چەندین دانیشتنی ئاشکرایان ئەنجامدا و جێگەی بایەخی میدیاکان بووە.
لیژنەی لێکۆڵینەوە:
ترەمپ تۆمەتبارە بە هاندان و هاوکاریکردنی یاخیبوون
دوای چەند کاتژمێرێک ترەمپ، لە رێگەی بڵاوکراوەیەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تروس سۆشیال” ئیدانەی بڕیارەکەی کرد و گوتى “تۆمەتەکان ساختەن”.
ترەمپ دەڵێت، هەموو ئەم هەوڵانە بۆ دادگایکردنم، هەوڵی چەند گروپ و پارتی سیاسیە بۆ دورخستنەوەی من و پارتی کۆماری لە هەڵبژاردنی داهاتوی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
ئەو دەڵێت، کەسانە نازانن کاتێک دەیانەوێت تۆڵە لە من بکەنەوە، هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکان لە من کۆدەبنەوە، ئەمەش بەهێزم دەکات.
لیز چینی، جێگری سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەکان، کە سەر بە کۆمارییەکانە دەڵێت، ترەمپ لەو کەسانەیە، کە شایستەى وەرگرتنى پۆستی گشتی نییە، ناکرێت “پیاوێک بەم جۆرە هەڵسوکەوت بکات جارێکی دیکە لە نێو گەلەکەماندا هیچ دەسەڵاتێکی هەبێت”.
ترەمپ کەسێکی شایستە نیە بۆ هیچ پۆستێکی گشتی
لیز چینی، جێگری سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەکان
تۆمەتەکانی لیژنەکە، لە دادگا ترەمپ بەرەو زیندان یاخود دورخستنەوەی لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی 2024ی ئەمریکا دەبات. لیژنەکەی کۆنگرێس تەنها دەتوانێت پێشنیار بکات بۆ وەزارەتی داد سەبارەت بە تۆمەتەکان، دواجار بڕیار لای دادگایە.
بینی تۆمسن، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە رایگەیاند، دڵنیام لەوەی وەزارەتی داد تۆمەتەکان ئاراستەی ترەمپ دەکات، هیچ کەسێک لە سەرووی یاسا نییە.
لە دوای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2020ی ئەمریکا و سەرکەوتنی جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان، ترەمپ هەوڵی رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانى دا.
لەو سەروبەندەدا لایەنگرانی ترەمپ هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا. نزیکەی 900 کەس پەیوەست بەو دۆسیەیە دەستگیرکراون، ژمارەیەک لە دەستگیرکراوان لەلایەن دادگا سزادراون.