راپرسییەکی ئیلۆن مەسک، سەبارەت دەستبەرداربوونى لە پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا تویتەر، دەریخست زۆرینەی بەکارهێنەرانی پلاتفۆرمەکەى دەیانەوێت دەستلەکاربکێشێتەوە.
راپرسییەکەى ئیلۆن مەسک، ملیاردێر و خاوەنى کۆمپانیاى تویتەر، ئێوارەى یەکشەممە لەسەر پلاتفۆرمەکە دەستیپێکرد و ئەمڕۆ کۆتاییهات.
Should I step down as head of Twitter? I will abide by the results of this poll.
— Elon Musk (@elonmusk) December 18, 2022
بەگوێرەى ئەنجامەکان، نزیکەی 57.5%ی بەشداربووان بە “بەڵێ” دەنگیانداوە بۆ دەستبەرداربوونى لە پۆستەکەى، لەکاتێکدا 42.5%ی بەشداربووان بە “نەخێر” دەنگیان داوە و دژی بیرۆکەی دەستلەکارکێشانەوەی بوون.
ژمارەى بەشداربووانى راپرسییەکە زیاتر لە 17 ملیۆن و 500 هەزار کەس بووە.
لە دواى راگەیاندنى ئەنجامەکان، هێشتا مەسک هیچ قسەیەکى لەبارەى ئەنجامەکان نەکردووە، بەڵام ئەو دوێنێ رایگەیاند، پابەند دەبێت بە ئەنجامی راپرسییەکە، بەبێ ئەوەى وردەکارییەکانى روون بکاتەوە، کەی دەستلەکاردەکێشێتەوە، ئەگەر ئەنجامەکان لە بەرژەوەندى نەبوون.
مەسک لە نیسانى ئەمساڵ گرێبەستێکی پێشکەش بە تویتەر کرد، بۆ کڕینی تۆڕەکە بە 44 ملیار دۆلار، لە 28ى مانگى رابردوو بە تویتێک، کە گوتی “باڵندەکە ئازاد بوو” خۆی وەک خاوەنی تۆڕەکە بە فەرمی ناساند.
the bird is freed
— Elon Musk (@elonmusk) October 28, 2022
ئەو لەگەڵ دەستبەکاربوونی بە “بیانوى” دابەزینی پشکەکانی تویتەر و زۆری خەرجی، کەمکردنەوەی کارمەندەکانی دەستپێکرد و دەستبەرداری 50%ى کارمەندەکانی تویتەر بوو، کە ژمارەیان نزیکەی 4000 کارمەند دەبێت، هەر بەوەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو هەر کارمەندێک یان بەرپرسی بەشێک رەخنەی لە سیاسەتەکانی مەسک هەبووبێت دووری دەخستەوە.
ئیلۆن، دەستبەرداری 4000 کارمەندی تویتەر بوو
رێکارەکانى مەسک هەرزوو روبەڕوى رەخنە بووەوە، دواینیان هەفتەى رابردوو بوو، کە بەهۆى داخستنى ئەکاونتى شەش رۆژنامەنووسى ئەمریکى ناڕەزایەتییەکانى گەیاندە لوتکە.
مەسک لەبارەى هەنگاوەکەى گوتبووى، یاساکان وەک چۆن بۆ هاوڵاتیان جێبەجێدەکرێن، بۆ رۆژنامەنووسانیش هەروا دەبن.
تویتەر تۆڕێکی کۆمەڵایەتی ئەمریکیە، ساڵی 2016 دامەزراوە و ژمارەی بەکارهێنەرانی 238 ملیۆنە لە سەرتاسەری جیهان.
یەکێک لەوانەى پێشتر لە ستافی تویتەر بووە و بەم دواییە کۆمپانیاکەى بەجێهێشتووە، بە بی بی سی گوتووە، ئەم راپرسییە بێتوانایی مەسک نیشاندەدات، لەکاتێکدا “ئێمە پێشتر ئەوەمان دەزانى”.
ئەو، کە نەیویستووە ناوى ئاشکرا بکرێت، لەو بڕوایەدایە “مەسک فشارى کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانى لەسەرە بۆ دەستلەکارکێشانەوەى” بەڵام ئەم راپرسییە بەکاردەهێنێت بۆئەوەى بڵێت لەسەر داواى خەڵکى دەستلەکاردەکێشێتەوە.
کارمەندێکی پێشووی تویتەر:
ئیلۆن ئەم راپرسیە بەکاردەهێنێت تا بڵێت لەسەر داوای خەڵک دەستلەکاردەکێشمەوە
مانگى رابردوو جەنگى کۆمپانیاى ئەپڵ و ئیلۆن مەسک دەستیپێکرد، مەسک رایگەیاندبوو، کۆمپانیای ئەپڵ زۆرینەی ریکلامەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر راگرتووە و هەڕەشەی سڕینەوەی ئەپڵیکەیشنی تویتەرى لە ئەپڵ ستۆر کردووە.
https://zoomnews.info/%d8%ac%db%95%d9%86%da%af%db%8c-%d8%aa%d9%88%db%8c%d8%aa%db%95%d8%b1-%d9%88-%d8%a6%db%95%d9%be%da%b5-%d8%af%db%95%d8%b3%d8%aa%d9%be%db%8e%d8%af%db%95%da%a9%d8%a7%d8%aa/
ئەپڵ ترسی لە گۆڕانکارییە نوێیەکانی تویتەر هەیە، کە ئیلۆن مەسک ئەنجامی دەدات، هەربۆیە داواى لە کۆمپانیا گەورەکانى تەکنەلۆژیا کردووە بایکۆتى تویتەرى سەردەمى مەسک بکەن.