زووم:
عهلی ئیحسان سو، پارێزگاری ئامەد، ئاشكرایكرد، له ساڵی 2022دا یهك ملیۆن گهشتیار سهردانی شارەکەیان كردووه، کە 10%یان بیانی بوون. ئەمەش بەرزترین رێژەی هاتنی گەشتیارە بۆ ئەو شارە لە چەند ساڵی رابردوودا.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، عهلی ئیحسان سو، گوتیشی، رۆڵی میدیا لە ناساندنی شارەکەدا زۆر گرنگ بووە و بڕیارە ئامەد میوانداری چەندین چالاكی گەورە بکات.
“رۆژنامەنووسان لە ناساندنی شارەکەماندا لەسهر ئاستی نێودەوڵەتی رۆڵی گەورەیان بینیوە، با پێکەوە ههوڵبدهین بۆ ئەوەی شارەکەمان باشتر بناسێنین و ژمارهیهكی زۆرتر له گەشتیار بۆ ئێره رابکێشین” پارێزگاری ئامەد وایگوت.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەنوسییەکەدا، عهلی ئیحسان سو، رایگهیاند: 347 شوێنهواری بیناسازیی لە ناوچەی مێژوویی سوور، نۆژهن دەکەنەوە.
مێژووی شاری ئامەدی باکوری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردین. ناوی ‘ئامەد’ی لە ئیمپراتۆری ماد وەرگیراوە و بە واتای ‘موڵکی ماد’ دێت. ناوی ‘دیاربەکر’ بۆ سەردەمی هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە کە هۆزی ‘بەنی بەکر وائل’ تێیدا نیشتەجێ بوون.
بەهۆی ئەوەی هەمیشە پایتەختی ئیمپراتۆرییەتەکان بووە، چەندین شوێنەواری دێرین دەکەونە ئامەدەوە، کە مێژووەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ 15 هەزار ساڵ لەمەوبەر.
گرنگترین شوێنەوارەکانی شارەکە بریتین لە شورای ئامەد، پردی 10 چاوگی، مزگەوتی باڵا، منارەی چوار پایە، خانی حەسەن پاشا، کاروانسەرا و چەندین ئاسەواری دیکەی مێژوویی وەک مزگەوت، کلێسە و حەمام. هەروەها لە ناوچەکانی سەر بە ئامەدیش چەندین شوێنەواری مێژوویی و گۆڕی پەیامبەر و کەسایەتییە گەورەکانی مێژوو هەن.
بەگوێرەی دوایین سەرژمێری، ژمارەی دانیشتوانی ئامەد، لە دوو ملیۆن کەس نزیک دەبێتەوە. خەڵکی ئامەد زیاتر بە کاروکاسبی و جوتیارییەوە سەرقاڵن و شوتی و گەنمی ئامەد یەکێک لەو بەرهە کشتوکاڵییانەن، کە شارەکەی پێدەناسرێتەوە.